دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ وردبینکردنی ڕاپۆرتەکانی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار بە هەردوو کۆمپانیای ئێرنست ئەند یانگ و کۆمپانیای دیلۆت دەدرێت، بەڵام تائێستا ڕاپۆرتەکانیان بڵاونەکردۆتەوە.
لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێم دوو گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای ئێرنست ئەند یانگ و کۆمپانیای دیلۆت بۆ چاودێری و وردبینی فرۆشتنی نەوتی هەرێم واژۆکرد، بەڵام دوای هەردوو گرێبەستەکە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم زیاتر لە حەوت مانگە ڕاپۆرتی فرۆشتنی نەوت و شێوازەکانی خەرجی و داهاتەکەی بڵاونەکردۆتەوە.
رێواز فایەق، ئەندامی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لەبارەی بڵاونەکردنەوەی ڕاپۆرتی فرۆشتنی نەوت و خەرجی و داهاتەکەی، پەیوەندیمان بە بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە کردووە و پێیان ڕاگەیاندووین، مانگانە ڕاپۆرتەکانی فرۆشتنی نەوت بۆ ئەنجومەنی نەوت و گازی هەرێم دەنێرن.
وتیشی دوای گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای دیلۆت و ئێرست ئەند یانگ، دەبوو مانگانە ڕاپۆرتەکانی فرۆشتن و خەرجی و داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە، بەڵام ماوەی حەوت مانگە هیچ ڕاپۆرتێک لەلایەن کۆمپانیاکان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بڵاونەکراوەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ حەقدەستی هەردوو کۆمپانیا لە بواری وردبینیکردنی نەوتی هەرێم، حکومەتی هەرێم بڕی سێ بۆ پێنج ملیۆن دۆلاری بە هەردوو کۆمپانیاکە داوە.
دەشڵێت بڕیاربوو هەردوو کۆمپانیا ڕاپۆرتەکانی مانگانەی وردبینیکردنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بڵاوبکەنەوە، بەڵام تائێستا لەلایەن حکومەت و هەردوو کۆمپانیاکە هۆکاری بڵاونەکردنەوەکەی ئاشکرانەکراوە.
08-07-2017