ئامادەکردنی: کەناڵی ڕووداو
بابەت: گێرانەوە
یەکەم وێستگەی گەشتەکەمان کە بەدواداچوونێکە بۆ جەللادەکەی نوگرە سەلمان، لە شاری بەسرەوە دەستپێدەکات. لەوێ بە ڕێکەوت زانیاریمان لە چەند کەسێک وەرگرت کە #عەجاج تکریتی#ی جەللادە دڵڕەقەکەی نوگرە سەلمان، دوو وێنەی لای کەسێک هەیە.
ساڵی 1988، لە هەڵمەتێکی سەربازیی گەورە و پلان بۆ داڕێژراوی ڕژێمی بەعسدا، بە هەشت قۆناغ پرۆسەی ئەنفالی کورد دەستیپێکرد. بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی لەو پرۆسەی پاکتاوە ڕزگاریان بووە، سەرجەم ئەوانەی کە لە ئەنفالدا دەستگیرکران، لە قۆناغی دواتردا لە یەکدی جیاکراونەتەوە، گەنجەکان لەلایەک و ئافرەت و منداڵ و پیر و بەتەمەنەکانیش لەلایەکی دیکە. گەنجەکان بە پاس بەرەو چاڵەکانی مەرگ ڕەوانە کراون، ئەوانی دیکەش بەرەو زیندانی ترسناکی نوگرە سەلمان لە هەرە باشووری عێراق لەسەر سنووری عێراق و سعودیە گواستراونەتەوە.
ئەو هەزاران ئەنفالدیدەیەی لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون، ڕۆژانە لەلایەن جەللادێکەوە ئەشکەنجە دەدران کە دۆزەخی زیندانی نوگرە سەلمانی تاڵتر و بەسوێتر کردبوو. ئەو جەللادە ناوی عەجاج تکریتی بوو کە لەسەر زمانی ئەنفالدیدەکانەوە بە حەجاج ناوی دەبرێ و سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرە سەلمان بووە، وێنەی ئەو جەللادە تەنیا لە نێو یادەوەریی ئەنفالدیدەکاندا هەیە، بەڵام ئێمە لەو بەدواداچوونەماندا دەمانەوێ تاکە فۆتۆی ئەو جەللادە بدۆزینەوە کە بە سەدان کەس بەرگەی کێبڵەکانی ئەویان نەگرت و هەر لە نوگرە سەلمان گیانیان سپارد.
لەکاتی ئەو بەدواداچوونەماندا، لە بەسرە بە ڕێکەوت زانیاری ئەوەمان لە چەند کەسێک وەرگرت کە عەجاج تکریتی دوو وێنەی لای کەسێک هەیە. بەپێی قسەی سەرچاوەکەمان، ئەو کەسە خزمی یەکێک لەوانەیە کە لەگەڵ عەجاج لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو پێکەوە لە یەکێک لە سەربازگەکانی ڕژێمی بەعسدا سەرقاڵی ڕاهێنانی سەربازین.
لە یەکێک لە کافێکانی شاری بەسرە ئەبو عەدنان دەبینم، ئەو کەسەی فۆتۆکانی لایە. لەبارەی چۆنێتی دەسکەوتنی فۆتۆکانەوە گوتی لە ڕێگەی ناسیاوێکمەوە لە بەغدا کە کاتی خۆی لەگەڵ عەجاج ڕاهێنانی سەربازییان کردووە، فۆتۆکانم دەستکەوت.
لەسەر مێزی کافێکە لە شاری بەسرە لە فۆتۆکان ورد دەبمەوە، دوو وێنەی ڕەشوسپین کە پێدەچێ لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا گیرابن.
لە وێنەی یەکەمدا ئەو کەسەی پێمان گوتراوە کە ئەوە عەجاجە، کەسێکی کەڵەگەتی سمێڵ فشە کە دەموچاوێکی پانی هەیە و مارێک بە زیندوویی دەخوات، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا کە دەمیان سوورە بە خوێنی مار، وا دەردەکەون سەرقاڵی ڕاهێنانی سەربازین. لە وێنەی دووەمیشدا کەروێشکێک بە زیندوویی کەوڵ دەکات. لە چاوانی عەجاجدا دڕندەیی و دڵڕەقی دەبینرێ.
بەڵام هێشتا ناتوانم بیسەلمێنم ئەم وێنەیە خودی عەجاج تکریتیە، دەگەڕێمەوە شاری سلێمانی و دەچمە لای عومەر محەممەد کە ساڵانێکی درێژە سەرقاڵی توێژینەوە و دۆکیۆمێنتکردنی ڕووداوەکانی ئەنفالە. وێنەیەکی خەمڵێنراوی عەجاجی لە خەیاڵدایە، شێوە و سیمای لە وەسفی ئەو ئەنفالدیدانەوە وەرگرتووە کە عەجاجیان بینیوە.
عومەر محەممەد کە وێنەکانی بینی، گوتی ناتوانم بڵێم ئەمە سەد لە سەد عەجاج تکریتیە، بەڵام بەپێی ئەو وەسفانەی کە شایەتحاڵەکانی ئەنفال بۆیان باسکردووم، هەر کە وێنەکەم بینی وام هەست نەکرد کەسێکی غەریب دەبینم.
بەڵام هێشتا پێویستم بە گەڕانی زیاترە. دەبێ بچمە شارۆچکەی سەلمان، دروستتر بۆ نێو زیندانەکەی نوگرە سەلمان. هەم بۆ ساخکردنەوەی شوناسی وێنەکە و هەم بۆ بینین و ئەزموونکردنی ئەو ئازارانەی کە ئەنفالدیدەکان لەوێ چەشتوویانە. شارۆچکەی سەلمان نزیکەی سێ کاژێر لە سەماوەوە دوورە، لەوێ پێیانگوتین بەبێ مەفرەزەی پۆلیس ناتوانین ئەو ڕێگایە ببڕین، چونکە نوگرە سەلمان شوێنێکی چەپەک و دوورە دەستە.
بە بیابانێکی وشک و کاکی بە کاکیدا تێپەڕین، بە درێژایی سێ کاژێر هیچ ئاوەدانییەکمان نەبینی. کاتێک لە قەزای سەلمان تێدەپەڕی، بە بەرزاییەکەوە پاشماوەی زیندانی نوگرە سەلمان دەبینی. دەگەینە نێو زیندانەکە. بە دروستی 29 ساڵ لەمەوبەر نێو حەوشە و هۆڵ و ڕاڕەوەکانی زیندانەکە جمەی دەهات لەو کوردانەی لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا دەستگیرکرابوون. ئێستاش هەست بەو ئازار و ناڵە و حەسرەتانە دەکەی کە بە دیوار و عەردی بەندیخانەکەوە وا هەست دەکەی بەجێماون. ئەوەشی ئەم زیندانەی ترسناکتر و بەسوێتر کردبوو ڕەفتارە دڵڕەق و توندەکانی عەجاج و دارودەستەکەی بوو.
لەنێو یەکێک لە هۆڵی زیندانەکەدا ئێستاش شوێنەواری ئەو نووسینانە ماوە کە بە کوردی لەسەریان هەڵکۆڵدراوە، عەزاب شمەری دەبینین کە دانیشتووی شارۆچکەی سەلمانە و دەڵێ خۆی عەجاجی لە نزیکەوە بینیوە، ئەو دەمەی عەجاجی بینیوە تەمەنی 10 ساڵان بووە، بەهۆی دەستگێڕی و شت فرۆشتنەوە زیاتر لە جارێک عەجاجی بینیوە. عەزاب گوتی منداڵ بووین لە حیللەوە خواردنەوەی گازیمان دەهێنا بۆ ئێرە. عەجاج و زیندانییەکانیشم زیاتر لە چەند جارێک بینیوە، زیندانییەکان کورد بوون.
کاتێک وێنەکەمان پیشانی عەزاب دا، یەکسەر پەنجەی خستە سەر ئەو کەسەی کە لە وێنەکەدا پێمانگوترابوو عەجاج تکریتییە. عەزاب گوتی ئەو سمێڵ فشە خۆیەتی عەجاجە، لاندکرۆزەرێکی سپی و سوپەرێکی مۆدیل 85ی سووری هەبوو.
بەڵام ساخکردنەوەی وێنەکە ئەستەمە ئەگەر قسەی ئەو کەسانە وەرنەگرین کە لە زیندانی نوگرە سەلمان بوون. ئەو گەرمیانیانەی لە نوگرە سەلمان بوون، زۆربەیان ئەو کەسە بە تەمەنانە بوون کە لە تۆپزاوا لە گەنجەکان جیاکرابوونەوە، بەڵام ئێستا ئەوانەی لە ژیاندا ماون یادەوەرییان کۆمەکی ئەوە ناکات عەجاج تکریتی بناسنەوە.
رەنگە باشترین کەس وێنەکانی ئەو جەللادە بناسنەوە، ئەو هەڵەبجەییانە بن کە لە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە، ئاوارەی ئێران بوون و دواتر بەهۆی لێخۆشبوونێکی گشتیی ڕژێمی بەعسەوە گەڕانەوە و دواتر بۆ ماوەی چوار مانگ و 10 ڕۆژ لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون.
دەچمە هەڵەبجەی شەهید و لەوێ پێنج لەو شایەتحاڵانە دەبینم: سەلمان، عومەر، محەممەد، عەلی و سدیق. ئەوان کە لە نوگرە سەلمان بوون، لە هەڕەتی لاوێتیدا بوون، هەر پێنجیشیان لە نزیکەوە عەجاجیان بینیوە.
هەموویان پێش ئەوەی وێنەکە ببینن وەسفێکی دروستی ڕوخسار و سیمای عەجاج و ڕەفتارە بێبەزەییەکانی ئەویان بۆ کردین، وەسفەکان زۆر نزیک بوون لە کەسێتیی نێو وێنەکان. کاتێکیش یەک یەک وێنەکانیان بینی، بەبێ ئەوەی ئاگاداری یەکدی بن، هەمان کەسی سمێڵ فش و دەموچاو پانیان دیاری کرد کە عەجاج تکریتییە. ئەوان دڵنیا بوون لەوەی کە ئەو کەسەی ناو وێنەکە عەجاج تکریتیە، هەمان ئەو جەللادە دڵڕەقەی کە ئەشکەنجەی ئەنفالدیدەکانی داوە لە زیندانی نوگرە سەلمان.