گوتەبێژی قایمقامییەتی #خورماتوو#ش ڕای دەگەیەنێت، لە سەرەتای ساڵی نوێوە حەشدی شەعبی لە خورماتوو 80 هاووڵاتییان لە سەرجەم پێکهاتەکان ڕفاندووە.
محەمەد فایەق، گوتەبێژی قایمقامییەتی قەزای خورماتوو، بۆ (باس) ڕای گەیاند: چەکدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو، بەتایبەت لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا دەستیان کردووە بە ڕفاندن و هەڵمەتی ڕەشبگیریی هاووڵاتییان و لە سەرەتای ساڵی نوێوە تا ئێستا 80 هاووڵاتییان لە سەرجەم پێکهاتەکانی قەزاکە ڕفاندووە و بەشێک لە ڕفێنەران هێشتا چارەنووسیان نادیارە و بەشێکی تریشیان لەبەرامبەر بڕە پارەیەک ئازاد کراون.
گوتیشی: لەنێو ڕفێنەرەکانیش پێشمەرگەیەک هەیە بە ناوی حوسێن ساڵح ئیسماعیل. حەشدی تورکمانی لە گەڕەکی تینی قەزای خورماتوو چەند کەسێکی گەنج و بەتەمەنیشیان دەستگیر کرد، دواتر قایمقامی خورماتوو هاتە سەر هێڵ و هۆشداریی دایە بەرپرسانی حەشدی تورکمانی لە بردنی هاووڵاتییان و ئەوانیش لەبەرامبەردا چەند گیراوێکیان ئازاد کرد.
فایەق، ڕاشی گەیاند: بەهۆی کردەوەکانی حەشدی شەعبییەوە ڕۆژی هەینی 14-07-2017، زیاتر لە 20 ماڵی عەرەبی سوننە لە گەڕەکەکانی تین و سەربازی قەزای خورماتوو ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشت و ڕوویان کردە گەڕەکە کوردنشین و پارێزراوەکانی قەزاکە، لەبەر ئەوەی گرووپە چەکدارەکان بە ئاشکرا هەڕەشەیان لێ کردوون.
کەمال قادر، برای یەکێک لە ڕفێنراوەکانە و بۆ (باس) ڕای گەیاند: ڕۆژی هەینی 14-07-2017، چەکدارانی حەشدی شەعبی لە گەڕەکی تینی قەزای خورماتوو هەڵیانکوتایە سەر گەڕەکەکەمان و هاتنە ماڵەکەمان و برایەکیان ڕفاندم و یەکێک لە چەکدارەکان پاڵێکی بە منەوە نا، لە کاردانەوەی ئەوەی نەهێڵم براکەم ببەن، ئه و چەکدارانە زۆر بێ باکانە ئه و برایەم و چەند کەسێکی دیکەشیان لە گەڕەکەکەمان ڕفاند.
ئه و هاووڵاتییە گوتیشی: حەشدی شەعبی بە ئارەزووی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ڕفێنەران دەکەن، یان لەبەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆر ئازادیان دەکەن، یاخود دەیانکوژن، ئه و کەسانەی کە دەیانڕفێنن هاوشێوەی براکەی من هیچ تاوانێکیان نەکردووە، بۆیە داواکارین حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەربکرێن.
قەزای خورماتوو، یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لە کورد و عەرەب و تورکمانی شیعە و سوننە پێکدێت و پێشتر سەر بە پارێزگای کەرکووک بووە و بە هۆی سیاسەتی تەعریبەوە بە مەرسوومێکی کۆماری لە ساڵی 1976 له و پارێزگایە دابڕێنراوە و خراوەتە سەر پارێزگای سەڵاحەدین و لەدوای ساڵی 2003ەوە زۆرترین کردەوەی تیرۆریستیی تێدا ئەنجام دراوە، پاشان چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هاتنە سنووری دەوروبەری خورماتوو، بەڵام پێشمەرگە بەرگریی لە خاکی خورماتوو کرد و ڕێگەی بە داعش نەدا بێتە ناو قەزاکەوە.
دواتر چەکدارانی حەشدی شەعبی بە بیانووی شەڕکردن دژی داعش هاتنە ناو قەزاکەوە، بەڵام حەشدی شەعبی دوو شەڕی گەورەیان لەگەڵ خەڵکی خورماتوو ئەنجام دا، کە دەیان کەس شەهید بوون و دەیانی تریش بەهۆی ئه و شەڕانەوە بریندار بوون و جگە لەوەش زەرەر و زیانی زۆری ماددی لێ کەوتەوە، تا ئێستاش حکوومەتی ناوەندی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی نەکردووەتەوە.
پێوەند بەم باسە، شێخ سائیر بەیاتی، نوێنەری سەرۆک هۆزە عەرەبەکانی خورماتوو، بۆ (باس) ڕای گەیاند: چەکدارانی حەشدی شەعبی ماوەی نزیکەی سێ ساڵە لە خورماتوو و دەوروبەری بە ئاشکرا خەڵک دەکوژن و دەڕفێنن و دزی دەکەن، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە بەرنامەی ڕفاندنی خەڵکی غەیرە شیعەیان داڕشتووە، بەتایبەت لەم سێ مانگەی دواییدا هەڵمەتەکانیان زیاتر کردووە، چونکە هیچ لایەنێک لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناکات، بە بیانووی هەڵمەتی دەستگیرکردنی تاوانباران خەڵکی بێ تاوان دەگرن و دواتر لەبەرامبەر پارەیەکی زۆر ئازادیان دەکەن و ئەوەشی کە پارەی نەبوو لە زیندانە نهێنییەکانیان لە ئامرلی دەیهێڵنەوە و بەشێکیشیان دەکوژن.
نوێنەری سەرۆک هۆزە عەرەبەکانی خورماتوو، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: تا ئێستا لەبەرامبەر ئازادکردنی ڕفێنەران لە لایەن حەشدی شەعبییەوە زیاتر لە سێ ملیار دینار دراوە بە میلیشیا شیعەکان، ئەوان هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ داعش و تیرۆریستاندا، بۆیە دووپاتی دەکەینەوە هەرچی زووە حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەربکرێت و پێشمەرگە سنوورەکەمان بپارێزێت“.
20-07-2017