بەڕێوەبەری گومرگی #سلێمانی#، ئاماژە بەوە دەدات کە کۆنتێنەرێک دەرمان لە مەرزی باشماخەوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و لە ناڵپارێز لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی گومرگەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
هاوژین سالار، بەڕێوبەری گومرگی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-07-2017 لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: کۆنتەرێک دەرمان لە مەرزی باشماخەوە هاتوە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ناڵپارێز دەستی بەسەرداگیراوە.
بەڕێوبەری گومرگی سلێمانی، لەو کۆنگرەیە ئەوەشی خستەڕوو: ئەمە کارێکی نایاساییە، چونکە دەبێ دەرمان لە ڕێگەی هۆیەکانی ساردکەرەوە بێتە کوردستان، بەڵام ئەو دەرمانە بە کۆنتێنەر هاتووە، دوای پەیوەندی کردنمان بەوەزیری تەندروستییەوە ئەوانیش پشتگیرییان کردووین، دواتریش وەزارەت دەتوانێت یەکلای بکەنەوە کە کێشەی دەرمانەکان چی بووە.
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری (باسنیوز) کە چۆن ڕێگەی دراوە لە مەرزی باشماخەوە بێتە ژوورەوە، بەڕێوبەری گومرگی سلێمانی، گوتی: لێکۆڵینەوەی یاسایی لەو کەسە دەکەین کەلە باشماخەوە ڕێگای پێداوە و ئەو دەرمانەی هێناوەتە ناو هەرێمی کوردستان.
20-07-2017