ڕۆژنیوز – هاوکار مستەفا
کەمی پزیشکی پسپۆڕ و نەبوونی دەرمانی پێویست و هاوکات زۆری نەخۆش و قەرەباڵغی نەخۆشخانەکان لە شارۆچکەی #سەیدسادق#، نیگەرانی لای هاوڵاتیان دروستکردووەو دەخوازن ئاوڕێکی جدی لێ بدرێتەوە، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانیش دەڵێت:20 ساڵە سەیدسادق گرفتی تەندروستی هەیە و بەئاسانی بۆمان چارەسەر ناکرێت.
هاوڵاتیانی شارۆچکەی سەیدسادق-ی سەربە پارێزگای سلێمانی، ڕایدەگەیەنن کە بەهۆی زۆری نەخۆش و کەمی پزیشکی پسپۆڕو دەرمانەوە لە نەخۆشخانەکانی سنورەکە ناتوانن وەک پێویست سود لە کەرتی تەندروستی حکومی وەربگرن، ناچارن بە پارەیەکی زیاتر بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕوو لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بکەن.
کەیوان محەمەد، یەکێک لەو نەخۆشانەی کە ڕووی لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید شەوکەتی حاجی مشیر کردبوو، بە ڕۆژنیوزی وت: لەگەڵ ئەوەی سنوری شارۆچکەی سەیدسادق ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و ژمارەی دانیشتوانەکەشی زیاتر دەبێت، بەڵام بەداخەوە لەڕووی خزمەتگوزارییەکان بەتایبەت کەرتی تەندوستییەوە زۆر پشتگوێخراوە، بە جۆرێک لە هەفتەیەکدا تەنها یەک ڕۆژ پزیشکە پسپۆڕەکان دادەنیشن و ئەو ڕۆژەش ئەوەندە قەرەباڵغ دەبێت نەخۆش وەک پێویست ناتوانێت سود وەربگرێت.
وتیشی: لە زۆربەی بەشەکانی ناو نەخۆشخانەی گشتی شەهید شەوکەت خزمەتگوزارییەکان بۆ نەخۆشەکان دابیننەکراون، کاتێکیش دوای چاوەڕوانییەکی زۆر نەخۆشێک دەچێتە لای پزیشک بە ماوەیەکی زۆر کەم بە تەنها پرسیارێک یان دوان ڕاستەوخۆ چارەسەر بۆ نەخۆشکە دەنووسێت، و دەرفەتێکی ئەوتۆ نادرێت بەنەخۆش تا کێشەو گرفتەکانی بە تەواوی باس بکات، لەکاتێکدا هەمان ئەو پزیشکە لە نۆرینگەکەی خۆی بەجۆرێکی باشتر تر مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەکان دەکات.
گەشدار جەبار، دەرچووی کۆلێژی پەرستاری زانکۆی سلێمانی کە لە ئێستادا لە قۆناغی جێبەجێکردن (تەتبیقات)ە لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید شەوکەت، بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی: نزیکەی مانگێک دەبێت لەم نەخۆشخانەیە دەوام دەکەم وەک خوێندکارێک، ئەوەی بەدیم کردووە کەموکورتییەکی زۆرهەیە لە کەرتی تەندروستی سەیدسادق، بە تایبەت ئەم نەخۆشخانە گشتییە، کە ڕۆژانە بەسەدان نەخۆش سەردانی دەکەن، بەتایبەت لەڕووی کەمی دەرمان و دەوامنەکردنی پزیشکە پسپۆڕەکان، ڕۆژ هەیە لە ڕۆژێکدا پزیشکێکی پسپۆڕی ژنان نزیکەی 70 نەخۆش دەبینێت، ئەوەش لەماوەی نزیکەی چوار کاتژمێردا، کە ئەوەش ژمارەیەکی خەیاڵییەوە نابێت بەو شێوەیە بێت.
وتیشی: چارەسەرکردنی ئەم کێشانەو دەیان کێشەی دیکەی هاوشێوە، تەنها بەوەدەبێت کە دامەزراندنی پزیشکی پسپۆڕ لە هەموو بوارەکاندا و هەروەها زیادکردنی بەشە دەرمانی نەخۆشخانەکان لە جۆرە جیاوازەکانی دەرمان زیادبکرێت، ئاوڕێکی جدی لەکەرتی تەندروستی ئەم شارۆچکەیە بدرێتەوە کە لەدۆخێکی خراپدایە.
لای خۆیەوە حەیدەر حەسەن، بەڕێوەبەری کارگێڕی لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید شەوکەتی حاجی مشیر، ئەوەی بۆ ڕۆژنیوز خستەڕوو، ڕاستە لە ناو کەرتی تەندروستی شارۆچکەی سەیدسادق کەموکورتی بونی هەیە و هاوڵاتیان حەقی خۆیانە گلەییان لەم دۆخە هەبێت، ئێمەش پشتگیری تەواو لە گلەیی و داواکارییەکانیان دەکەین، بەڵام ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بووە لە ئێستاو ڕابردووشدا ئەو گلەیی و کێشانەمان ئاراستەی سەرووی خۆمان کردووە.
لەسەر دۆخی تەندرووستی ناوچەکە، د. میران محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، بۆ ڕۆژنیوز قسەیکردو وتی:لەم دۆخە داراییەدا وەزارەتی تەندروستی بەهیچ شێوەیەک لە پلانیدا نیە پزیشک و کارمەندی تەندروستی بۆ هیچ نەخۆشخانە و مەڵبەندێکی تەندروستی دابمەزرنێت، چ بە شێوەیی هەمیشەیی بێت یان گرێبەست، بۆیە ناتوانین بەڵێن بە خەڵکی سەیدسادق یان هەر شوێنێکی تر بدەین بەوەی کە پزیشکیان بۆ دەنێرێن و گرفتەکەیان چارەسەر دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بە زۆر هیچ پزیشکێکی پسپۆڕ بنێرینە سەیدسادق لەوێ بە موچەی 500 هەزار دینار بمێنێتەوە، ئەگەر بشمێنێتەوە بە نابەدڵی کارەکەی دەکات.
وتیشی: زیاد لە 20 ساڵە سەیدسادق گرفتی کەرتی تەندروستی هەیە و ناتوانین بە خێراپی چارەسەر هەموو گرفتەکان بکەین، بۆیە ئەوەی لەم قۆناغەدا پێمانکراوە بڕیارمانداوە بە کردنەوەی بەشی پێشوازی نەخۆش، ئەگەر لەوەدا سەرکەوتوبوین ئەوە کارێکی باشمان کردووە، ئەگەریش سەرکەوتونەبووین ئەوا چۆن بووە هەروا دەمێنێتەوە لە دەستەڵاتی ئێمەدا نییە.
شارۆچکەی سەیدسادق لەڕووی ئیدارییەوە سەر بەپارێزگای سلێمانییەو شارەدێی بەرزنجە و زیاتر لە 35 گوند لەخۆدەگرێت و ژمارەی دانیشتوانەکەشی نزیکەی 100 هەزارکەس دەبێت.
23-07-2017