ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد
بەرپرسی ڕێکخراوی ژنانی یەکگرتوو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ساڵ بە ساڵ کێشە و گرفتەکانی ژنان و کوشتنی ژنان زیاد دەکات، سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵایەتییش لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسا بە هۆکار دەزانێت و دەڵێت جێگەی خۆی نەگرتووە.
لەم ساڵانەی دوایدا ڕێژەی حاڵەتەکانی توندوتیژی ڕووی لە زیادبوون کردووە، بەتایبەت لەسەر ژنان و منداڵان، لەگەڵ ئەوەی تاوانبارانی بەشێک لە کەیسەکانی ژنان دیارن، بەڵام سزا نادرێن و بە ئازادان، سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵایەتیش لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی سەروەر نەبووی یاسا لە کەیسەکانی ژناندا دەخاتەڕوو.
بەهەشت کەیوانی، بەرپرسی لقی سلێمانی پەیوەندی ئیسلامی خوشکان، بە ڕۆژنیوزی وت:ساڵ بە ساڵ لەچاو ساڵانی ڕابردوودا کێشە و گرفتەکانی ژنان و کوشتنی ژنان زیاد دەکات، وە هۆکار زۆرە بۆ ئەوە، لەم کاتەدا بۆ ناجێگیری کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، وە بەخراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و سەیرکردنی دراما تورکییەکان وایکردووە کە کێشەی کۆمەڵایەتی و خیانەت هەبێت و ڕێژەی کوشتنیش زۆر بێت.
بەرپرسی لقی سلێمانی پەیوەندی ئیسلامی خوشکان، وتیشی:هەر کاتێک کێشەیەک لەسەر ژنان هەبووبێت، ڕێکخراوەکانی ژنان بە بەیاننامە یاخود بە گردبوونەوە ئیدانەیان کردووە، بەڵام تا ئێستا وەک پێویست گوێ لە ڕێکخراوەکانی ژنان نەگیراوە.
هەرەوەها، گەشە دارا، سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە ڕۆژنیوزی وت:توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان هەر هەبووە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە توندوتیژی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کلتورە، وەکو پێویست کارنەکراوە و وەک ستراتیژێک سەیر نەکراوە بۆ نەهێشتنی، ئەگەر چی یاسامان هەیە کە پێنج ساڵە دەرکراوە، بەڵام هەر لە سەرەتادا جێبەجێ نەدەکرا.
گەشە دارا، وتیشی:دەبێت کە یاسا بە یەکسانی بەرامبەر بە هەمووان دەربکرێت، چونکە ناکرێت کە پیاوێک ژنێکی کوشت و پایەیەکی کۆمەڵایەتی هەبوو نەیبەیتە بەردەم یاسا لەبەر پێگەکەی، یاخود زۆرجار بکوژانی ژن براونەتە زیندان و جارێکیتر بە لێبوردنێکی تایبەت دەرهێنراون، یاسا جێگەی خۆی نەگرتووە، لەبەرئەوەی کە سزا وەکو خۆی نەڕۆشتووە نەبووەتە عیبرەت و پەند کە تاوانەکە بەرامبەر بە ژنان دووبارە نەکەنەوە.
زیاتر دواو، وتی:ئامارەکان ئەوە دەڵێن، کە کوشتنی ژنان لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر بووە، کێشەکانی ژن نەبووەتە ستراتیژێک لای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ساڵانە بەرنامەی هەبووە، بەڵام کاری بۆ نەکردووە، بەداخەوە قەزییەی ژن نەبووەتە قەزییەی کۆمەڵگا.
23-07-2017