دواڕۆژ، زریان محەمەد
دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی بەردەوامە و بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانیش ڕایدەگەیەنێت، بڕی ڕۆژانەی ناردنی نەوت لە بەغداوە زیادبووە.
محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان لە #سلێمانی# ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی تەمموزی 2017 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند دابەشکردنی سوتەمەنی ماڵان لەئێستادا بەردەوامە، بەڵام بەهۆی کەمی نەوت ناتوانین پەلەبکەین لە دابەشکردندا.
وتیشی، دابەشکردنەکە لە چەند ناوچەیەکی دەرەوەی سلێمانی بەردەوامە، پاش تەواوبونیشیان دەستدەکەین بە دابەشکردن لەناو شاردا.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان ئاماژەشیدا، بڕی ڕۆژانەی ناردنی نەوت لە بەغداوە زیادبووە لە دوو تەنکەر بۆ پێنج تەنکەر بەمەش دەتوانین زیاتر دابەشبکەین، بەڵام ئەمەش هێشتا لە ئاستی پێویستدا نیە.
لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی دابەشنەکردنی نەوت، نرخی بەرمیلێک لە بازاڕدا لە 120 هەزار دیناردا مایەوە سەرەڕای وەرزی هاوین و گەرما، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی دابەشکردنی نەوت نرخەکەی لە بازاڕدا داببەزێت.
23-07-2017