حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیازی دەرکردنی بڕیارێکی نوێیە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی نوێی تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرزەکانی لای بازرگانان.
بەپێی ئه و ئامار و داتایانەی لەبەردەستدان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 721 ملیار دینار قەرزی داوەتە بازرگان و وەبەرهێنەران و بەڵێندەران بەشێوەی قەرزی مەکشوف و خصم (کۆمپیالە) و قەرزی نەقدی، ئەوانەشی سوودمەندبوون (2.774) دوو هەزارو حەوت سەدو حەفتاوچوار کەسن.
قەرزەکانیش لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەم شێوەیە دابەشبووە: 447 ملیار دینار لە هەولێر وەگیراوە بە فائیدەی 11%.
267 ملیار لە سلێمانی وەگیراوە بە فائیدەی 3% بۆ 8% بە شێوەی قەرزی نەقدی، حەوت ملیار دیناریش لە دهۆک وەرگیراوە بە فائیدەی 11%.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لەماوەی ساڵی 2016، 2017، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماوەی 3 جار وادەی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی درێژکردۆتەوە، بەڵام لە ئێستادا وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ چەند لایەنێکی پەیوەندیدار لە هەوڵدان ڕێککارو بریارێکی نوێ دەربکەن بۆ وەرگرتنی ئه و قەرزانە.
ئه و سەرچاوەیە، ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی هەرێم مۆڵەتی زیاتر دەداتە بازرگان و وەبەرهێنەران، لە هەمەنکاتیشدا ڕەچاوی بارودۆخی دارایی و ئابووری ئەوان دەکات.
سەرچاوەکە وتیشی ڕەنگە لە بڕیارە نوێیەکەدا کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکان بتوانن قەرزەکانیان بەشێوەیەک بەحکومەت بدەنەوە، بەشێکیان پارەی چەکی حساباتیان لەبانکەکاندایە و حکومەت دەتوانێت حسابی ئه و چەکانە لەبەرانبەر قەرزەکانیدا وەربگرێتەوه .
لای خۆیەوە ئەحمەد ڕێکانی، سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەران له و بارەیەوە بۆ دواڕۆژ، ئەوەی خستەڕوو، بازرگانان لەقەیرانی داراییدان، بۆیە قورس و ئەستەمە بۆ بازرگانان بە ڕێنمایی قورس ڕازیبن، چونکە بڕیارەکانی پێشووتری حکومەت کێشەی بۆ کۆمپانیاکان دروستکردووە، لەبەرئەوەی حکومەت چەکی بانکی داوەتە کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران، بەڵام داوای پارەی کاشیان لەکۆمپانیا و وەبەرهێنەران دەکردەوە.
23-07-2017