هەروەک لە بەياننامەکانی پێشووماندا ورياييمان دابوو، بەکارهێنانی خانەوادە وەک کارت بۆ گوشارهێنان بۆسەر دانيشتووانی ئەشرەف لە کامپی ليبرتی ئاڵقەيەکيترە لە تاوانەکانی حکومەتی ئێران دەرهەق بەو پەنابەرانە کە بەداخەوە بە هاريکاريی عێراق تا ئێستاش بەردەوامە..
گواستنەوەی ئەو کەسانە لە ئێرانەوە بۆ ليبرتی لە ژێر ناوی خانەوادە لە کاتێکدايە کە زۆرێک لە ئەندامانی خانەوادەی دانيشتووان لە ناو زيندانەکانی حکومەتی ئێراندا لە سێدارە دراون ياخود ئێستاش لە ناو زيندانەکانی حکومەتدان و بڕياری ئيعداميان بۆ دەرچووە.
ليبرتی لە تەنيشت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا هەڵکەوتووە و شوێنێکی سەربازی و پارێزراوە و بێ هاريکاريی بەرپرسانی حکومەتی عێراق کەس ناتوانێ لە ليبرتی نزيک بێتەوە کە هەر لە سەرەتاوە لە لايەن حکومەتی عێراقەوە بە زيندان کراوە و ئابڵۆقەدراوە.
کەوايە پرسيارەکە ئەوەيە.. کێن ئەوانەی لە ژێر ناوی خانەوادە هێنراون بۆ ليبرتی؟ مەبەستيان چييە؟ هۆی ئەمکارە چيە؟ وڵامی ئەم پرسيارانە و زۆرێکی پرسياريتری لەمجۆرە ڕوونە.. ئەوانە هاندراوی وەزارەتی ئيتڵاعاتی ئێرانن و هێنراون بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ کوشتارێکيتری دانيشتووان کە تا ئێستا بە دەيان جار لە لايەن ئێران و بە هاريکاريی حکومەتی عێراق کوشتار کراون هەروەک چۆن لە کامپی ئەشڕەف کرا.
ئەو پلانە لە لايەن باڵيۆزخانەی ئێران لە بەغدا و بە هاريکاريی ئەو لێژنەيە دەکرێت کە لە ساڵی 2009ەوە بۆ داپڵۆسينی دانيشتووان و بە فەرمانی نوری ماليکی درووست بووە و ئەوەش تەواو بە پێچەوانەی ياسای نێودەوڵەتی و ڕێککەوتننامەی 25ی ديسامبەری 2011ی نێوان (UN) و حکومەتی عێراقە و هەڕەشەيە بۆ سەر ژيانی دانيشتووان و ئەگەری دووبارەی بوونەوەی کوشتاری گەورەی لێ دەکرێت..
بەڵام بێگومان ئەشکەنجەدان و ئەزيەت و ئازاری دەروونی دانيشتووان و هاوکات بەردەواميی ئابڵۆقەی نامرۆڤانەی کامپی ليبرتی، دوای ئەوەی بە کۆمەڵکوژييەکی خوێناويی دڕەندانە لە مانگی ئەيلوولی 2013 کامپی ئەشرەف لە دانيشتووانی چۆڵ کرا، تاوانێکی گەورەترە لە تاوانەکانی پێشوو، چون لە لايەن ئەمريکا و (UN)وە بەڵێن درابوو بە دانيشتووان کە ليبرتی شوێنێکی بێ ئابڵۆقەی ئارام دەبێت بۆ دانيشتووان و لە ماوەی شەش مانگدا دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی سێيەم و زۆر بەڵێنيتری لەمجۆرە کە هەر هەموويان بە درۆ دەرچوون.. هەربۆيە ئەمريکا و (UN) بە پلە (1) بەرپرسن لە پاراستنی گيانی دانيشتووانی ئەشڕەف لە ليبرتی و دەبێ ڕێگری بکەن لە نزيکبوونەوەی خەڵکانی سەر بە وەزارەتی ئيتڵاعاتی ڕژێمی ئێران لە ليبرتی و بەشداريکردنی بەرپرسانی حکومەتی عێراق لە تاوانەکان دەرهەق بە دانيشتووان.
پێویستە بوترێ ئەو پەنابەرانە بەر لەوەی بە زۆرەملی بگوازرێنەوە بۆ ليبرتی، بۆ ماوەی دوو ساڵ لە سەر دەستی داوودەزگاکانی حکومەتی ئێران و بە ئاسانکاری و هاريکارييی حکومەتی نوری ماليکی، کە نزيکەی (320) بڵندگۆی گەورەی بۆ دانابوون لە هەر چوار دەوری کامپەی ئەشڕەف (لە پارێزگای دیالە)و هەڕەشەی کوشتوبڕکردنيان لێ دەکرا کە ئەگەر خۆيان بە دەستەوە نەدەن ئەوا کوشتار دەکرێن..
هەربۆيە کۆمیتەی کوردی بۆ بەرگریکردن لە (دانیشتووانی ئەشڕەف لە لیبرتی) داوا لە سکرتێری گشتيی ڕێکخراوی نەتەوە يەکگرتووەکان و حکومەتی ئەمريکا دەکات پابەند بن بە بەڵێنەکانيان و تەکلیف لە حکومەتی عێراقيش بکەن کۆتايی بهێنێت بە ئابڵۆقەی سەر ئەو کامپە و کار بکەن بۆ دابينکردنی پێداويستييەکانی دانیشتووان بە پێی ستانداری مرۆيی و نێودەوڵەتی..
کۆمیتەی کوردی بۆ بەرگریکردن لە دانیشتووانی ئەشڕەف لە لیبرتی
23-06-2015