#تەحسین تەها چۆمانی#
ئێران تاوەکو ئێستا لەگەڵ پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا نییە، هەر وەک بە ئاشکراش بیروبۆچوونی خۆی لەم ڕووەوە دەربڕیوە، کە دواین بۆچوونەکان لە دوای سەفەرەکەی حەیدەر عەبادی بۆ تاران و نیگەرانی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕابەری ئێران سەبارەت بەم پرسە و ئەو بۆچوونانە بوون کە هەریەک لە عەلی شەمخانی بەرپرسی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لەگەڵ وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرێک و لێدوانەکانی محەمەد باقری سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران و محەمەد جەواد زەریف لە سەرێکی دیکەوە دەربارەی مەترسی پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وەک بیروبۆچوونی ئێران دەریان بڕی.
ئێران، هەر وەک چۆن لەگەڵ عێراقدا زۆرترین سنووری جوگرافی هاوبەشی هەیە، بەهەمان شێوەش زۆرترین پێگەو بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریشی لە عێراقی دوای پڕۆسەی ئازادیەوە هەیە، بۆیە هەر جووڵەو گۆڕانکارییەکی سیاسی و ئابووری لە عێراقدا بێتە کایەوە، ئێران بە هەستیارییەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات و تێڕوانینی سیاسیانەی خۆی دەخاتە ڕوو، هەتا ئەگەر پێویستی بە هەنگاوی کرداریانەشەوە بێت. کە نموونەی هەرە زیندوو و هاوهەڵوێستی ئێران ئەو یارمەتیە بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعشدا پێشکەش بە هێزەکانی عێراقی کرد.
لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین ئەو هەستیاریەی کە ئێران سەبارەت بە گۆڕانکاریەکانی ئەو دوایەی عێراق هەیەتی، بەتایبەت لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە موسڵ، هەستیارییەتی لە بەرامبەر پێگەو داهاتووی سیاسی خۆی لە عێراقدا، بەتایبەت کە لە ڕوانگەی ئێرانەوە قۆناغی دوای نەمانی داعش لە عێراقدا، قۆناغی دانان و پیلانی بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکەو خۆرئاوا بەتایبەت ئەمریکایە، بۆ لێدان لە ڕۆڵ و پێگەی ئێران لە عێراقدا. هەروەک ئێران ئەم پیلانە لە ڕێگەی پشتیوانی پڕۆژەی جیاوازی ئەو وڵاتانە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری سیاسی نوێ لە عێراقدا دەبینێت، کە لە ڕێی ئەوەوە بتوانن دەسەڵات و پێگەی خۆیانی پێ بەهێز بکەن. لەم ڕووەوە ئێران بەهێز بوونی هەر یەک لە وڵاتانی ناوچەکەو ئەمریکا لە عێراق، بە پلەی یەکەم بە مەترسی لە سەر بارودۆخی ناوخۆی خۆی دەزانێت، بەتایبەت کە خاکی عێراق لە ڕووی فشار خستنە سەر ئێران، ڕۆڵێکی ستراتیژی دەبێت. بۆیە قورسایی و هەستیاری ئێران لە عێراقدا یەکێک لە مەبەستە هەرە سەرەکیەکانی ڕووبەڕووبوونەوەیەتی لەگەڵ ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت پێگەو ڕۆڵی خۆیانی تێدا بەهێز بکەن.
ئێران، ئەمڕۆ لە ڕیزی ئەو وڵاتە کاریگەرانەوە دێت، کە لە ناوچەکەدا سیاسەتێکی تایبەت بەخۆی دەکات، لەم ڕووەوە کاریگەری سیاسەتی ئێران لە سوریا، یەمەن، لوبنان و عێراق و بەم دوایانەش هاوکارییەکانی بۆ قەتەر، دەتوانین بڵێین ئێران لە ناوچەکەدا بە سوود وەرگرتن لە زمین و بارودۆخی سیاسی و ئابووری وئەمنی ئەو وڵاتانە، سەرکەوتوانە توانیویەتی لەنێو ساحەی ئەواندا یاری خۆی بکات.
لێرەوە بە گەڕانەوە بۆ ئەو پرسیارەی کە بۆچی ئێران، لەگەڵ ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا نییە؟ پێم وایە دەبێت ڕوون و ئاشکرا بێتە بەرچاو، کە یەکێک لە خاڵە هەرە جەوهەریەکان بریتییە لەوەی کە ئێران، ئەم پرسە بە پرسێک نازانێت کە بە تەنها مەبەست لێی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بێت لە کوردستاندا. بەڵکو پێی وایە پێداگیری هەندێک لایەنی سیاسی لە سەر ئەو پرسە، لە ژێر کاریگەری و هەژموونی کۆمەڵێک وڵاتی ناوچەکەدایە، بۆ ئەوەی کە لەڕێی ئەم پرسەوە عێراق ڕووبەڕووی لاوازی و دابەشبوون بکەنەوە، کەواتە خاڵی جەوهەری لە تێڕوانینی ئێراندا بریتییە لەوەی کە پێداگیری لە سەر پرسی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکی دەرەکییەو هەندێک وڵاتی ناوچەکە لە پشتی پەردەوە ڕۆڵی سەرەکی دەبینن.
خاڵی دووەم لە نیگەرانی (ئەنجامدانی) ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندی بە مەسەلەی ئەمنی و لێدان لە هەژموونی ئێرانەوە هەیە. بەتایبەت کە ئێران چ لە ڕابردوودا و چ لە ئێستاشدا ئەمە بە هەوڵی وڵاتانی وەک عەرەبستان و ئیسرائیل دەزانێت، بۆیە ئێران وەختێک باس لە مەسەلەی دابەشبوونی عێراق دەکات، مەبەستیەتی بڵێ، هەر وەک چۆن بەهۆی ئەو دابەشبوونە ڕۆڵی ناوەند بەرەو لاوازی دەچێت، بەهەمان شێوەش هێزو دەسەڵاتی نوێش لە دەرەنجامی ئەو دابەشبوونەدا لە عێراق سەر دەردەهێنن.
خاڵێکی دیکەی گرنگ لەو بارەیەوە باس دەکرێت بوونی هاوهەڵوێستی ئێران و تورکیایە سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم، ئەویش ئەوەیە کە ئایا پرسی ڕیفراندۆم ئێران و تورکیا لێک نزیک دەکاتەوە یاخود نا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەکرێت لەو ڕوانگەوە بدرێتەوە کە ئێران بەگشتی لە عێراق بەدوای بەرژەوەندی سیاسی خۆیەتی، بەڵام تورکیا زیاتر بەرژەوەندی ئابووری هەبووە، بەتایبەت لە کوردستاندا، ئێران چاوی لە پارێزگاریکردنی هەژموون و پێگەکەیەتی لە تەواوی عێراقدا، بەڵام تورکیا لە ڕێی کوردستانەوە بەتایبەت کە بەشێکی زۆری هێزەکانی لە باشیقە جێگیر کردوون، دەیەوێت ڕۆڵی سیاسی و ئابووری و سەربازی خۆی لە عێراقدا پەرە پێ بدات. ئێران بە شێوەیەکی گشتی لە ناوچەکەدا لە بەرامبەر کۆمەڵێک هێزدا وەستاوەوە، لەوانە ئیسرائیل و ئەمریکا و سعودیا، بەڵام پەیوەندی تورکیا، جگە لە سعودیا لەگەڵ دوو لایەنەکەی تردا لە ئاستی هەماهەنگی و دۆستانە دایە. بۆیە پێ ناچێت پرسی ڕیفراندۆم ئێران و تورکیا لێک نزیک بکاتەوە.