دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی چوار ساڵدا کە حکومەتی هەرێم بە سەربەخۆ نەوتی فرۆشتووە، زیاتر لە 30 ملیار دۆلار قەرزدار بووە.
پێشتر لە بەدواداچوونێکی دواڕۆژدا ئاشکراکرا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان 22 ملیار دۆلار قەرزدارە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی پەرلەمانتارێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرکەوتووە کە قەرزەکانی حکومەتی هەرێم بە بڕی 8 ملیار دینار زیادبووە.
ئەمین بەکر، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، حکومەتی هەرێم پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق تێکداوە و ئێمەش وەک نوێنەرانی خەڵک نەمانتوانیوە چارەسەری کێشە داراییەکانی خەڵک بکەین.
ئه و پەرلەمانتارەی کورد لە بەغدا ئاماژە بەوەشدەکات، حکومەتی هەرێم لەماوەی چوار ساڵی فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوت شکستیهێناوە، بەوهۆیەوە خەڵکێکی زۆری لە کوردستان بێکاربوون و تووشی گرفتێکی سەختی دارایی بوونەتەوە، تەنانەت لەرووی خزمەتگوزارییەوە کوردستان لەجیاتی ئەوەی بەرەوپێشەوە بچێت، گەڕاوەتەوە دواوە.
ئەمین بەکر، ئاشکرایدەکات، سیاسەتی سەربەخۆیانەی فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی شکستی هێناوە و کەوتۆتە ژێر باری قەرزێکی زیاتر لە 30 ملیار دۆلاری و لە داهاتوودا گرفتێکی گەورە ڕووبەڕووی هاوڵاتیانی کوردستان دەبێتەوە.
24-07-2017