دواڕۆژ، سامان قوبادی
شەڕی داعش و هێزە عێراقییەکان، زیاتر لە 80%ی شاری #موسڵ#ی وێران کردووە، بەپێ ئەو پلانەی دانراوە زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری پێویستە، تاوەکو لە ماوەی 10 ساڵدا ژێرخان و سەرخانی ئەو شارە بنیادبنرێتەوە. ئاوەدانکردنەوەی موسڵ کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر وەبەرهێنان لە بواری بەرهەمە بیناسازییەکان لە هەرێمی کوردستان، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستانیش ئاماژە بەوەدەکات، بنیادنانەوەی موسڵ بەڕێژەی زیاتر لە 30%ی وەبەرهێنان لە هەرێم زیاتر دەکات.
جەنگ و زیانەکان بە ژمارە
لە بەری ڕۆژئاوای موسڵ، 15 گەڕەک بە تەواوی خاپووربوون و 23 گەڕەکی تریش زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها 16 گەڕەکی تر زیانی کەمیان بەرکەوتووە، بەو پێیەش نزیکەی لە 60%ی بەری ڕاستی موسڵ وێران بووە، هەروەها ڕۆژهەڵاتی موسڵ کە دەکاتە بەری چەپی شارەکە، زیاتر لە 33%ی بەهۆی شەڕ و بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
بنیادنانەوەی شارەکە و کاریگەریی لەسەر وەبەرهێنانی هەرێم
یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی موسڵ و کاریگەریی لەسەر وەبەرهێنان لە هەرێم، بۆ دواڕۆژ ئاشکرای دەکاتزۆربەی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی هەرێم، پاش ئازادکردنەوەی موسڵ ڕوودەکەنە ئەو شارە بە مەبەستی وەبەرهێنان.
وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان ئەوەیشی خستەڕوو کە بنیادنانەوەی موسڵ بەڕێژەی زیاتر لە30%ی کاریگەریی لەسەر ئابوری هەرێم و بەرهەمهێنان دەبێت.
10 ساڵ بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە
نزیکەی 10 ساڵ دانراوە وەک پلانی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ، بۆ ئەو مەبەستەیش مەزەندە دەکرێت 100 ملیار دۆلاری پێویست بێت تا شارەکە بنیادبنرێتەوە، هاوکات 1 ملیار دۆلار بۆ چاککردنەوەی ژێرخانی سەرەتایی موسڵ و 700 ملیار دیناریش بۆ نۆژەنکردنەوەی بە پەلەی ڕۆژئاوای موسڵ.
هەر سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی موسڵ و کاریگەریی لەسەر بەرهەمێهنان، بەتایبەت لەبواری چیمەنتۆ و ئاسندا، وەرزێر محەمەد بەڕێوەبەری ئۆپەرەیشنی گروپی فاروق بۆ وەبەرهێنان، بۆ دواڕۆژ باس لەوە دەکات کەئەگەر دەست بە بنیادنانەوەی موسڵ بکرێت، بێگومان هەموو بەرهەمێکی بیناسازیی خواستی لەسەر دروست دەبێت، بە تایبەت زۆربوونی خواست لەسەر چیمەنتۆ.
بەڕێوەبەری ئۆپەرەیشنی فاروق گروپ بۆ وەبەرهێنان، وتیشیبەردەوامبوون و کارپێکردنی یاسای پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان زۆر گرنگە، کە ڕێگریی بکرێت لە هێنانی چیمەنتۆی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، چونکە ئەو کارگانەی ئێستا لە هەرێمدا هەن، دەتوانن پێویستی ناوخۆی عێراق دابین بکەن.
وەرزێز محەمەد ئاماژەی بەوەیشکردبە خۆشحاڵییەوە لە کارگەی چیمەنتۆی گاسن، بە تەواوی توانای کارگەکە کاردەکەین و خاوەنی باشترین جۆری چیمەنتۆین لە عێراقدا کە لەژێر ناوی چیمەنتۆی بازیان، بەرهەمیدێنین.
کاریگەرییەکە لەسەر هەولێر و دهۆکە
سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان باس لەوە دەکات، بەڵێندەران ئامادەن بۆ کارکردن لە بواری بیناسازیدا لە موسڵ.
شێخ ناجی عیزەدین سەرۆکی لقی سلێمانی بەڵێندەرانی کوردستان، بۆ دواڕۆژی ڕوونکردەوە کەزۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا لە هەوڵی کارکردندان لە موسڵ، دەکەونە سنووری هەولێر و دهۆکەوە، بەهۆی نزیکیی و تێکەڵبوونیان.
شێخ ناجی وتیشیسلێمانی لەگەڵ کەرکووکدا، پەیوەندی و جموجووڵی ئابوریی زۆریان هەیە.
گەڕانەوەی ئاوارەکان
کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 940 هەزار هاووڵاتی، پاش ئازادکردنەوەی لەلایەن هێزە عێراقییەکانیشەوە تەنیا 240 هەزار هاووڵاتی گەڕاونەتەوە بۆ شارەکە. بەڵام لەئێستادا بە بەردەوامی ڕۆژانە نزیکەی 2000 هاووڵاتی دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
25-07-2017