دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی
بەرپرسی ڕاگەیاندن و چاپەمەمی هێزەکانی پاراستنی گەل (#هەپەگە#) ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی دووساڵدا 6353 سەربازی سوپای تورکیا کوژراون، ئاماژە بەوەش دەکات کە هەر لەو دووساڵەدا هەزار و 116 گەریلا شەهید بوون و 30شیان بەدیلی کەوتونەتە دەست سوپای تورکیا.
ڕێڤان وەڵات بەرپرسی ڕاگەیاندن و چاپەمەمی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باڵی سەربازی (پەکەکە)، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی 24ی تەموزی 2015 تاوەکو 24ی تەموزی 2017 سوپای تورکیا 746هێرشی زەمینی و 1246هێرشی لە ڕێگەی فڕۆکەوە کردۆتە سەر گەریلاکانیان.
وتیشی 333شەڕ لە نێوان ئێمە سوپای تورکیا ڕویداوە و گەریلاکانیش 2239چالاکی دژی تورکیا ئەنجامداوە.
ڕێڤان وەڵات ڕونیشیکردەوە، سوپای تورکیا 2338جار لە ڕێگەی هاوەن و تانکۆ تۆپ هێرشی کردۆتە سەر گەریلاکان.
لەبارەی ژمارەی کوژرانی سەربازانی سوپای تورکیاش جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە لەماوەی ئەو دووساڵەدا 6353سەربازی تورکیا کوژراون کە 72یان فەرماندەی پلە بەرزبوونە، هەروەها 2261سەربازو پۆلیسیش بریندار بوون.
وتیشی 1116گەریلاش شەهید بوون و 30شیان کەوتونەتە دەست دوژمن و بە دیل گیراون و ژمارەیەکیشیان بریندار بوونە.
بەرپرسی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ڕونیشیکردەوە، 16فڕۆکەی جەنگیش خراونەتە خوارەوە و 85شیان زیانیان پێگەیشتوە و 209 ئۆتۆمبێلیش یان بە تەواوی تێکشکێنراون یان زیانیان پێگەیەنراوە.
25-07-2017