لە ماوەی ساڵێکدا چوار کۆمپانیای بواری دەرهێنان و دۆزینەوەی نەوت، بڕیاریانداوە هەرێمی کوردستان جێبهێڵن و پشکەکانی خۆیان بفرۆشن.
لە ماوەی ساڵێکدا هەریەک لە کۆمپانیاکانی (ئیکسۆن مۆبیل، KNOC کۆری و وێسترن زاگرۆس و ڕیپسۆلی ئیسپانی) لە بواری گەڕان و دۆزینەوەی نەوت، لە چەند بلۆکێکی نەوتی هەرێمی کوردستان کشاونەتەوه و پشکەکانی خۆیان فرۆشتووە.
کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل لەسەرەتای ئەمساڵدا لە شەش بلۆکی نەوتی کوردستان، کە لەگەڵ کۆمپانیای وزەی تورکی بڕی زیاتر لە (530) ملیۆن دۆلاریان تێدا خەرجکردبوو کشانەوە و پشکەکانی خۆیان فرۆشت.
کۆمپانیای نەوتی ڕیپسۆلی ئیسپانی (REPSOL) دوای 5 ساڵ لە گەران و پەرەپێدان لە سێکتەری نەوت لە سنوری پارێزگای سلێمانی بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانیداوە و لە خۆ ئامادەکردندان بۆ جێهێشتنی هەرێمی کوردستان.
هەر لەماوەی ئەمساڵدا هەریەک لە (KNOC کۆری و وێسترن زاگرۆس) کارەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕاگرت و بڕیاری فڕۆشتنی پشکەکانیاندا و بە نیازنیشن هەرێمی کوردستان جێبهێڵن.
بەپێی گرێبەستەکانی وەبەرهێنانی هاوبەشی حکومەتی هەرێم کە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت ئیمزای کردووە، یەکەم قۆناغ بە قۆناغی گەڕان و پشکنیین دەست پێدەکات، ئەم قۆناغە بە پێی گرێبەست و یاسای نەوت و گازیش دابەش دەکرێت بەسەر دوو ماوەدا، ماوەی یەکەم (3) ساڵە، ئەگەر کۆمپانیا ویستی بچێتە ماوەی دووەم ئەوا دەبێت داواکاری پێشکەش بە حکومەت بکات، ماوەی دووەمیش 2 ساڵە و دەتوانرێت ئەگەر کۆمپانیا داوای بکات ئەوە 2 ساڵی تریش درێژ بکرێتەوە، واتە ماوەی گەڕان 5 ساڵ دەکرێت درێژ بکرێتەوە بۆ 7ساڵ.
سعود هاشم، سەرنووسەری گۆڤاری وزە نیوزو ڕۆژنامەنووس لە بواری نەوت گاز له و بارەیەوە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند کشانەوەی کۆمپانیاکان ئەوەندەی پەیوەندی بە ڕەهەندی تەکنیکی و یاسایی و دارایی هەبووە ئەوەندە پەیوەندی سیاسی نییە، وەک ئەوەی خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.
ناوبراو ڕونیکردەوە، هۆکارەکان بەشێوەیەکی گشتی پێکهاتەی جیۆلۆجی و تێچوونی نەوت و بڕەکەیەتی، کە لە ڕووی ئابوورییە و بەلایانەوە گونجاو نییە بەرهەمهێنانی زیاتری تێدا بکەن.
25-07-2017