بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت شارەکانی عێراق بە گشتی و #مووسڵ# بە تایبەتی بوونەتە بازاڕێکی گەرم بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی سەوزە و میوەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە بە سەتان تۆن بەرهەمی سەوزە و میوە لێرەوە هەناردەی شارەکانی دیکە دەکرێ.
ئێستا هەرێمی کوردستان لە بەرهەمەکانی وەکوو پەتاتە، پیاز و تەماتە و زۆربەی سەوزە و میوەکانی دیکەش ئاستی خۆژیاندنی تێپەڕاندووە. بەهۆی ئەوەی لە کوردستان کۆگا نییە بۆ هەڵگرتنیان، لە کاتی پێگەیشتنیان زیاد دەبن بازاڕی سەرەکیش بۆ ساغکردنەوەی ئەو بەرهەمە زیادانە شارەکانی عێراقە. نزیکترین شاریش بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکان شاری مووسڵە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی داعشەوە خەڵکەکەی نەدەپەرژانە سەر چاندنی سەوزە و میوە، ئێستاش کە لە دەستی داعش ڕزگار کراوە، بەهۆی ئەو کاولکارییەی لە شارەکەدا ڕوویداوە، زەحمەتە وا بەزوویی مووسڵ ببێتەوە سەبەتەی جارانی نانی عێراق، بۆیە ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ پێویستی بە هەرێمی کوردستان ببێ.
حوسێن حەمەکەریم، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: شارەکانی عێراق بە گشتی و مووسڵ بەتایبەتی ئێستا بوونەتە بازاڕێکی باش بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی سەوزەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە بە هەزاران تۆن لە بەرهەمی خۆماڵی و ئەو میوەشی لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردە دەکرێ، جارێکی دیکە هەناردەی شارەکانی عێراق دەکرێ.
بەهۆی کەمیی کۆگا بۆ هەڵگرتن لە وەرزی پێگەیشتن، جووتیاران بە ناچاری سەرجەم بەرهەمەکانیان لەیەک کاتدا ڕەوانەی بازاڕ دەکەن، ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی خستنەڕوو لە پێویستیی ناوەخۆ زیاتر بێت و نرخ دابەزێت، لەو حاڵەتەشدا جووتیاران زەرەرێکی زۆر دەکەن.
حوسێن حەمەکەریم دەڵێت: بۆ هاوسەنگکردنی نرخ، ئاسانکاریمان بۆ جووتیاران کردووە بەرهەمە زیادەکانیان هەناردەی شارەکانی عێراق بکەن. بۆ پارێزگاری لەو ڕێگە بازرگانییەش، هەمیشە لە پەیوەندیداین لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوەکو گرفت نەکەوێتە ئەم ڕێگەیە، چونکە دڵنیاین هەر گرفتێک ڕووبدات بەهۆی ساغنەبوونەوەی بەرهەم زیانی گەورە بە جووتیاران دەگات.
حوسێن حەمەکەریم دەڵێت بەپێی بەدواداچوونیان دەرکەوتووە، بەهۆی هەناردەکردنی بەرهەم بۆ مووسڵ و شارەکانی عێراق، نرخی هەندێ بەرهەمی خۆماڵی بەرزبووەتەوە، بۆ نموونە پێشتر لە وەزری پێگەیشتنی شووتیدا نرخی کلیۆیەکی بۆ 300 دینار دادەبەزی، بەڵام ئێستا کیلۆیەک شووتی بە 600 دینارە، نرخی کیلۆیەک خەیار 150 دینار بوو، بەڵام ئێستا بۆ سەرووی 350 دینار بەرزبووەتەوە.
بەهۆی نزیکیی هەردوو شاری هەولێر و دهۆک لە مووسڵ، جووتیاران و بازرگانانی ئەو دوو پارێزگایە زیاتر سوودمەندن لەو خواستەی ئێستا لە شاری مووسڵ بۆ بەرهەمەکانی سەوزە و میوە هەیە، ئێستا ڕۆژانە بەسەتان بارهەڵگر لەو دوو شارە بەرەو مووسڵ دەکەونەڕێ.
سەلام پۆلیس، خاوەنی نووسینگەی دەشتی هەولێر، بۆ کڕین و فرۆشتنی سەوزە و میوە لە گومرگی سەوزەو میوەی هەولێر، دەڵێت ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە 300 بارهەڵگر لە گومرگی هەولێرەوە تەماتە، پەتاتە، پیاز، بیبەر، باینجان، شووتی، کاڵەک، مۆز، سێو، قەیسی، خۆخ، هەڵوژە و پرتەقاڵ و چەندین میوەی دیکە کە لەتورکیا و ئێرانەوە هاوردە دەکرێن، جارێکی دیکە بۆ شارەکانی عێراق هەناردە دەکرێن.
بە گوتەی ئەو خاوەن نووسینگەیە، ڕۆژانە زیاتر لە 30 هەزار تۆن سەوزە و میوە لە هەولێرەوە بۆ شارەکانی عێراق بەگشتی هەناردە دەکرێ کە زیاتر لە 30%ی ئەو بەرهەمە بۆ شاری مووسڵ دەچێ، بۆیە دەتوانین بڵێین ڕۆژانە نزیکەی 1000 تۆن سەوزە و میوە لە گومرگی هەولێرەوە بۆ مووسڵ دەچێت.
بەهۆی ئەو وێرانکارییەی لە شاری مووسڵ ڕوویداوە، هێشتا گومرگی مووسڵ نەکەوتووەتەوە سەرپێی خۆی، بەڵام بۆ ئاڵوگۆڕی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە نزیک گۆگجەلی لە دەرەوەی شاری مووسڵ گومرگێکی کاتی دامەزراوە، ڕۆژانە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی هەناردەی ئەو بازاڕە دەکرێ، لەوێشەوە بۆ شاری مووسڵ و دەوروبەری دەگوازرێتەوە.
بۆ ساغکردنەوەی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی کە لە ناوخۆ زیادن، وەزارەتی کشتوکاڵ دەیەوێ لە ڕێگەی کونسوڵی وڵاتان، لە دەرەوە بازاڕیان بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم هەوڵەی وەزارەتی کشتوکاڵ سەری نەگرتووە.
حوسێن حەمەکەریم دەڵێت: شاری مووسڵ لەلایەک لەڕووی جوگرافییەوە هاوسنوورە لەگەڵ شارەکانی هەولێر و دهۆک و بەتێچووی کەم دەتوانرێت بەرهەمەکانی پێگات، لەلایەکی دیکەش بەهۆی ئەو بارودۆخەی تووشی بووە، وەک پێویست کشتوکاڵی تێدا نەکراوە، بۆیە گرفتیان لەدەستکەوتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەیە، ئەمەش ئاڵوگۆری بازرگانی بەگشتی و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەتایبەت لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەو شارە زیاتر دەکات.
گوتیشی: لە هەناردەکردنی بەرهەمە هاوردەکراوەکانی تورکیا و ئێران بۆ مووسڵ و شارەکانی عێراق، لەلایەک حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەرگرتنی باج سوودمەند دەبێت، لەلایەکی دیکەشەوە بووەتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ هەندێ کەس، بۆیە ئاسانکارییەکی زۆرمان بۆ ئەو ئاڵوگۆرە بازرگانییە کردووە.
عێراق بە خەیاری سلێمانی دەژی
حاجی شەماڵ عومەر، خاوەنی نووسینگەی شەماڵ بۆ کڕین و فرۆشتنی سەوزە و میوە لە گومرگی سەوزە و میوەی سلێمانی بە (رووداو)ی گوت ئێستا زۆر زیاتر لە جاران خەیار و باینجان هەناردەی شارەکانی عێراق بە تایبەتی مووسڵ دەکرێت، ڕۆژانە نزیکەی 800 تۆن خەیار دەگاتە گومرگی سلێمانی، 98%ی بۆ شارەکانی عێراق دەڕوات، بۆیە ئەگەر ڕۆژێک ڕێگەی شارەکانی عێراق بگیرێ، جووتیاران دەبێ بەرهەمەکانیان فڕێ بدەن. بەگوتەی شەماڵ عومەر، پێشتر ڕۆژانە 150 تاوەکو 200 تۆن خەیار لە سلێمانییەوە بۆ مووسڵ دەچوو، بەڵام بەهۆی پێگەیشتنی خەیاری ناوچەی ڕەبیعە، ئێستا ڕۆژانە لە سلێمانییەوە هەر 30 تۆن خەیار بۆ مووسڵ دەڕوات.
27-07-2017