سیروان محەممەد
کارەبا، یەکێکە لەو شتانەی بە درێژایی 26 ساڵی ڕابردوو، زۆرترین قسە و باسی لەسەر کراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تەمەنی ئەم کێشەیە یەکسانە بە تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەدرێژایی ئەو مێژووە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کارەبا نەدۆزراوەتەوە. ئەگەر لە هەندێک قۆناغیشدا بە کاتی چارەسەر بووبێت، ئەوا لەلایەن دەسەڵاتەوە وەک مەکرەمە و پاداشت بە خەڵک فرۆشراوە، نەبوونیشی لەلایەن ئۆپۆزیسیۆن و دژە دەسەڵاتەوە وەکوو کارتی گوشار و خاڵی لاوازی حکومەت بەکارهاتووە.
بۆیە زۆرجار لە وادەی هەڵبژاردنەکاندا بەپەلە و بێ بەرنامە زۆرترین خەرجی بۆ کەرتی کارەبا تەرخان کراوە، دواتر بووەتە بارێکی گران لەسەر شانی حکومەت، کێشەکەش بەبێ چارەسەری بنەڕەتی ماوەتەوە.
سەرەتای کێشەی کارەبا
لە دوای ڕاپەڕینەوە تاوەکوو ساڵی 2006، تاکە سەرچاوەی وزەی کارەبا لە کوردستاندا جگە لە پارێزگای دهۆک، هەردوو وێستگەی کارۆئاویی دوکان و دەربەندیخان بوو. دواتر بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا درایە کەرتی تایبەت، لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دامەزران و توانای ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، لەگەڵیدا کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی زیادی کرد، بەڵام بە خەرجییەکی زۆر بێ بەرنامە.
هاوکێشەی خواست و خستنەڕووی کارەبا
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبادا، حکومەت دەستی کرد بە گەیاندنی کارەبا بۆ شار و شارۆچکە و گوندەکان، بەهۆی باشبوونی گوزەرانی خەڵکیش، خواست لەسەر کارەبا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەزیادبووندا بوو، بە شێوەیەک هەمیشە خواست لەسەر کارەبا لە پێش خستنەڕووی کارەبا بووە.
بڕوانە (خشتەی دوو، ڕێژەی زیادبوونی بەشداربووانی کارەبا لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەنێوان 2007 بۆ 2016).
بەهۆی بەرزیی نرخی نەوت، حکومەت لە ساڵی 2013 پارەیەکی زۆری بۆ ئەو کەرتە تەرخان کرد و لە وەرزی هاویندا کاژێرەکانی پێدانی کارەبا گەیشتە 23 کاژێر، بەڵام لەگەڵ دەسپێکردنی قەیرانی دارایی، بۆشایی نێوان خواست و خستنەڕووی کارەبا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر بوو، بە داخەوە لە وەرزی زستانی ڕابردوودا کارەبای نیشتمانی بۆ سێ کاژێر دابەزی (خشتەی یەک، تێکڕای کارەبا بۆ چوار ساڵ لە پارێزگای سلێمانی).
کێشەکە چییە؟
1- نەبوونی سیاسەتی وزە (Energy policy):
لە هەموو دنیادا، وزەی کارەبا لە کۆی وزەکانی دیکە جیاناکرێتەوە و گرانترین جۆری وزەیە، بۆیە دەبێت حکومەت لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی وزەدا سەیری وزەی کارەبا بکات، بۆ نموونە دەبێت بزانێت ئایا گەرمکردنی ئاوی ماڵان کە ئێستا لەڕێگەی وزەی کارەباوە زۆر گران دەکەوێت لەسەر حکومەت وەک لەوەی بە غاز بێت، ئایا حکومەت دەزانێت ساڵانە چەند لە وزەی کارەبا بۆ گەرمکردنی ئاوی ماڵان دەڕوات؟ بەپێی داتاکان (360) دۆلار خەرجی کارەبای بەرهەمهاتووە بۆ بۆیلەری هەر هاوبەشێک. ئەگەر ئەو ژمارەیە جارانی ژمارەی هاوبەشانی کارەبا بکەین لە کوردستان کە 1.35 ملیۆن هاوبەشە، ئەوا 480 ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ گەرمکردنی ئاوی ماڵان دەڕوات.
ئەی ئەگەر ئاوی ماڵان بە غاز گەرم بکرێ؟
ئەگەر ماڵێک ئاو بە غاز گەرم بکات، ساڵانە هەشت بوتڵ غازی دەوێت. ئەگەر نرخی بوتڵێک غاز 7.5 هەزار دینار بێ (8×7.5 دینار = 60 هەزار دینار) لە ساڵێکدا. بۆ کۆی هاوبەشانی کارەبا کە 1.35 ملیۆن هاوبەش هەیە، دەکاتە 81 ملیار دینار کە بە دۆلار دەکاتە 64 ملیۆن دۆلار. واتە ئەگەر حکومەت بڕیار بدات ئاوی ماڵان بە غاز گەرم بکرێ لە جیاتی کارەبا، 422 ملیۆن دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە.
ساڵانە 480 ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ گەرمکردنی ئاوی ماڵان دەڕوات
بۆیە دەبێت حکومەت بەرنامەی گونجاو دابنێت بۆ گۆڕینی سیستمی گەرمکردنی ئاوی ماڵان لە وزەی کارەباوە بۆ وزەکانی دیکەی وەک غاز، یان وزەی خۆر و چەند سیستمێکی دیکەی ئاو گەرمکرن کە زۆر ئاسانن و تێچوویان کەمە، بەوەش بارگرانیی سەر کارەبا زۆر کەم دەبێتەوە.
بێگومان ئەم بەراوردە بۆ گەرمکردنی ماڵانیش ڕاستە، واتە دەبێت سیستمی گەرمکردن گۆڕانکاریی تێدا بکرێت، بۆ نموونە حکومەت دیزاین و دروستکردنی خانوو و ئەو کەرەستانەی بەکاردەهێنرێن بکاتە مەرجی پێدانی کارەبا.
لێرەدا پێویستە حکومەت سیاسەتێکی وردی وزە دابڕێژێ، بەردەوام کاربکات بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزەی کارەبا، چونکە گرنگترین جۆری وزەیە و بەرهەمهێنانی و گواستنەوەی و دابەشکردنی و بەڕێوەبردنی خەرجییەکی زۆری دەوێت، بۆیە دەبێت هەمیشە بەدوای جێگرەوەکانیدا بگەڕێ.
2- کۆنی و خراپیی بەڕێوەبردنی کەرتی کارەبا:
یەکێکی دیکە لە کێشە گەورەکانی کەرتی کارەبا، سیستمی بەڕێوەبردنە. کەرتی کارەبا ڕۆژ بەڕۆژ گەورە و فراوان دەبێت و خەرجییەکانی زیاتر دەبێت، بەڵام هەمیشە مامەڵەیەکی سیاسی لەگەڵدا کراوە، دەیان کادر و کەسانی شارەزای بواری کارەبا لە لوتکەی توانا و داهێناندا بوون، کەچی دوور لە ویستی خۆیان خانەنشین کراون.
جگە لەوەش وەزارەتی کارەبا هەمیشە لەسەر مێزی ڕێککەوتنە سیاسییەکان بووە، وەک پشک بەم حیزب و بەو حیزب دراوە. لەکاتێکدا دەبووایە بەشێوەیەکی تەکنیکی وەک خزمەتگوزارییەکی گشتی مامەڵەی لەگەڵ کرابا. وەزارەتی کارەبا پڕکراوە لە فەرمانبەری زیادەی ناپێویست کە ئەوەش خەرجییەکانی کارەبای زیاتر کردووە.
رژێمی پێشووی عێراق وەک کۆمپانیایەکی سەربەخۆ و قازانجکەر مامەڵەی لەگەڵ کەرتی کارەبا دەکرد، تێچووی تەواوی (یەکە)ی کارەبای هەژمار کردبوو و پەراوێزێکی قازانجیشی دانابوو، واتە کارەبا نەک زەرەر، بەڵکو قازانجیشی دەکرد. فەرمانبەرانی کارەبا جگەی لەوەی مووچەیان لەسەر داهاتی کارەبا بوو، ساڵانە ڕێژەیەک قازانجیشیان وەردەگرت.
3- نەبوونی یاسای پێدانی کارەبا:
لە کوردستان یاسای پەسەندکراوی تایبەت بە پێدانی کارەبا بە هاوبەشە جۆربەجۆرەکان نییە، واتە کارەبا ئەو کەرتە گەورە و ئاڵۆز و پڕ خەرجییە، یاسای نییە. جگە لە چەند ڕێنماییەکی کرچ و کاڵ کە حکومەت تا پێوەرەکە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت، لە دوای (پێوەری کارەبا) هاوبەش ئازادە چۆن دەیبەستێ و چۆن بەکاری دەهێنێ.
نەبوونی یاسای پێدانی کارەبا، بووەتە هۆی بەفیڕۆچوونێکی لەڕادەبەدەری کارەبا. جگە لە حاڵەتی دزی و فڕتوفێڵ کە پێویستە حکومەت یاسای هەبێت و لەناو ماڵدا بەرپرسیار بێت، وەک چۆن ساڵانە پشکنین بۆ سەلامەتیی ئۆتۆمبێل دەکات، بەهەمانشێوە پشکنین بۆ کارەبای ماڵان بکات، لەلایەک بۆ ڕێگرتن لە دزی و فڕتوفێل، لەلایەکی دیکە بۆ پاراستنی سیستمی تۆڕەکانی کارەبا.
4 - بۆشایی نێوان خواست و خستنەڕوو (کێشە گەورەکەی کارەبا)
گرفتی سەرەکیی کارەبا بریتییە لە هاوکێشەی: (خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا و خستنەڕووی کارەبا)، واتە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بریتییە لە یەکسانکردنی ئەم دووە. بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەپێی پێویستیی خۆیان بتوانن کارەبا بەکاربهێنن و بەردەوام کارەبا هەبێت و حکومەت بتوانێت ئەو خواستە پڕ بکاتەوە، جگە لەوەش پێویستە خستنەڕووی کارەبا بە ڕێژەی 10% زیاتر بێت لە خواست.
بەڵام ئایا لە ڕووی ئابوورییەوە ئەوە ڕاستە؟ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام کاری کردووە، پڕۆژە و بەرنامەی ئەوە بووە کارەبا بگەیەنێتە هاووڵاتیان، بەڵام هیچ پلان و بەرنامەیەکی بۆ کۆنترۆڵکردن و کەمکرنەوەی بەکارهێنانی کارەبا نەبووە.
لە کاتێکدا دەبوو چۆن پلان و بەرنامەی بۆ گەیاندنی کارەبا بۆ گوند و شار و شارۆچکە و گەڕەکەکان هەبووە، بەرنامەی بۆ چۆنیەتی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەباش هەبووایە. بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، دابەشکردن و گواستنەوەکەی هەمووی خەرجییە و گرانیشە، بەڵام نرخەکەی هەرزانە.
زۆربەی وڵاتان ساڵانە پلان دادەنێن بۆئەوەی چۆن بتوانن وا بکەن هەر هاوبەشێک ڕێژەیەک لە بەکارهێنانی کارەبا کەم بکاتەوە. بە بڕوای من ئەگەر حکومەت ئەو پلانەی هەبووایە، پێویستی بە پاشکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران نەدەبوو.
پلانی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا میکانیزمی خۆی هەیە، لە ئایندەدا بە وردی باسی دەکەین.
ئەگەر ئاوی ماڵان بە غاز گەرم بکرێ لە جیاتی کارەبا، ساڵانە 422 ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە
بەپێی داتاکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان لە نێوان 2500 بۆ 2700 مێگاواتە، بەڵام خواست لە دەوروبەری 4500 مێگاوات کارەبایە، واتە 2000 مێگاوات کورتهێنانمان هەیە.
حکومەت بۆ دابینکردنی ئەو 2500 مێگاواتە ڕووبەڕووی قەرزێکی زۆر بووەتەوە، هەر مێگاواتێک کارەبا بۆ یەک ساڵ ملیۆنێک و 328 هەزار و 892 دۆلار تێچووەکەیەتی، واتە ئەو 2500 مێگاواتە، تێچووەکەی لە ساڵێکدا دەگاتە دوو ملیار و 657 ملیۆن و 784 هەزار دۆلار کە بێگومان حکومەت بەهۆی قەیرانی داراییەوە، توانای دابینکردنی ئەو بڕە پارەیەی نییە.
جگە لەوەش بەپێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا (30%)ی ئەو کارەبایەی دابین دەکرێت، ون دەبێت کە بە زمانی کارەبا پێی دەگوترێت (Losses)، ئەوەش واتە ئێمە ئەگەر 2000 مێگاواتی دیکە دابین بکەین (600) مێگاواتی ون دەبێ.
ئەی چارە؟
27-07-2017