دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
زیاتر لە %80ی ژنان و کچانی ئێزدی کە کەوتونەتە دەست چەکدارانی #داعش# لەدەرەوەی ئێڕاق کڕدراونەتەوە و نوێنەری ئێزدییان لە پەڕلەمانی ئێڕاقیش دەڵێت منداڵ و کچانی ئێزدی نێردراون بۆ وڵاتانی ئەوروپا، سووریا، تورکیا، سعودیە و ئوردون.
ڤیان دەخیل، ئەندامی کوردی ئێزدی لەپەڕلەمانی ئێڕاق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند زۆرینەی ئەو کچ و منداڵانەی چەکدارانی داعش دەستگیریکردن، بەشێکی کەمیان ئازادکراون و لە ئێستادا بەشێکی زۆریان لە تەلەعفەر و وڵاتی سووریان، هەروەها نێردراون بۆ تورکیا، ئوردن، سعودیە و وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت منداڵەکان.
وتیشی حکومەتی هەرێم هەوڵیداوە کە ئەو کچ و منداڵانە بکڕنەوە، بەڵام ئەمەش کارێکی قورسە، بۆیە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێڕاق کردووە بۆ ئەوەی ژنان و منداڵان لەدەرەوەی ئێڕاق بکڕینەوە.
باسیلەوەشکرد، %80ی ئەو ژن و منداڵانە لەدەرەوەی ئێڕاق کڕدراونەتەوە و ئێستاش هەوڵدەدەین کە لە هەموو وڵاتان بیانکڕینەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئێڕاق بەشداری لە کڕینەوەیان بکات و بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو کەسوکاریان.
پێشتر دواڕۆژ بڵاویکردبوەوە کە زیاتر لە سێ هەزار و حەفتا ژن و منداڵ لەدەستی داعش ڕزگارکراون و زیاتر لە سێ هەزار و 300 کەسی تریش ماون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
لە 3 ئابی 2014، چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر شارۆچکەی شەنگالدا گرت و بەهۆیەوە هەزاران کچ و ژنی ئێزدی کەوتنە دەست چەکدارانی داعش و مامەڵەی کۆیلەیان لەگەڵدا کرا.
27-07-2017