بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سیلی مانگا، هەرێمی کوردستان هاردەکردن و هێنانی هەمووجۆرە ئاژەڵێک و گۆشتی سووری لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق قەدەخە دەکات.
دکتۆر میقداد ئیبراهیم ئاکرەیی، بەڕێوەبەری تەندروستی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: لە ڕۆژی 20-7-2017ەوە نووسراومان ئاراستەی سەرجەم بازگە و دەروازە و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەریی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کردووە، کە هێنان و هاوردەکردنی هەمووجۆرە ئاژەڵێک و گۆشتی سوور بە هەموو شێوەیەک لە ناوچەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخەیە و ڕێگەی پێنادرێت، تاوەکو ئەو نەخۆشییە چارەسەر دەکرێت و دۆخەکە کۆنترۆڵدەکرێتەوە.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی کشتوکاڵ دوای ئەوەهات، کە نەخۆشی سیل و سیلی سییەکانی مانگا لە پارێزگای واست بڵاوبووەتەوە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار سەر مانگا لەو پارێزگایە لەنێوبران.
بەڕێوەبەری تەندروستی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەفەرمی ئێمەی لەو نەخۆشییە ئاگادار نەکردووەتەوە، بەڵام ئێمە خۆمان بەشێوەی نافەرمی بەدواداچوونمان کردووە.
لەبارەی هێنانی ئاژەڵ و مانگا لە دەرەوەی وڵات، دکتۆر میقداد ئیبراهیم ئاکرەیی، گوتی: ئەو ئاژەڵانە دەبێت مەرجی تەندروستی و بڕوانامەی تەندروستیان هەبێت، هاوکات لەکاتی هاتنیان 21 ڕۆژیش ئەو ئاژەڵانە ڕادەگیرێن بۆ ئەوەی دڵنیابن، کە هیچ نەخۆشییەکیان نییە.
بەڕێوەبەری تەندروستی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، کە ئەو جۆرە نەخۆشییە لە کوردستان بوونی نییە و، ئەوانە بەردەوام پشکنین و بەدواداچوون دەکەن بەتایبەتی لە کوشتارگاکان.
نەخۆشیی سیلی مانگا، نەخۆشییەکی بەکتریاییە، نەخۆشییەکی هاوبەشە و دەگوازرێتەوە لە نێو ئاژەڵ و مرۆڤەوە، بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان 10% سیلی مرۆڤ لە سیلی مانگاوە دەگوزارێتەوە. ئاژەڵی تووشبووی ئەو نەخۆشییە، لاواز و بەرهەمی شیری زۆرکەم دەبێت و لە کۆتاییدا دەمرێت.
دکتۆر خالید عجیاوی، سەرۆکی لیژنەی ژینگە لە ئەنجوومەنی پارێزگای واست ڕایگەیاند، دوای ئەنجامدانی پشکنین لەکۆی 1911 سەر مانگا لە پارێزگاکەیان دەرکەوتووە1174 سەر مانگا نەخۆشی سیل و سیلی سییەکانیان هەیە.
خالید عجیاوی، ڕوونیکردەوە، لیژنەیەک لە ڤێتەرنەری واست، فەرمانگەی تەندروستی و ژینگە و فەرماندەیی پۆلیسی سەرپەرشتی لە نێوبردنی ئەو مانگایانەیان بەشێوەیەکی تەندروست کردووەو هاوکات لیژنەیەکی دیکە پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تووشبوون بەو نەخۆشییە.
سەرۆکی لیژنەی ژینگە لە ئەنجوومەنی پارێزگای واست ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا900 سەر مانگای دیکە ماوە پشکنینیان بۆ بکرێت، ئەگەر دەرکەوت ئەوانیش دووچاری ئەو نەخۆشییە بوونە، بەهەمان شێوە لە نێودەبرێن.
سیلی سییەکان، نەخۆشییەکە دووچاری مانگا دەبێت و نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ-یش دەگوازرێتەوە.
27-07-2017