دواڕۆژ، هانا چۆمانی
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی گرانبوونی نرخی ئارد لەبازارەکاندا، کڕینی گەنم لەلایەن هاووڵاتییانەوە، وەزارەتی بازرگانی ڕایدەگەیەنێت پێویست ناکات خەڵک پارەی خۆی بۆ کڕین و هەڵگرتنی گەنم و ئارد خەرجبکات، چونکە ئەوەی باسدەکرێت ڕاست نیە و سایلۆکانیش بۆ ماوەی زیاتر لە یەک ساڵ گەنمیان تیادایە کە دەکرێت بەئارد و دەدرێتە هاووڵاتیان.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، چەندین دەنگۆ بڵاوبۆتەوە لەسەر ئەوەی گوایە گەنم نامێنیت و خەڵکیش دەستیکردووە بە کڕینی ئارد، گوایە گراندەبێت، یان بازاڕ گرانی تێدەکەوێت، بەڵام ئەوە ڕاست نیە.
دەشڵێت ئەو قسانە تەنیا پڕوپاگەندەن و هیچ بنەمایەکیان نیە، چونکە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتەکانی تر ساڵانە ئامادەکاری خۆیان دەکەن، ئەمساڵیش ئاسایی وەک ساڵانی ڕابردوو، گەنم لە سایلۆکان هەڵگیراوە، بۆیە پێویست ناکات هاووڵاتیان بە قسەی بێ سەرچاوە یان پڕوپاگەندە بترسن.
نەوزاد ئەدهەم، ڕونیشیدەکاتەوە، گەنمی سایلۆکان بۆ ماوەی یەک ساڵی تەواو واتا بەشی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەڵگیراوە بە جۆرێک بۆ هەر کەسێک 9 کیلۆ ئارد لە مانگێکدا.
ئەوەشی خستەڕوو، بڕی گەنمی هەڵگیراو لە سایلۆکان 500 هەزار تەنە، ئەگەر تا یەک ساڵی تر بەکاریبهێنین تا ئەوکاتانە کە کاتی وەرگرتنی گەنم و بەرهەمی وەرزی دروێنە دادێت کێشەی گەنممان نابێت.
نەوزاد ئەدهەم داوا لە هاووڵاتیان دەکات ترسیان نەبێت و دەڵێت پێویست ناکات هاووڵاتیان هیچ ترسێکیان هەبێت، چونکە نە شتی وا ڕوودەدات و گەنم و ئارد گران نابێت، بۆیە پێویست ناکات هەڵیبگرن و لەماڵەوە تێکبچێت و کەسانێک هەبن بەوجۆرە قازانج بەدەست بهێنن و بەرهەمەکانیان ساغبکەنەوە.
27-07-2017