دواڕوژ، هاوڕێ #دوکان#ی
بەڕێوەبەرایەتی وێستەگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دوکان سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی دوو یەکەیە کە بەهۆیەوە بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکات.
ئەندازیار سەلام محەمەد بەڕێوەبەری وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دوکان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند چەند ڕۆژێکە بە توانا و ئەزمونی کارمەندانمان دەستمان کردوە بە نۆژەنکردنەوەی یەکەی پێنچ و دوای ئەویش یەکەی چوار کە بەهەردوو یەکەکە بڕی زیاتر لە 120 ملیۆن دیناری بۆ تەر خانکراوە.
وتیشی لەئێستادا بەهۆی گرتنەوەی ئاوی ئێرانەوە پلانمان گۆڕیوە تەنها یەک وەحدە ئاو دەڕوات زیاتر بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ کردنە و ئەو بڕە کارەبایەش کە بەرهەمدێت، لەئێستادا پەنجا مێگاواتە، بەڵام گەر ئەم دوو یەکەیە نۆژەنکرانەوە ئەوا دەتوانین 120 مێگاوات کارەبا بەرهەمبێنین.
وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دوکان لەساڵی 1954 دروستکراوە لە پێنج یەکەی بەرهەمهێنان پێکهاتووە توانای بەرهەمهێنانی چوار سەد مێگاوات کارەبای هەیە، لە ئێستاشدا گرفتی بودجە و کەمیی کارمەندی پسپۆڕی هەیە.
27-07-2017