خەندان- کۆچەر عەزیز
ڕێباز بە ئەسەف و ئاخێکی قوڵەوە باسی شارام هاوڕێی دەکرد و هەر زوو زوو سەری دادەخست، و دەی گوت، خۆزگە هەرنەچوینایە.
هاوینێکی گەرم بوو، ئێمەش چەند خوێندکارێکی بەشە ناوخۆیی بووین و بڕیارماندا کە پێکەوە سەردانی مۆڵگە و زێدی باپیرانی هەریەکێکمان بکەین، ڕێباز کە خەڵکی سوورە قەڵاتە لە #شارباژێڕ# وای گوت.
بە وتەی ڕێباز کاتێک هاوڕێکانی سەردانی شارباژێڕیان کردووە، شارام گۆمەکەی بینیووە و بڕیاری مەلەکردنیان داوە، و ئەمەش دوادیداریان دەبێت و شارام دەبێتە میوانی هەمیشەی گۆمەکە و بۆ ئەبەدی هاوڕێکانی جێ دەهێڵێت.
چیرۆکی شارام تەنها چیرۆکی قوربانی دەستی گۆم و چەمەکان نییە لە مەلەکردنی هاویناندا، بە تایبەت لە گۆمی مەرگی شارباژێڕدا.
هاووڵاتییان بە گشتی و گەنجان بە تایبەت، بۆ دووربوون لە گەرمای هاوین، ڕوودەکەنە گۆم و چەم و ڕوبار و مەلەوانگەکان و هەندێک جاریش گۆم و چەمەکان ڕەحم بە گیانی مەلەوانەکان ناکەن و بۆ ئەبەدی دەیانگرنە خۆیان.
گۆمی مەرگ لە شارباژێڕ، یەکێکە لە ترسناکترین گۆمەکان و دەوترێت کە زۆر بێڕەحمانە مامەڵە لەگەڵ مەلەوانەکان دەکات و ئۆقرەی ژیانیان لێدەبڕێت.
گۆمەقازان، کە بە گۆمی مەرگ ناسرەوە لە دەڤەری شارباژێڕ، یەکێکە لەوگۆمانەی کەساڵانە بەبەردەوامی دەبێتە شوێنی مەرگ بۆهاوڵاتیان؛ گۆمە قازان دەکەوێتە دووری سی کیلۆمەتر لەباکوری ڕۆژئاوای شاری سلێمانی و ساڵانە بەلایەنی کەمەوە دوو تاسێ هاولاتی تیایدا گیان لەدەست دەدەن.
بەپیی ئامارەکانی پۆلیسی شارباژێڕ، لە ساڵی 2005 ەو تا ئێستا شانزە کەس لەو گۆمەدا خنکاون، هەروەها 10 کەسی دیکەش لە ناوچەکانی (#سنکێ#، #مۆکەبە#، #کەناروێ#، #قەڵاچوالان#، سامان) خنکاون
هیوا سدیق، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارباژێڕ بەخەندان-ی ڕاگەیاند، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لەوگۆمەدا خنکاون لەوژمارەیە زۆر زیاترە، چونکە سەرجەم ئەوکەسانەی لەوگۆمەدا خنکاون لای پۆلیس تۆمارناکرێن، بەشێکیان خێزانەکانیان ڕاستەوخۆ دەیانبەنە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی و بەشێکی تریشیان دەبرێنە نەخۆشخانەکانی چوارتاو قەڵاچوالان.
بەڕێوەبەری پۆلیسی شارباژێر ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا ئەوگۆمە چەند جارێک لەلایەن شارەاوانی چوارتاوە پڕکراوەتەوە، بەڵام سودێکی وای نەبووە، ئەویش بەهۆی جیاوازی ڕێژەی بەرزو نزمی ئاو لە ساڵەکاندا.
گۆمە قازان، هەرچەندە گۆمێکی بچوکە و زۆریش قوڵ نییە، بەڵام بەهۆی سەرنجڕاکێشییەکەیەوە ژمارەیەکی زۆر لەهاوڵاتیان ڕووی تێدەکەن بەمەش مەترسی بۆسەر ژیانیان دروست دەبێت، بۆیە لەئێستادا هاوڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە کەبەهیچ شێوەیەک لەوگۆمەدا مەلە نەکەن چونکە مەترسیدارە بۆ سەر ژیانیان.
گۆمە قازان بووەتە مەزاری زۆرێک لە گەنجانی وەکو شارام، کە هێشتا- بە وتەی کەسوکاری- لە سەرەتاکانی تافی لاوێتیدابووە.
چیرۆکی شارام بووەتە چیرۆکی دەیان ماڵ کە لاوەکانیان لەو گۆمەدا ویستویانە بۆ دووربوون لە گەرمای هاوین ڕووی تێبکەن، بەڵام بۆ هەمیشە نەگەڕاونەتەوە.
هاوکات ئاوارە جەمال ئەحمەد، کە دانیشتووی گوندی سوورە قەڵاتە بەشداری تەرمی دەرهێنانەوەی تەرمی شرام و چەندین تەرمی دیکەی کردووە لەوگۆمەدا، بەخەندان-ی ڕاگەیاند، ئەوەی تا ئێستا لە بیرم مابێت زیاتر خنکانی دووبرایە لەوگۆمەدا لە یەککاتدا کاریگەری زۆری کردووەتە سەرم، تا ئێستاش بیرم ناچێتەوە ڕووداوێکی زۆر ناخۆش بوو.
ئاوارە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوکەسانەی لەوێ بوون پێیان وتبوون ئەو گۆمە مەترسیدارە مەچنە ناوی، بەڵام ئەو دووبرایە گاڵتەیان پێکردبوون، چەندجارێکی دیکەش لەوکاتەدا لەوێ بووین خەڵک خەریکبووە بخنکێن، بەڵام نەمانهێشتووە.
ئاوارە باسی لەوەشکرد، ئەوگۆمە زیاتر لە دوو مەتر قوڵە، بەڵام بەپێی ساڵ گۆڕانی بەسەردا دێت ساڵی وا هەیە ئاوەکەی زۆرە، گۆمەکە چەو لمی زۆری تێدایەو دەری دەدات و قوڵ دەبێت، ساڵی واش هەیە ئاوەکەی کەمە، بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا خەڵکی هەر تێدا دەخنکێت، ئەو گۆمە بەهۆی سەرنج ڕاکێشیەکەی و دڵفڕێنیەکەیەوە خەڵک زۆر زۆر ڕووی تێدەکەن.
پسپۆڕێکی بواری جیۆلۆجی-ش ڕایدەگەیەنێت، زۆر خنکانی خەڵکی لەوگۆمەدا بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ڕوودەکەنە ئەوناوچەیە، بۆ سەیران و گەشت و گوزار، هەروەها گۆمەکانی کوردستان چاڵی و چۆڵی زۆری تێدایە ئەوگۆمە لمی و قوڕە لێوارەکەی لێژە، ئەوەش وا دەکات هەرکەسێک بچێتە ئەوێ قاچی بخزێت.
کەمال حاجی کریم، بەخەندان-ی وت، هۆکارێکی دیکەی زۆری ڕووداوەکانی خنکان لەو گۆمەدا ئەوەیە، ئاوەکەی وەکو شەلالێک وایە کە گێژاوێک دروست دەکات، دەبێتە هۆی خنکانی کەسەکان.
خەندان بۆ وەرگرتنی ئاماری دروست پەیوەندی کرد بەهەریەک لە(نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی و نەخۆشخانەی قەلاچوالان و بەڕێوەبەرێتی تەندروستی چوارتاو بەشی فریاکەوتنی خێرا)، بەڵام هیچ کام لەوانە ئامارێکی دروست و وردیان لەبەردەستدا نەبوو.
27-07-2017