دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
حکومەتی کۆریای باشور لەسەر ئەرکی خۆی بە بڕی 230 هەزار دۆلار بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانەی #هەولێر#ی نۆژەنکردەوە و سەرکونسوڵی کۆریای باشووریش ڕایدەگەیەنێت، هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
پارک یونگ کیو، سەرکونسوڵی کۆریای باشور لە هەولێر بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2005، وەک هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەرکی خۆمان لەناو پارکی سامی عەبدولرەحمان بینای کتێبخانەی گشتی هەولێرمان بە شێوازێکی سەردەمییانە دروستکرد و لە ساڵی 2008 وەک دیارییەک پێشکەشی حکومەتی هەرێم کرا کە بڕی چوار ملیۆن دۆلاری تێچووە.
سەرکونسوڵی کۆریای باشور ئەوەشی خستەڕوو، کتێخانەکە لەسەر ڕووبەری چوار هەزار مەتر دووجا دروستکراوە و دوو نهۆمە، بەڵام دوای نزیکەی 9 ساڵ جارێکی تر تەواوی بینای کتێبخانەکە نۆژەنکرایەوە کە ئەمجارەیان بڕی دووسەد و 30 هەزار دۆلاری تێچووە.
وتیشی جگە لە نۆژەنکردنەوەکە کتێبخانەکە بە ئەلیکترۆنی دەکرێت بۆ ئەوەی خوێنەرانی کتێب بە شێوەیەکی ئاسان بتوانن کتێبەکانیان بە دەست بگات و لە ڕێگەی ماڵپەڕی کتێبخانەی هەولێر سەرجەم کتێبەکان بخوێننەوە.
سەرکونسوڵی کۆریای باشور لە هەولێر ئاشکراشیکرد، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا پڕۆژەیەکی تر پێشکەشی حکومەتی هەرێم دەکەن ئەویش کردنەوەی مەشق و ڕاهێنانە بە فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی و ستانداردی جیهانی کارەکانی حکومەت بەڕێوەبەرن و سەرجەم کارەکانیش لەسەر ئەستۆی حکومەتی کۆریا دەبێت.
هاوکات ناز فەلەکەدین کاکەیی، بەڕێوەبەری کتێبخانەی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، دروستکردنی بینای کتێبخانەی گشتی هەولێر تائێستا لەسەر ئەرکی کۆریای باشور بووە.
ناز ئەوەشی وت، لە کتێبخانەی گشتی هەولێر زیاتر لە سەد هەزار ناونیشانی جیاوازی کتێبی تێدایە کە سەرەکیترینیان بە زمانی کوردین و ئینجا عەرەبی و ئینگلیزی و تورکی و کۆرین.
کتێبخانەی گشتی هەولێر بۆیەکەمجار لە ساڵی 1943 دامەزراوە و تائێستا پارێزراوە، یەکەمینجار لە ناوەڕاستی شار دروستکراوە دواتر گواستراوەتەوە بۆ نزیک قەڵای هەولێر، بەڵام کۆتاجار لەلایەن حکومەتی کۆریای باکوور بیناکە لە ناو پارکی سامی عەبدولرەحمان بە شێوەیەکی سەردەمییانە دروستکرا و ڕۆژانە بە سەدان خوێنەر ڕووی تێدەکەن.
27-07-2017