وەک چۆن زۆربەی پیاوە سوێدییەکان گەشتی تایلاند دەکەن بەمەبەستی دۆزینەوەی هاوڕێی کچ، پیاوانی کوردیش ڕوو لە مەغریب دەکەن.
شەیدابوونی پیاوی بەساڵاچووی سوێدی بە کچانی تایلاندی و ژنانی ئەوان بە پیاوی ئەفریقی شتێکی شاراوە نییە. هەروەها شەیدابوونی پیاوانی کوردیش بە کچانی مەغریبی.
بەپێی بەدواداچوونێکی (رووداو) تەنیا لە سێ شاری سوێد 55 حاڵەتی هاوسەرگیریی کورد و مەغریبی هەیە، دەیان حاڵەتی هاوشێوەش لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا هەیە.
کارزان کامیل، 18 ساڵە لە سوێد دەژی. پێنج ساڵە لەگەڵ کچێکی مەغریبی بوونەتە هاوژین. کارزان دەڵێت: کارەکە ڕێکەوت بوو، پێشتر بەنیاز بووم کچێکی کورد بخوازم، بەڵام ئێستا لەگەڵ هاوژینە مەغریبییەکەم زۆر خۆشحاڵم.
نەجلا هاوژینی کارزانە و خەڵکی شاری کازابلانکای مەغریبە. هێندە لە هاوژینە کوردەکەی ڕازییە دەڵێ: خۆزگە زووتر بمناسیبایە، لەو کاتەوە هەست بە خۆشیی ژیان دەکەم کە کارزانم ناسیوە، هەموو حەسوودیم پێدەبەن کە پیاوێکی وام هەیە.
فاتیمە و ئەحمەد سەرەتا هاوڕێ بوون، دواتر دەبنە هاوژین و ئێستا منداڵێکیان هەیە، ئەوان خۆیان بە نموونەی خێزانێکی سەرکەوتووی بەریتانیا دەزانن و ئێستا پێکەوە ڕێستورانتێک بەڕێوەدەبەن.
ئەحمەد زرار، 16 ساڵە لە بەریتانیا دەژی و هاوژینی پێشووی کە لێی جیابووەتەوە کورد بووە. ئەحمەد بە (رووداو)ی گوت: بەتەما نەبووم ژن بهێنمەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ساڵانە گەشتم بۆ مەغریب دەکرد، لەوێ بەڕێکەوت فاتیمەم ناسی، قەت لەو باوەڕەدا نەبووم ژنێکی مەغریبی ببێتە قسمەتم، بەڵام ئەو هەموو ژیانی غەریبایەتی لەبیر بردمەوە.
فاتیمە ئەبلەحۆ لە خێزانێکی سەرمایەداری مەغریبە، دەڵێت تەنیا خۆشەویستیی ئەحمەد وای لێکردم لەندەن هەڵبژێرم. باوکم هێندەی خۆشدەویستم قەت نەیدەهێشت تەنانەت سەفەر بۆ شارەکانی دیکەی مەغریبیش بکەم.
ئەوان بە پێکەنینەوە چیرۆکی ژیانی خۆیان گێڕایەوە کە چەند جارێک لە لەندەنەوە ئەحمەد و کەسوکاری چوونەتە ڕیبات تا قەناعەتیان بە باوکی فاتیمە کردووە. فاتیمە گوتی: پاش ئێمە، زینەی پوورزاشم شووی بە کوردێک کرد لە سوێد و ئێستا ژیانێکی خۆشیان هەیە.
سەعید حەمەفەرەج، کۆمەڵناسێکی کوردی دانیشتووی سوێد، پێشتر لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی تێکەڵبوونی کورد و کۆمەڵگەکانی دیکە لەڕێی هاوسەرگیرییەوە کردووە و دەڵێت ڕێژەی هاوسەرگیری لەنێوان کورد و مەغریبی زۆر زیاترە لە پێکەوەنانی خێزان لەنێوان پیاوی کورد و ژنی سوێدی.
ئەو کە بۆ لێکۆڵینەوەکەی 25 خێزانی بە نموونە وەرگرتووە، دەڵێت: وێڕای بوونی کێشە و لەمپەری بەردەم تێکەڵبوون، بەڵام زۆرینەی حاڵەتەکان سەرکەوتوو بوون.
سەعید حەمەفەرەج دەڵێت کورد پێشتر یەکێک بووە لە کۆمەڵگە داخراوەکان، تەنانەت لە ناوخۆیشیان کەمتر هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام ئێستا وا نییە ڕێژەی تێکەڵاویی کورد و مەغریبی لە ڕێگەی دروستکردنی خێزان زۆر زیاترە لە ڕێژەی هاوسەرگیریی نێوان ژن و پیاوی دهۆکی و سلێمانی.
بەڕای ئەو لێکۆڵەرە کوردەی سوێد، خێزانی تێکەڵ لە کورد و مەغریبی زۆر سەرکەوتوو دەبن کورد کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووە و ژنانی مەغریبیش کراوەن، ئەم تێکەڵاوییە کولتووری نوێ دروست دەکات، نەوەی داهاتووی ئەم میسکە زۆر زیرەک و سەرکەوتوو دەبن.
گوتیشی لە داهاتوودا کۆمەڵگەی کوردی و مەغریبی زۆر تێکەڵ دەبن.
ئەمە خۆکوشتنی کچانی مەغریبە!
محەممەد کزێمی کۆمەڵناسێکی مەغریبیی دانیشتووی سوێدە لە ماڵپەڕی (هێسپرێس) کە ماڵپەڕێکی ناسراوی مەغریبیە، بابەتێکی لەبارەی دیاردەی هاوسەرگیریی نێوان پیاوانی کورد و ژنانی مەغریبی نووسیوە و دەڵێت هاوسەرێتی کچە مەغریبییەکان لەگەڵ پیاوانی کورد خۆکوشتنە. کزێمی باس لە بەسەرهاتی کچێکی مەغریبی بەناوی خەدیجە دەکات و دەڵێت: هاوژینە کوردەکەی ئەوەندە لەگەڵی خراپ بووە، تەنانەت بواری بۆ نەهێشتووەتەوە ئیقامە وەربگرێ و دواتر دیپۆرت کراوەتەوە. کزێمی دەشڵێت: کچە مەغریبییەکان دڵ پاکن، بەڵام پیاوی کورد لەگەڵیان خراپن و تەنیا کاتی خۆیانیان پێ بەسەردەبەن.
بابەتەکەی ئەو نووسەرە گفتوگۆی زۆری هەڵگرتووە، زیاتر لە 500 کۆمێنتی بۆ نووسراوە. زۆربەیان بۆچوونەکەی کزێمی ڕەتدەکەنەوە. یەکێک لەوان دەڵێت: خۆزگە منیش پیاوەکەم کورد بووایە.
یەکێکی دیکە لە وەڵامدا باسی سەرکەوتوویی ژیانی خوشکەکەی کردووە لەگەڵ هاوسەرە کوردەکەی.
27-07-2017