لە ماوەی دوو ڕۆژدا زیاتر لە 19 هەزار و 600 کەس سەردانی پێشانگای ڕوانگە فورەسیان کرد، لەو ماوەیە نزیکەی 39 هەزار سی ڤی دراون بە 100 کۆمپانیا و ڕێکخراوی بەشدار، تەنها هەزاریان چانسی وەرگرتنی کاریان هەیە.
نوێنەری یەکێک لە کۆمپانیاکان دەڵێت، 40 هەلی کاریان ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەگەر توانا و پسپۆڕیی پێویستیان دەستکەوێت تا کۆتایی ساڵ 70 کەس وەک کارمەند وەردەگرن. لە میانی سێ مانگی دیکەدا ڕوانگە فورەس دوو هەزار و 500 هەلی کاری دیکە ڕادەگەێنێت.
لەگەڵ بوونی قەیرانی دارایی و قوڵبوونەوەی کێشەکانی بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان، هێشتا لە پێشانگاکەدا بە هۆکاری فراوانکردنی کار و کردنەوەی لقی نوێ، کۆمپانیاکانی تایبەت بە سێکتەرەکانی گەیاندن و هاوردەکردن و بریکاری بەراورد بە سێکتەرەکانی دیکە، هەلی کاریان زیاتر خستبووە ڕوو، ئەو کۆمپانیایە زیاتر لە 40 هەلی کاری خستە بەردەمی کارخوازان، بڕیاریشیانداوە تاوەکو کۆتایی ساڵ، 70 هەلی کاری دیکە بخەنەڕوو.
ژمارەی زۆری کارخوازان و کەمی هەلەکانی کار، بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە کە ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان لە 14%ی تێپەڕاندووە، تەنها لەنێو توێژی گەنجاندا 67 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان بێکارن.
27-07-2017