ڕۆژنیوز هاوڕێ کرێکار
ڕۆژنامەنووسێک پێیوایە، نەبوونی یاسا و پەکخستنی پەرلەمان و لاوازی ڕۆڵی داواکاری گشتی و دادگاکان و دەستێوەردانی حزب لە کاروباری یاسا، هۆکارە بۆ هەڵکشانی ئاماری دەستگیرکردن و ڕفاندن و تیرۆرکردنی دەنگە ئازادەکان.
بەپێی ئامارێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا، 421حاڵەتی پێشێلکاریی بەرامبەر بە مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان کراوە، لەو ژمارەیەش150حاڵەتی پێشێلکاریی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان کراوە، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی لێژنەی داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسانی سەر بە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا 42حاڵەتی پێشێلکاریی بەرامبەر 52 ڕۆژنامەنووس تۆمار کراوە.
هێمن مامەند، ڕۆژنامەنووس لەبارەی بەردەوامی گرتن و ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕۆژنیوز وتی: نەبوونی یاسا وپەکخستنی پەرلەمان و لاوازی ڕۆڵی داواکاری گشتی و دادگاکان و دەستێوەردانی حزب لە کاروباری یاسا، وایکردووە دەستگیرکردن و ڕفاندن و تیرۆرکردنی دەنگە ئازادەکان ڕوو لەزیادبوون بکات، هەروەها دەستگیرنەکردنی بکوژانی ڕۆژنامەنووسان لەڕابردوو، بۆتە هۆی بێباکی حزب و ئەو مافیایانەی، کەدژی دەنگە ئازادەکانن، ئەوان بێ باکن و ناترسن لە کوشتن و ڕاوەنانی دەنگە ئازادەکان، چونکە باش دەزانن کەس نییە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات.
هێمن مامەند وتیشی: لەلایەکی تر، بێدەنگی و چاوپۆشی کونسڵخانە و وڵاتە زلهێزەکان لە بەرامبەر دەسکەوتە ئابورییەکان، دەسەڵاتی کوردی بێ باکتر کردووە، ئامارەکان ئاماژە بۆئەوە دەکەن، لەگەڵ نزیکبونەوەی ڕۆژی ڕیفراندۆم، پێشێلکارییەکان ڕوو لەزیادبوون بکەن، ئەوەش لە سەرئەنجامی ململانێی تەسکی حزبایەتی و نەبوونی یاسا و پەکخستنی پەرلەمانە.
لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامەنووس جەلال هۆرێنی بە ڕۆژنیوزی وت: لەکوردستان یاسا بەرقەرار نییە، لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران بەکار دەهێنریت، ڕۆژنامەنووسان ئەو توێژەن، کە زۆرترین پێشێلکاریان بەرامبەر دەکرێت، بەپێ ڕاپۆرتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ، ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک لەدادگا سکاڵا لە دژی بەرپرسێک تۆمار بکات، دادگاکان ئامادەنین لێکۆڵینەوە لەو کەیسە بکەن، بەڵام بەپێچەوانەوە بەرپرسان سکاڵا لەسەر ڕۆژنامەنوس تۆمار بکەن، دادگاکان یاساکانی بەعس بەکاردەهینن بۆ دژی ڕۆژنامەنووسان.
جەلال هۆرێنی وتیشی: بۆیە چاوەڕوان ناکرێت هیچ کەیسێکی ڕۆژنامەنووسان، بەتایبەت ئەوانەی شەهیدی قەڵەمن، وەک وەدات و کاوە و سەردەشت، یەکلایی بکرێنەوە، لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندی دەسەڵات کۆتایان دێت.
شەماڵ ڕەوف، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی، بۆ ڕۆژنیوز وتی: بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی ساڵانە ڕێکخراوەکەمان بڵاوی دەکاتەوە، ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان لەئاستێکی خراپدایە، ئەم پێشێلکردنەی ئازادی ڕادەربڕین لە لایەن حزب و خەڵک و دەسەڵاتەوە دەکرێ، بەشێوەیەکی گشتی تەمومژاوێکی زۆر هەیە لەسەر ئازادی ڕادەربڕین لە باشوری کوردستان.
شەماڵ ڕەوف وتیشی: دەسەڵات زۆرترین پێشێلکاریی دەکات بەرامبەر بە نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی و سیاسی، گرفتە گەورەکەش ئەوەیە ئەوانەی هەمیشە هێڕش دەکەنە سەر ئازادی ڕادەربڕین بکەرەکانیان نادیارن و نادۆزرێنەوە.
28-07-2017