نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە #داعش# دەڵێت: ژمارەی چەکدارانی داعش بە چەکداری بیانیشەوە بۆ نزیکەی 12 هەزار چەکدار کەمبووەتەوە. دەشڵێت: دیارنییە بەغدادی زیندووە یاخود مردووە، بەڵام ئەوەی ڕوونە فەرماندەیی و کۆنترۆڵی بەغدادی بەسەر ڕێکخراوەکەی زۆر قورس و ئەستەمبووە.
برێت مەکگۆرک، نوێنەری، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتیدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرکەر ئاماژەی بە قۆناخەکانی شەڕی دژ بە داعش و هەروەها دۆخی ئێستای ئەو ڕێکخراوە داوە.
مەکگۆرک لەبارەی چەکدارە بیانییەکانی داعش ڕایگەیاندووە لە سەرەتای دروستبوونی ڕێکخراوەکە نزیکەی 40 هەزار چەکداری بیانی لە 100 وڵاتی جیاوازەوە چوونەتە نێو داعش.
مەکگۆرک هۆکاری سستی شەڕی #موسڵ# لە سێ هەفتەی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆر چەکداری بیانی کە لە موسڵی کۆن ماونەتەوە و بەرگریانکردووە، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەدات کە لە نێو موسڵی کۆن چەکدارە بیانییەکانی داعش بەدەر لە زمانی لۆکاڵی، هاوکات بە زمانی چینی، ڕووسی، ئەڵمانی و هەروەها فەڕەنسیش قسەیانکردووە.
مەکگۆرک لەبارەی ژمارەی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە لە دوای شەڕی موسڵ ئاماژەی بەوەدەکات کە ئیستا بە چەکداری لۆکاڵی هەروەها بیناییەکانیش داعش نزیکەی 12 هەزار چەکداری ماوە، دەشڵێت: هەموو چەکدارە بیانییەکانی داعش دواجار دەکوژرێن.
لەبارەی چارەنووسی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشیش دەڵێت، دیارنییە بەغدادی کوژراوبێت یاخود تاوەکو ئێستا زیندووبێت، بەڵام ئەوەی ڕوون و دیارە فەرماندەیی و کۆنترۆڵی بەغدادی بەسەر ڕێکخراوەکەی زۆر قورس و ئەستەمبووە.
نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەبارەی ڕۆڵی هاوپەیمانان لە دوای ڕووخانی خەلافەتەکەی بەغدادی لە سووریا و عێراق دەڵێت: ئێستا لەگەڵ حکومەتی عێراق لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی بزانین ڕۆڵی هاوپەیمانان لە دوای داعش چی دەبێت. جەختیش لەوە دەکاتەوە هاوپەیمانان دەیانەوێت لەدوای داعشیش ڕۆڵیان لەناوچەکە هەبێت، بۆئەوەی ڕێگری لە دووبارە دەرکەوتنەوەی داعش بگرن.
28-07-2017