تیرۆری سپی، یان ڕووداوەکانی هاتووچۆ هەڕەشە لە دانیشتووانی #گەرمیان# دەکەن، بەپێی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی ڕووداو کەوتوون، لەماوەی شەش مانگدا لەو سنوورە، 28 کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
ئاریان عەلی، مامۆستایە، یەکێکە لەو کەسانەی تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بووە و بەهۆیەوە حەوزی درزی داوە، نزیکەی سێ مانگە له جێگەدا کەوتووە.
ئاریان عەلی باسی ئەو ساتە دەکات کە ڕووداوە ناخۆشەکە ڕوویداوە و، دەڵێ لەکاتی چوونمان بۆ دەوام 14 کەس بووین و، ئۆتۆمبێلەکەمان وەرگەڕا. دوو هاوڕێم گیانیان لەدەست دا، 12ی دیکەمان بریندار بوون. منیش سێ مانگە لەسەر جێگادا کەوتووم.
رێگاکانی دەرەوەی شار لە گەرمیان، بوونەتە گۆڕەپانی پێکدادان و وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکان. بەپێی ئامارەکان لە 1-1 تاکو 1-6ی ئەمساڵ 28 کەس، بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و، 149 کەسی دیکەش بریندار بوون.
د. سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان دەڵێ زۆربەی ئەوانەی تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبن، ئەوانەی دەمرن، ئەوانەشی زیندوون، تووشی خوێنبەربوونی ناوەوەی کەلەی سەر و سک دەبن واتە هەناو، لەگەڵ شکانی قاچەکانیان.
خراپی ڕێگاکان و بێ کۆالێتیی ئۆتۆمبێلەکان، هەروەها پابەندنەبوونی شۆفێرەکان بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ، هۆکاری ڕوودانی ڕووداوەکانی هاتووچۆن لە سنووری ئیدارەی گەرمیان.
عەمید ناسر ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتوچۆوی گەرمیان لەمبارەیەوە دەڵێ ''کامێرای چاودێریمان داناوە، بەردەوامیش دایدەنێین و، ئامێرەی سەرپێچیی نوێمان بۆ هاتووە. تەنها یەک ئەفسەرمان لەماوەی یەک مانگدا هەزار و 400 سەرپێچی شۆفێرانی تۆمارکردووە و سزایی ماددی داون.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هاتووچۆی گەرمیان: لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە سەر ڕێگاکانی کەلار، سلێمانی، کفری، خانەقین و ناوشاری کەلاردا 106 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویان داوە، بەهۆیانەوە 177 ئۆتۆمبێل لە جۆری بارهەڵگر، تایبەت، کرێ، ماتورسکیل تێکشکاون کە هەندێکیان چاککردنەوەیان ئەستەمە.
29-07-2017