ڕۆژنیوز هاوڕێ کرێکار
بەشێک لەو کەسانەی ڕوو لە ڕووباری #سیروان# دەکەن بۆ مەلەکردن، پێیانوایە نەشارەزایی لە ئاوەکە و نەبوونی هێماکانی ئاگادارکردنەوە و نەزانینی مەلەکردن هۆکاری زۆری ڕێژەی خنکانە.
ماوەیەکە خنکانی گەنجان لە ئاوەکانی هەرێمی کوردستان بووەتە دیاردە و کەم ڕۆژ هەیە هەواڵی خنکانی گەنجێک بڵاو نەبێتەوە، تەنها ئێوارەی ڕابردوو گەنجێک لە ئاوی سیروان و گەنجێکیش لە ئاوی دەربەندی ڕانیە خنکان.
جەلال محەمەد فەرەج هاوڵاتی، بۆ مەلەکردن هاتبووە سەر یەکێک لە گۆمەکانی سەر ڕووباری سیروان لە گەرمیان، ئەو بە ڕۆژنیوزی وت: من لە ساڵی هەشتاکانەوە لەنێو ڕووبار مەلە دەکەم، هۆکاری زۆری خنکانی گەنجان دەگەڕێنمەوە بۆ مەلە نەزانییان لەنێو ڕووباری سیروان و نەبوونی شارەزاییان لەسەر ڕوباری سیروان، کە کام جێگای خراپە بۆ مەلەکردن یان کامیان گونجاوترە.
وتیشی: ڕووباری سیروان ئێستا خراپ بووە و وەک جاران نەماوە، ڕێڕەوی ڕووبارەکە گۆڕاوە بەهۆی کارکردنی کارگەکانی چەو و لم، نازانرێ کام جێگا تەنکە و بەکەڵک مەلەکردن دێت و کام جێگا بەکەڵک نایەت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووباری سیروان ئاوەکەی تیژڕەوە و گۆماوەکان ئاوەکەی وەستاوە.
هێمن خورشید گەنجێکی دانیشتوی گەرمیان، بۆ مەلەکردن ڕووی لە ڕووباری سیروان کردووە، ئەو بۆ ڕۆژنیوز وتی: نەبوونی هێمای ئاگادارکردنەوە و زانیاری لەسەر ئەو شوێنەی گەنجان مەلەی تێدا دەکەن، هۆکارێکە بۆ ئەوەی بەزۆری گەنجان بخنکێن لەنێو ڕوباری سیروان، پێویستە لەو شوێنانەی، ژمارەیەکی زۆر گەنج مەلە دەکەن هێمای ئاگادارکردنەوە و زانیاری پێویست دابنرێت.
هێمن خورشید وتیشی: لە بەشێکی زۆر ئەو گۆماوانەی لەسەر ڕووباری سیروان لە لایەن خاوەن کارگەی چەو و لمەکانەوە دروستکراون، قوڵی و درێژی گۆماوەکە دیاریکراون بۆ ئەو کەسانەی ڕوو دەکەن ئەو شوێنە بۆ مەلەکردن، ئەمەش بۆ خۆی هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی خنکانی گەنجان، بۆیە پێویستە ئەم کردارەش لەسەر ڕووباری سیروان بوونی هەبێ.
هەروەها بورهان ئەحمەد گەنجێکی دیکەیە و بۆ مەلەکردن چوەتەسەر ڕووباری سیروان، بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە ئێستادا بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما و کەمی کارەبا، هاوڵاتیان بۆ بەسەربردنی چەند کاتێک خۆشی و هەڵمژینی هەوایەکی پاک ڕوو دەکەنە سەر ڕووباری سیروان، بەداخەوە ئەوەی جێگەی نیگەرانیە، بەشێک لەو خێزان و گەنجانەی دێنە ئێرە، لەدوای خۆیان پاشماوەی خواردن و خواردنەوەکانیان بەجێدەهێڵن و ژینگەی ناوچەکە پیس دەکەن.
بورهان ئەحمەد وتیشی: دەمەوێت ئەوە بڵێم پێویستە گەشتوگوزاری گەرمیان، لەو کۆمەڵە شوێنەی خەڵک ڕووی تێدەکات، سەبەتە دابنێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان پاشماوەی خواردنەوەکانی تێ بکەن بۆ ئەوەی ئەو شوێنە گەشتیارییانە پیس نەبن.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە ڕۆژنیوز لای خۆی کۆیکردووەتەوە، لە مانگی حوزەیران و تەمووزی ئەمساڵدا، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 23 کەس لەنێو ڕووباردا خنکاون و گیانیان لەدەستداوە.
29-07-2017