دواڕۆژ، ڕێبین حەسەن
دوای ساڵێک لەداخستنی ژمارەیەک بنکەی تەندروستی لەسنووری گوندەکانی شارۆچکەی #پێنجوێن# و دەوروبەری، تائێستا نەتوانراوە ئەو بنکانە بەڕووی هاوڵاتیانی گوندەکاندا بکرێنەوە و ئەوەش گرفتی بۆ گوندشینان دروستکردووە.
لوقمان لەتیف، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن، لەلێدوانێکدا بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لەساڵی 2016دا و بەهۆی نەبوونی پزیشک و کارمەندی پێویست و بەردەوامیی قەیرانی دارایی، (11) بنکەی تەندروستی لەچەند گوندێکی سنووری شارۆچکەی پێنجوێن داخران.
وتیشی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و دووبارە کردنەوەی ئەو بنکانە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە، نزیکەی (33) کارمەند بەشێوەی خۆبەخش دامەزران.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە، بەداخەوە بەهۆی ئەوەی کە ئەو کارمەندانە لەماوەی ساڵێکدا تەنیا 300 هەزار دیناریان وەرگرتووە، بۆیە نەیانتوانی بەردەوام بن لەکارەکانیان و بەوەش جارێکی تر ئەو بنکانە داخرانەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات ئەو بنکانە پێداویستی و کەرەستەی مانەوەی بۆ پزیشک و کارمەندەکان پێویستە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم، ئامادەنەبوون ئەوانەش دابینبکەن.
لێپرسراوەکەی نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن وتیشی لەئێستادا دانیشتوانی ئەو گوندانەی کە بنکەی تەندروستییان داخراوە، ناچارن بۆ چارەسەری پزیشکی، ڕوو لەسەنتەری شارۆچکەی پێنجوێن بکەن، کە ئەوەش بۆتە جێگەی نیگەرانی و پێویستە گوندنشینان ماوەیەکی زۆر ببڕن تاوەکو بۆ چارەسەری پزیشکی دەگەنە ناو پێنجوێن.
29-07-2017