ئەم مانگە 1500 کەس بەهۆی سکچوون و ڕشانەوە سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەناوی #سلێمانی#یان کردووە کە 700 کەسیان بەو هۆیەوە خەوێندراون.
بەپێی ڕاگەیێیدراوێکی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەناوی سلێمانی کە (#ڕووداو#) بەدواداچوونی بۆ کردووە، لە مانگی تەمموزی 2017 دا ئەو نەخۆشخانەیە پێشوازی لە 1500 حاڵەتی سکچوون و ڕشانەوە کردووە کە 700 کەسیان پێویستیان بەوە بووە لەو نەخۆشخانەیە بخەوێندرێن بە مەبەستی چارەسەر.
د.میران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لەبارەی سرووشتی حاڵەتەکانەوە بە ڕووداوی گوت هیچ یەک لەو حاڵەتانە تووشبووی کۆلێرا نەبوون و هیچ حاڵەتێکی مردنیشمان بە سکچوون لە سلێمانی تۆمارنەکردووە لەکۆی ئەو حاڵەتانە، هەموو حاڵەتەکانی سکچوون کە ڕوویان لە فریاکەوتنی هەناوی کردووە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە سەرەرای گوشارەکانی قەیرانی دارایی لەسەرمان.
ئێستا وەرزی دڵخوازی کۆلێرایە و لە چەندین ناوچەی جیهان قوربانی زۆری لێکەوتووەتەوە، بە تایبەت یەمەن کە هێندەی نەماوە ڕیکۆردی جیهانی بشکێنێ لە ژمارەی قوربانییانی کۆلێرا.
شەممە 29 ی تەمموز ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند لە 27 ی نیسانی ئەمساڵەوە کە کۆلێرا گەیشتە یەمەن، تاکو ئێستا نزیکەی 420 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکراون کە 1992 کەسیان بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە مردوون.
30-07-2017