دواڕۆژ، زریان محەمەد
ترس لە داخستنی سنور پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لای بەشێک لە هاوڵاتیان سەریهەڵداوە، بەڵام بازرگان و شارەزایانی بوارەکە بەدوری دەزانن وڵاتانی دراوسێ سودە ئابورییەکانی خۆیان پشتگوێبخەن و سنور دابخەن، چاودێری بازرگانیش دڵنیایی دەدات.
ماوەیەکە دیاردەی کڕینی گەنم و پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆراک لە ناو بازاڕەکاندا بەدیدەکرێت.
ئەوەش پەیوەندی به و ترسەوە هەیە کە لای هەندێک لە هاوڵاتیان دروستبووە، بەهۆی ئه و هەنگاوانەی لەسەر ئاستی هەرێم بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەنرێت.
ئەگەرچی ئه و ترسە تا ڕادەیەک نرخی هەندێک لە شمەکەکانی گران کردووە، بەڵام بازرگانان پێش لایەنە پەیوەندیدارەکان دڵنیایی دەدەن و دەیانەوێت ئه و ترسە بڕەوێننەوە.
نەجم عەلی، خاوەنی دوکانی دانەوێڵە لە بازاڕی سەعید تەها کۆیی لە سلێمانی بە دواڕۆژی وت نرخی گەنم لە ئێستادا لەچاو مانگێک پێشتر بۆ هەر تەنێک 250 هەزار دیناری چۆتە سەر.
وتیشی گەنم ئەوەی بۆ ئارد دەبێت لە 300 دینارەوە بووە بە 600 دینار ئەوەی بۆ ساوەریش دەبێت لە 600 دینارەوە بووە بە 750 دینار و ڕۆژانەش خەڵک گەنم دەکڕێت، بەڵام خەڵک بۆ ئەوە دەیکڕن کە لەماڵەوە هەیانبێت بەپێی گیرفان و بژێوی ژیانیان دەیکڕن.
ئاماژەی بەوەشدا، نرخی نۆک و نیسک و خۆراک فەرقیان نەکردووە وەک خۆیان دەفرۆشرێن.
بازرگانێکیش ڕەتیدەکاتەوە کە مەترسی داخستنی سنورەکان هەبێت و پێیوایە سەرجەم وڵاتە دراوسێکان پێویستیان بە بازرگانییە لەگەڵ کوردستان.
عومەر جاف، بازرگانێکی خۆراکە لە سلێمانی و شارەکانی عێراقدا کاردەکات ئەو بە دواڕۆژی وت تورکیا و ئێران ساڵانە بازرگانیەکی زۆر لەگەڵ کوردستان دەکەن، بۆیە هیچ کامێکیان نایانەوێت ئەو بازرگانیە ببڕن، تورکیا بازرگانێکی زۆری تێدایە کە کار لەگەڵ کوردستاندا دەکات، هەر کاتێک سنور داخات زیانێکی زۆر بە کەرتی بازرگانییەکەی دەگات، ئێرانیش ناتوانێت سنورەکەی داخات لەبەر هەناردەکردنی مادەکانیان بەڕێژەیەکی زۆر بۆ کوردستان.
ئەو بازرگانە پێیوایە ئێران و تورکیا هیچ کات ئەوەندە تەبانابن پێکەوە سنور داخەن، چونکە ئەگەر تورکیا دایخات ئێران دەیکاتەوە و بەپێچەوانەشەوە، بۆیە ئێمە وەک بازرگانان هیچ مەترسییەک نابینین.
بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانیش دەڵێت، هەموو ڕێگرییەک دەکات لەو بازرگان و دوکانانەی بیانەوێت کاڵا کەم بکەنەوە یان گرانی بکەن.
سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لیژنەکانمان لەناو بازاڕدا بەتەواوی چاودێری بازاڕ دەکەن هیچ کێشە و گرفتێکمان نییە لە خۆراکدا، سەردانی کۆگاکانمان کردووە هەموو شتێکی تیادا زۆرە نرخیش وەک خۆیەتی.
وتیشی بەرزبوونەوەی نرخی گەنم پەیوەندی بەوەوە هەیە کە جوتیاران نەیاندا بەحکومەت و خۆیان فرۆشتیانەوە، بۆیە گەنمیش هاوردەکردنی لە ئێران و سوریا و تورکیاوە ئاسانە و گەر پێویست بکات هیچ کێشەیەکی نییە بۆ کوردستان.
31-07-2017