دواڕۆژ، ئاکۆ و عیسا
ژمارەیەک کێڵگە لە سنوری شارۆچکەکانی سۆران و #شەقڵاوە# کە بەمین و تەقەمەنی داپۆشرابوون دوای پاککردنەوەیان ڕادەستی خاوەنەکانیان کرانەوە و #دەزگای مین#یش دەڵێت، هێشتا نزیکەی 347 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی هەرێم ماوە پاکبکرێتەوە.
زێبار خالید، بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مین لە سنوری پارێزگای هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لە پاشماوەی مین و تەقەمەنی جەنگ، سێ کێڵگە بە ڕووبەری (345.000) مەتر دووجا لە سنوری قەزاکانی سۆران و شەقڵاوە پاککرانەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کرانەوە.
وتیشی پاککردنەوەی ئه و کێڵگە داپۆشراوانە لە مین و تەقەمەنی سوودی زۆری بۆ هاوڵاتیان هەیە و لەمەودوا دەتوانن، بەبێ کێشە و هەبوونی مەترسی لە سەر ژیانیان، سودیان لێوەربگرن.
بەرپرسەکەی دەزگای کاروباری مین ئاماژەی بەوەشدا، تیمەکانیان لەسەر کاری پاککردنەوە بەردەوامدەبن، چونکە هێشتا سەدان کێڵگەی مین و تەقەمەنی لە دەڤەری سۆران ماون کە پاکبکرێنەوە.
بەپێی دەزگای مین لەماوەی ساڵی ڕابردوودا توانراوە 18 ملیۆن مەتر دووجا لە خاکی هەرێمی کوردستان لە مین و تەقەمەنی پاکبکراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا نزیکەی ڕووبەری 347 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی هەرێم ماوە پاکبکرێتەوە.
پێشتر محەمەد ئەحمەد، سەرۆکی دەزگایی گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ ئاماری قوربانیانی مین لە کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، 13 هەزار و 940 کەس بوونەتە قوربانی، له و ڕێژەیە 11 هەزار و 641 کەس گیانیان لە دەستداوە و دوو هەزار و 351 کەسیش کەمئەندام بوون.
31-07-2017