درووستکردنی #بەنداوی داریان# لەسەر ئاوی ڕووباری #سیروان# لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە زیانێکی زۆری بەناوچەی #هەورامان#-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە و ئەندازیارێک دەڵێت: زیاتر لە چل شوێنەواریی مێژوویی ناوچەکە کەوتوونەتە ژێر ئاو و بەتەواویی لەناوچوون.
ماوەی نزیکەی پێنج ساڵ دەبێت ڕژێمی ئێران بەبیانووی گلدانەوەی ئاو بەنداوێکی لەسەر ئاوی ڕووباری سیروان درووست کردووە، کە جگە لە زیان گەنیاندنی گەورە بە باشووری کوردستان، بەهۆی بەرزبوونەوەی بڕی ئاوەکەش زیاندی بە چەند گوندێکی ناوچەی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە.
یەکێک لە هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندی کەلجی هەورامان بەناوی نەسروڵا سەجادی، بۆ ڕۆژنیوز وتی: بەهۆی درووستکردنی بەنداوی داریان بەدرێژایی چەندین کیلۆمەتر باخ و زەوی کشتوکاڵی و خانووی هاووڵاتییان و چەندین پردی مێژوویی لە هەورامان کەوتنە ژێر ئاو بەتایبەت لە گوندی سلێن، کە نیوەی خانووەکانی ئەو گوندە نوقمی ئاوەکە بوون، کە ئەمەش کارەساتێکی مێژوویی و ژینگەییه.
نەسروڵا، وتیشی:لە سەرەتای درووستکردنی بەنداوەکەوە چەندین جار هەوڵماندا، کە ڕێگریی لە تەواوکردندی بەنداوەکە بکەین، بەڵام بەداخەوە بەهۆی سووربوونی دەسەڵاتدارانی ئێران خاوەن شوێنەکان ناچارکران، کە قەرەبوو وەرگرن، نەیاندەهێشت لەبەر چەند دۆنمێک باخ و زەوی پڕۆژەیەکی لەو جۆرەیان کە چەندین ملیۆن دۆلاری تێچووە بیوەستێنن و هەر کەسێک ئەوەی قەبوڵ نەکردایە ڕەوانەی دادگای دەکرد.
هەروەها، د. موختار هاشمی، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری گرووپی ڕزگارکردنی کانی بڵ لە سنە، بە ڕۆژنیوزی وت:لە ساڵی 2016 کۆنفرانسێکی زانستیی لەسەر ئاکامەکانی درووستکردنی بەنداوی داریان بەڕێوەچوو، لە دەرئەنجامی کۆنفرانسەکەدا ئەوە خرایە ڕوو، کە بەهۆی درووستکردنی بەنداوەکەوە 42 شوێنەواری مێژوویی وەکوو ئەشکەوت و پرد و گۆڕستان و نەخشی سەر بەردەکان و قەڵا و ڕێگەی کوێستانی کەوتوونەتە ژێر ئاو و بەتەواوەتی لەناو چوون، کە مێژووی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ 70 هەزار ساڵ پێش زاین و هەندێکی تریان بۆ پێنج سەدە پێش زایین.
پڕۆژەی بەنداوی داریان لە ساڵی 2010ەوە لەسەر ڕووباری سیروان و لە نزیکی گوندەکانی وڕا و داریان و هەجیج لە هەوراماندا دەستی پێ کردووە، ئەم بەنداوە لە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشاندایە و بەنداوێکی خاکییە و بەرزایییەکەی 155 مەتر دەبێت.