رۆژی 18-11-1980 هێزێکی یەکێتی لە ناوچەی پیرانەڕەش لە پشدەر بەرەوڕووی هێرشێکی هێلیکۆپتەرەکانی سوپای عێراق دەبنەوە، لەوێدا نۆ پێشمەرگە شەهید دەبن و 12ی دیکەش بریندار دەبن، یەکێک لە بریندارەکان عومەر سەید عەلی دەبێ کە تاوەکو ئێستاش کاریگەریی ئەو برینداربوونە بە جەستەیەوە دیارە.
نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان کە 19-05-2017 ماڵئاوایی لە ژیان کرد، لە کتێبی پەنجەکان یەکتر ئەشکێنن، دەنووسێت: سەید عومەریان لەناو دارەمەیت هێنایەوە ناوزەنگ، پشتی وەک بێژنگی لێ هاتبوو، چەند پارچەیەک لە بڕبرەی پشتی دابوو. هەردوو قاچی لەکارکەوتبوو، لە نەخۆشخانەکەی خۆمان تەداوییەکی سەرەتایی کرا، دەستبەجێ ڕەوانەی ئێرانمان کرد. پاش ماوەیەک لە ئێرانەوە چووە سوید، ماوەیەکی درێژ لە نەخۆشخانەدا مایەوە. هەرچەندە قاچەکانی کەوتنەوە کار، بەڵام هەرگیز وەکو جارانی لێ نەهاتەوە.
عومەر سەید عەلی دوای 37 ساڵ لە گەڕانەوەی لە لێواری مەرگ، لە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا دەبێتە کەسی یەکەمی بزووتنەوەی گۆڕان.
لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی جێگری سکرتێری یەکێتی، نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2006 یەکەم کەس کە چاوەڕێی کردبوو بچێتە گردی زەرگەتە، عومەری سەید عەلی بووە. بەڵام عومەری سەید عەلی لە 2009 ماڵئاوایی لە یەکێتی دەکات، کاتێکیش دەچێتە گردی زەرگەتە، نەوشیروان مستەفا ژوورە تایبەتەکەی خۆی دەداتێ.
دانیشتن لە پشتی دەرگا
دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، سەید عومەر هەر لەو ژوورەدا مایەوە، کاتێک دەچیتە ژوورەکەی کەس لەوێ نابینی، بەڵام کە سەیری پشتی دەرگاکە دەکەی پیاوێکی تەمەن 72 ساڵ بە خۆی و گۆچانەکەیەوە لەسەر کورسییەک دانیشتووە، هەرگیز ناچێتە سەرووی میوانەکانی دانیشێ، تەنانەت کە هەفتەی ڕابردوو بووە ڕێکخەری گشتی، لەسەر کورسییەکەی نەوشیروان مستەفا دانەنیشت و هەر لە پشت دەرگای ژوورەکەی خۆیدا مایەوە.
دەگێڕنەوە ڕۆژێک نەوشیروان مستەفا کورسییەکەی عومەری سەید عەلی دەباتە لای سەرووی ژوورەکە و پێیدەڵێت سەید عومەر لەمەودوا ئێرە شوێنی تۆیە، لە وەڵامدا دەڵی ئەمڕۆ لەبەر دڵی تۆ لێرە دادەنیشم، بەڵام لە بەیانییەوە دەچمەوە شوێنی خۆم لە پشتی دەرگاکە.
هەر میوانێک بچێتە ژوورەکەی، ئەو شوێنی خۆی ناگۆڕێ. تەنانەت زۆرجاران نەوشیروان مستەفا بە چەند کاژێر لە ژوورەکەی ئەو دانیشتووە، لە زۆر پرسدا بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیاری سیاسی، ئەو هەر لە شوێنی خۆی بووە. نەوشیروان مستەفا بۆچوونی عومەری سەید عەلی وەرگرتووە. بەشداری لە حکومەت، دانانی وەزیر و کاربەستانەکانی گۆڕان، زۆربەیان بە ڕای ڕێکخەری ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان بووە.
یەکێتی بچووک دەبێتەوە
سەرەتای ساڵی 2007، مەکتەبی سیاسی یەکێتی داوا لە باڵی ڕیفۆرم دەکەن هەڵوێست لە نەوشیروان مستەفا وەربگرن لە بەرامبەر ئەو ڕەخنە و نووسینانەی لەو کاتەدا ئاراستەی یەکێتیی دەکردن، بەڵام عومەری سەید عەلی ڕەتیدەکاتەوە هەڵوێست وەربگرێ و دەڵێ: کاک نەوشیروان ژمارەیەکی قورسە لەنێو یەکێتی، بە چوونە دەرەوەی ئەو یەکێتی زەرەر دەکات.
رێکخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەموو کۆنگرەکانی یەکێتیدا بە ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردراوە. لە ئابی 2009 لەبارەی ئایندەی ئەو حیزبەی جێیهێشت دەڵێ: ئایندەی یەکێتی بە باش نابینم، یەکێتی بەرەو داخران و بچووکبوونەوە دەچێ.
سلێمانیچێتی دەکات؟
عومەری سەید عەلی لە نەوەی ساداتی بەرزنجەیە و خەڵکی سلێمانییە، بەوپێیەی قورسایی دەنگی بزووتنەوەکە لە سلێمانییە، دەبوو ڕێکخەری گشتیی گۆڕان خەڵکی سلێمانی بێت. عومەر سەید عەلی لەبارەی تۆمەتبارکردنی بە شارچێتی لە هەڤپەیڤینێکی ڕۆژنامەڤانیدا دەڵێ: ئەگەر ئێمە سلێمانیچێتی ئەکەین، ئەی بۆچی هەرچی خەڵکی شارەکان و شوێنەکانی دیکەیە لە کوردستانی عێراق لەم شارەدا زەوی وەردەگرن، خانوو دەکەن، پۆستی ئیداری و حیزبی وەردەگرن و کەس نەیگوتووە بەری چاوتان کلی پێوەیە؟ باشە خەڵکی سلێمانی چەند کەسی لە کەرکووک، هەولێر و دهۆک زەوییان وەرگرتووە؟ ئەگەر هەیە با ناوی پەنجا کەسمان بدەنێ کە بە هەزاران کەس لە خەڵکی ئەو شارانە لێرە زەوییان وەرگرتووە.
سەید عومەر پیاوێکی هێمنە
فەرەیدوون عەبدولقادر ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە هاوڕێی شاخ و شاری ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕانە، باسی کەسایەتیی ئەو بۆ (رووداو) دەکات و دەڵێت: کاک عومەر پیاوێکی ڕاستگۆیە، بە حوکمی پەیکەری ڕێکخراوەیی گۆڕان هەموو بڕیارێکی بە دەست نییە، بۆیە زیاتر پابەندی بڕیاری سەرکردایەتی گۆڕان دەبێ.
فەرەیدوون عەبدولقادر کە لە نیوەی دووەمی ساڵانی حەفتادا ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ عومەری سەید عەلی لە زینداندا بووە، دەڵێ: کاک عومەر پیاوێکی هێمن و لەسەرخۆیە. ئەوکاتەی سەرۆکی شاندی یەکێتی بوو بۆ دانوستاندنی ئاشتی لەگەڵ پارتی، لە هەموومان هێورتر بوو.
پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ یەکێتی پاشەکەوت کردووە
عومەری سەید عەلی ماوەیەک بەرپرسی دارایی یەکێتی بووە، بەڵام لە هیچ دۆسیەیەکی گەندەڵی و بەکارهێنانی سامانی گشتی و پارەی حیزبدا ناوی نەهاتووە. لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێت ئەو ڕۆژەی وەکو کارگێڕی مەکتەبی سیاسی وازی لە یەکێتی هێناوە، پێنج ملیۆن دۆلار پاشەکەوتی لە نەسریەی مەکتەبی سیاسی کردووە.
دەستبەرداری ئەڤەلۆنەکەی نابێ
رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان منداڵی نییە، لەگەڵ خێزانەکەی لە خانوویەکی حکومەتدا دەژین، لەبەر تەندورستی کە خۆپارێزی لە چەوری و سوێری دەکات، وەکو هاوڕێیەکانی باسی دەکەن، هەر خواردنێک ئامادە بێ، بە مەرجی ئەوەی چەور و سوێر نەبێ دەیخوات، زۆرجار نانخواردن لە بیر دەکات، ئەوانەی کاری لەگەڵ دەکەن بەبیری دەهێننەوە کە لەبەر دەرمانەکانی نانەکەی بخوات.
عومەر سەید عەلی، ئۆتۆمبێلێکی ئەڤەلۆنی ڕەنگ سپی مۆدێل 2011 بەکاردەهێنێ کە لەگەڵ گۆچانەکەی بوونەتە دووانەیەکی دانەبڕاو لێی.
تەکەتول لەگەڵ خۆیشی دەکات
عومەر سەید عەلی لە گفتوگۆکردن و مامەڵەکردندا بە پیاوێکی نەرم و لە هەمانکاتدا عیناد ناسراوە. وشەی سەروەری و گەورەم وەکو ڕێزێک بۆ بەرامبەرەکەی زۆر بەکاردێنێ. بەدرێژایی ئەو ماوەیەی کە بەرپرسیارێتی لە نێو یەکێتی هەبووە و ئێستاش لە نێو گۆڕان، ژوورەکەی جمەی هاتووە لە بەرپرس و کادیر، نەوشیروان مستەفا بۆ پێکەنین لای هاوڕێیەکانی گوتوویەتی سەید عومەر لە ژوورەکەی خۆی بەتەنیاش بێت تەکەتول لەگەڵ خۆی دەکات. مام جەلالیش گوتوویەتی سەید عومەر لە دوو کەس سێ کوتلە دروست دەکات.