خەندان، کوردستان جەلال
بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا، ڕایدەگەیەنن، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و زۆربوونی ژمارەی بیرەکانی ماڵان لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها گۆڕانی کەشوهەواوە کێشەی کەم ئاو دروستکردووە.
بەوتەی بەپرسانی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا، یەدەگی ساڵانەی هەرێم زیاتر لە چوار ملیار مەتر سێجا دەخەمڵێندرێت، ئەوەش بەراورد بە 20 ساڵی ڕابردوو کەمبووەتەوە.
عەباس عەلی، بەڕێوبەری ئاوی ژێر زەوی پارێزگای سلێمانی، بەخەندان-ی ڕاگەیاند، هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی ئاو هەڵکەندنی بیر و گۆڕانی کەش و هەوایە، کە بووەتە هۆی کەبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە شاری سلێمانیدا 10 حەوزی ئاویان هەیە، لە حەوزی پێنجوێنەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە حەوزی بتوێن و شارباژێر و سەنگاو دەربەندیخان و قەرەداغ هتد..، بەوتەی ئەو لە هەندێک لە حەوزەکانی وەک، سیتەک و شارباژێڕ لە نێوان 40 بۆ 45 مەتر سێجا هەروەها لە ناو سلێمانیدا 45 بۆ 50 مەتر سێجا کەمیکردووە.
بەڕێوبەری ئاوی ژێر زەوی پارێزگای سلێمانی ڕونیشیکردەوە، لە ماوەی حەوت مانگ دا 24 بۆ 30 بیری یاسایی هەڵکەندراوە، تا ئێستاش نۆ هەزارو 555 بیر لە سنوری پارێزگای سلێمانی هەڵکەندراوە، نزیکەی 20 هەزار بیری نایاسایش لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی ڕاپەڕین هەڵکەنراوە، کە سێ بۆ چوار هەزار بیریان وشک بوون.
بەپێی ئامارەکان لە چەندساڵی ڕابردوودا ئاوی ژێرزەوی لە هەرێمی کوردستان، بە بڕی چوار بۆ پێنج ملیار مەتر سێجا مەزەندە کراوە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی بەهۆی نەبونی ستراتیژییەکی گونجاو و کەمبوونەوەی باران و بەفر و کەمی گلدانەوەی ئاو ئەو ڕێژەیە کەبووەتەوە.
بەڕێوبەری ئاوی ژێر زەوی پارێزگای سلێمانی، وتیشی، ئەو کەسانەی بیری نایاسایی هەڵدەکەنن ڕووبەڕووی سزای یاسایی بوونەتەوە، توانراوە لە ساڵی 2016 دا هەزار و 153 ئامێری هەڵکەندنی بیر دەستی بەسەردا بگیرێت، هەروەها 950 ئامێریش توێندراوەتەوە، لەمساڵیشدا 47 ئامێری هەڵکەندنی بیر دەستی بەسەرداگیراوە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لە ساڵی 2014 ەوە، هیچ بودجەیەک بۆ پلانی فراوانکردن، و پەرەپێدانی پڕۆژەکان دابینەکراوە، و بودجەی تەشغیلیش بۆ لە %50 دابەزیووە.
ئاری ئەحمەد، بەخەندان-ی ڕایگەیاند، ساڵ بەساڵ ئاوی ژێر زەوی کەمدەکات، لە ساڵانی 2002 بۆ 2003 لە هەندێک جێگەدا بیرەکان بە قوڵی 120 مەتر ئاوی تێدا بوو، بەڵام ئێستا لە هەمان شوێندا دەبێت بیرەکان بەقوڵی 330 مەتر هەڵبکەنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، شاری هەولێر پێویستی بە 320 تا 330 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە لە ڕۆژێکدا، بەڵام ئەوەی کە دابینکراوە، لە نێوان 400 بۆ 420 هەزار مەتر سێجایە.
بەوتەی بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، لە بەشی ڕۆژهەڵات و باکوری شارەکە 140 تا 150 مەتر سێجا ئاو کەمیکردووە، لە ڕۆژئاواو باشووری هەولێریش 60 تا 80 مەتر سێجا کەمیکردووە.
لە پارێزگای هەولێردا چوار پڕۆژەی ئاو هەیە، کە بریتین لە سێ پڕۆژەی ئیفراز، و پڕۆژەی قەندیل، هەروەها هەزارو شەش بیری دیکەی ئاو، ئەو پڕۆژانە ئاو بۆ سنوری 17 شارەوانی لە هەولێر، و دەورووبەری و شەقڵاوە و پیرمام و سەری بڵند دابیندەکەن.
ئاوی ژێر زەوی دەکەوێتە چینەکانی خوارەوەی زەوی و لە نێو کەلێن و بۆشایی چینە بەردەکانی زەویەوە دەمێنێتەوە، کە ئاوی نزیک لە چینەکانی سەر ڕووی زەوی و ئاوی بیری قوڵ پێکدێن، ئەو جۆرە ئاوانەی دەکەونە چینەکانی خوارەوەی زەوی بە نزیکەیی 80 بۆ 320 مەترە.
ئامانج جەلال بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی ئاوی سلێمانی بەخەندان-ی ڕایگەیاند، بەپێی بەرنامەی بەرهەمهێنانی ئاو 500 هەزار مەتر سێجا ئاویان پێویستە لە ڕۆژێکدا، بەڵام 150 بۆ 200 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنن، هەر بۆیە بە سێ ڕۆژ جارێک ئاو بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دابەشکردنی ئاو بۆشاری سلێمانی لە ڕێگەی هێڵی ئاوی دوکان-سلێمانی و ئاوی سەرچنارەوەیە، ئەوانیش وەرزین، لە هاویندا دوو هەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا دابیندەکەن، لە زستانیشدا بەهۆی باران بارینەوە ڕێژەکە بەرز دەبێتەوە بۆ هەشت هەزار مەتر سێجا.
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی، ئامانج جەلال، دەڵێت، قەیرانی دارایی کاریگەری دروستکردووە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، حکومەتیش هاوکار بووە و لەسەدا 40 ی داهاتی بەڕێوبەرایەتی ئاو دەداتەوە بەخۆمان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.
31-07-2017