دواڕۆژ، عیماد جەباری
وەزارەتی نەوتی عێراق لە خشتەی تایبەت بە هەناردەی نەوت لە مانگی ڕابردوودا هیچ ئامارێکی هەناردەی لە #کەرکووک#ەوە ئاشکرانەکردووە و سەرچاوەیەکی ئاگاداریش دەڵێت، ڕۆژانە 160 هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەکان دەنێردرێن.
سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆمپانیای نەوتی باکور ئەمڕۆ سێشەممە 1ی ئابی 2017 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لەهەرسێ کێڵگەی باباگورگوڕ، زەمبور و خەبازە کە لەژێر دەستی کۆمپانیای نەوتی باکوردایە ڕۆژانە 160 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێندرێت.
ئه و سەرچاوەیە، کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، وتیشی، لەو ژمارەیە ئێستادا ڕۆژانە بڕی 40 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی پاڵاوگەی کەڵەک دەکرێت، 40 هەزاریش ڕەوانەی پاڵاوگەکەی کەرکووک دەکرێت و 20 هەزاریش بۆ پاڵاوگەی بازیان و 10 هەزاریش دەدرێت بە پاڵاوگەی دۆرەی بەغدا، تەنها 50 هەزار بەرمیلیش دەمێنێتەوە کە لەرێگەی بۆری کوردستانەوە هەناردەدەکرێت و داهاتەکەشی بەپێی ڕێککەوتنێک بەسەر هەردولادا دابەشدەکرێت.
زانیارییەکانی ئه و سەرچاوەیە لەکاتێکدا بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی نەوت کە ئەمڕۆ سەبارەت بەرێژەی هەناردەکراوی نەوت و داهاتەکەی لەسەر ئاستی عێراق بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی تەمموزدا هیچ بڕە نەوتێک لە پارێزگای کەرکووکەوە هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە نەکراوە.
نەجات حسێن، ئەندامی لیژنەی وزە و پیشەسازی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە دواڕۆژی وت، بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی نەوت لەمانگی حوزەیرانی ڕابردوودا زیاتر لە 667 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک هەناردەی دەرەوە کراوە و، زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلیش ڕەوانەی پاڵاوگەکان کراوە.
دەربارەی مانگی ڕابردووش وتی، هێشتا وەزارەتی نەوت هیچ نوسراوێکی سەبارەت بەرێژەی نەوتی هەناردەکراوی مانگی تەمموز بۆ نەناردوون.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت زانیارییەکانی لەبارەی هەناردەی نەوتی پارێزگاکە بۆ پاڵاوگەکان پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە ڕێکەوتنی نادیار نەوتی پارێزگاکە لەنێوان هەرێم و بەغدا مامەڵەی پێوەدەکرێت و وەک ئەنجومەنی پارێزگاش ئاگاداری هیچ وردەکارییەک نین.
ماوەی سێ ساڵە هەرسێ پاڵاوگەی بای حەسەنی باشور و باکور و هاڤانا کەوتونەتە ژێر دەستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و تاوەکو ئێستاش وەزارەتەکە هیچ ئامارێکی لەبارەی ڕێژەی نەوتی هەناردەکراوی کێڵگەکانەوە نەخستوەتەڕوو، بەڵام بە وتەی ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکور وزەی بەرهەمهینان ئەو پاڵاوگانە زۆرن و ڕۆژانەیش زیاتر لە 350 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.
02-08-2017