ڕۆژنیوز، بەرهەم لەتیف
بەهۆی کەمی کارەبای نیشتیمانی و بەرزی پلەکانی گەرما، لەئێستادا ڕێژەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی دەڤەری #گەرمیان# بۆ مەلەکرد و خۆ فێنک کردنەوە، ڕوو لە ڕووباری سیروان دەکەن، بەم هۆیەشەوە بەردەوام ڕووداوی نەخوازراو ڕوودەدەن، بەپێی ئاماری بەرگری شارستانی گەرمیان، ئەمساڵ 8 حەڵەتی خنکان لە گەرمیان تۆمارکراوە.
لەئێستادا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە هەڵکشان کردووە، هاوکاتی ئەو گەرمایە، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباش بەپێی پێویست نییە، بەم هۆیەوە بەشێک لە هاوڵاتیان ڕوو لە ڕووباری سیروان دەکەن بۆ مەلەکردن و خۆ فێنک کردنەوە.
بەختیار سەمین، گەنجێکی دانیشتووی شارەدێی پێبازی سەر بە شارۆچکەی کەلارە، کە ڕووی لە ڕووباری سیروان کردبوو، بۆ ڕۆژنیوز وتی:گەنجان لەم قەیرانەدا زۆربەیان بێ کارن، لە گەرمیانیش پلەی گەرما زۆر بەرزە، زۆربەیان ڕوو لە ڕووباری سیروان دەکەن، هەندێکیش لەو کەسانەی کە دێنە ئیرە مەلە نازانن، گۆمەکانیش زۆر مەترسیدارن، زۆربەیان 6 بۆ 12 مەتر قوڵن، ئەوانەی کە مەلە نازانن، وادەزانن ئاوەکەی کەمە، بەڵام کە دەچنە ناو ئاوەکەوە دەخنێکن.
ناوبراو، ئەوەشی خستەڕوو:بەهۆی ئەوەی کە لەم کاتەدا خەڵک زۆر ڕوو دەکاتە سیروان، پێویستە تیمی فریاگوزاری ژێرئاو لێرە بوایە بۆ ئەوەی چاودێری خەڵک بکات، چوونکە نیوەی خەڵک مەلە نازانن، زۆربەشیان منداڵ دێنن لەگەڵ خۆیاندا.
عەلی عەبدوڵا، دانیشتوویەکی دیکەی شارەدێی پێباز، لەسەر ڕووباری سیروان بە ڕۆژنیوزی وت:بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما و بێ کارەباییەوە ڕوو لە ڕووباری سیروان دەکەین، خەڵک لێرە هەم کاتێک بەسەر دەبات و هەمیش ڕاوە ماسی دەکات، بەڵام ئاوی سیروان مەتریسی داریشە، بەداخەوە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گەنجێک لەم شوێنەی ئێمە خنکا.
لایخۆشییەوە، مفەوەز نیعمەت عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز قسەی کردو، وتی:ڕووباری سیروان هەر لە شارۆچکەی دەربەندیخانەوە درێژ دەبێتەوە، تاوەکو خوارووی شارەدێی گوڵاڵە، بە درێژی ڕووبارەکە خەڵک دەچێتە سەری و مەلەی تێدا دەکات، شوێنێکی تایبەتیش نییە بۆ مەلەکردنی خەڵک لەسەر سیروان، تاوەکو ئێمە بتوانین تیمێکی فریاگوزاری ژێرئاوی لێ جێگیر بکەین.
ناوبراو، ئامژەی بەوەشکرد:ئێمە پێشتریش هۆشداریمان داوەتە هاوڵاتیان، بەهەموو پێوەرێک ڕووباری سیروان گونجاو نییە بۆ مەلەکردن، ئەوەش بەهۆی ئەو هەموو گۆماوانەوە، وە خەڵکیش ناشارەزان لەو شوێنانەی کە مەلە دەکەن، بۆیە باشتر وایە ڕوو لە مەلەوانگەکان بکەن.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی گەرمیان، ئەوەشی خستەڕوو:لەسەرەتای ئەمساڵەوە، 8 حاڵەتی خنکان لە سنوری گەرمیان تۆمار کراوە، 5 لەو حاڵەتانە لەلایەن تیمەکانی ژێرئاوی بەڕێوەبەرایەتییمانەوە دۆزراونەتەوە، بە بەراورد بە ساڵی پار، ڕێژەکە زیادی کردووە، خەڵکیش بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە بەناچاری ڕوو لە ڕووباری سیروان دەکەن.
جێگای ئاماژەیە، بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز لای خۆی تۆماری کردووە لە 1/حوزەیرانەوە هەتا ئەمڕۆ 32 حاڵەتی خنکان لە ئاودا لە باشوری کوردستان ڕوویداوە.
02-08-2017