کۆمپانیای دانا گاز ڕایدەگەیێنێ، کەیسێکی یاساییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بردووەتەوە و دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتیی لەندەن بڕیاری داوە هەرێمی کوردستان بە بڕی 14 ملیۆن دۆلار کۆمپانیاکە و هاوبەشەکانی قەرەبوو بکاتەوە.
داناگاز لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕوونیکردووەتەوە، جگە لە قەرەبووەکە، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 2% سوودی ئەو پارەیەیان پێبدات کە پەیوەستە بە پێنەدانی حەقدەستی کۆمپانیاکە لەبری بەرهەمهێنانی گازی شل.
دانا گاز و هاوبەشەکانی ساڵی 2013 لە دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە لەندەن یەکەم سکاڵایان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد.
دانا گاز و هاوبەشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ڕێگەی نەداوە ئەو کۆمپانیانە مافە یاساییەکانیان بەپێی گرێبەستەکەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن.
لە ڕاگەیێندراوەکەی کۆمپانیای داناگاز ئاماژە بەوە کراوە، دادگا بڕیاری داوە حکومەتی هەرێمی کوردستان 85%ی تێچووی ئەو کەیسە یاساییە لە دادگا تاوەکو ڕێککەوتی 27-11-2015 ببژێرێت.
کۆمپانیای دانا گاز لە هەرێمی کوردستان بڕی 1.2 ملیار دۆلار وەبەرهینانی کردووە و تائێستا 150 بەرمیل هاوتای نەوتی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێناوە.
بەهۆی دواکەوتنی حەقدەستەکانی لە میسر و هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای دانا گاز ڕوویکردووەتە بڵاوکردنەوەی 700 ملیۆن دۆلار قەواڵەی دارایی ئیسلامی و، بەنیازە لەو ڕێیەوە سەرمایەی پێویست بۆ بەڕێکردنی کارەکانی دابین بکات.
بەپێی سکاڵاکاران، داداگاکە لە مانگی حەوت و مانگی 11 ی ساڵی 2015 لە قازانجی ئەوان بڕیاری داوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کۆمپانیایانە بە بڕی 1.96 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بکاتەوە.
تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ڕاگەیێندراوی لەبارەی سکاڵاکانی دانا گاز دەرکردوون و ڕایگەیاندووە بڕیاری دادگا بڕیاری کۆتایی نییە، هەرچەندە هێشتا لە وەڵامی ڕاگەیێندراوە نوێیەکەی کۆمپانیای دانا گاز هیچ ڕاگەیاندنێکی بڵاونەکردووەتەوە.
02-08-2017