دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
دەستەی دەسپاکی هەرێم ئاشکرایدەکات، لە کۆی 325 پلە تایبەتی فەرمانگە و وەزارەتەکان 290 کەسیان کەموکوڕیان تێدایە، هاوکات دەربارەی وردبینی نەکردنی پلە باڵاکانی سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی ئاسایش و هەردوو وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەکانیش دەستەکە ڕوونکردنەوە دەدات.
ماوەی چەند مانگێکە دەستەی دەسپاکی هەرێم بەدواداچوون بۆ کەموکوڕییەکانی پۆستی پلە تایبەتەکانی وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت دەکات و بە ڕاپۆرت کەموکوڕییەکان بۆ ئەنجومەنی وەزیران و دیوانی چاودێری دارایی دەنێرێت.
لە نوێترین ڕاپۆرتیدا دەستەی دەسپاکی ئاشکرایدەکات کە لێکۆڵینەوە و وردبینی لەبارەی دۆسیەی 325 پلە تایبەت وەزارەت و فەرمانگەکانی تری هەرێم کراوە و دەرکەوتووە 290 دۆسیەیان کەموکوڕی تێدایە.
بەپێی ڕاپۆرت و بەدوداچوونەکانی دەستەی دەسپاکی زۆربەی کەموکوڕییەکان، بریتیە لە نەبوونی فەرمانی دامەزراندن و نەبوونی چەسپاندنی تەمەن و نەبوونی بڕوانامەیان و چەند کەموکوڕییەکی تر، بەڵام وەکو ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی دامەزراون.
وردبینکردنەکەی دەستەی دەسپاکی، دۆسیەی پۆستە پلەباڵاکانی وەزارەتی (پەروەردە، خوێندنی باڵا، تەندروستی، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پلاندانان، شەهیدان و ئەنفالکراون، کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، کارەبا، گواستنەوه و گەیاندن، ئاوەدانکردنەوە نیشتەجێکردن، ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی، ڕۆشنبیری و لاوان، بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی داد، هاوکات وردبینکردنی دۆسیەی پلە باڵاکانی چەند فەرمانگەیەکی تری وەک وەبەرهێنان و دەزگای مین و دەستەی مافی مرۆڤ و دیوانی چاودێری دارایی) گرتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی دەستەی دەسپاکی لەهەردوو سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران کەموکوڕی بەرچاو هەیە، بەجۆرێک لە ئەنجومەنی وەزیران وردبینی بۆ 87 پلە باڵا کراوە و دەرکەوتووە 54 دۆسیەیان کەموکوڕی تێدایە، هەروەها لە دۆسیەی 45 بەرپرسی پلەباڵای پەرلەمانی کوردستان 25 دۆسیەیان کەموکوڕی تێدایە.
لە نیسانی ئەمساڵ، دەستەی دەسپاکی هەرێم لە ڕاپۆرتێکدا کەموڕییەکانی دۆسیەی دامەزراندنی 428 پۆستی بەڕێوەبەری گشتی و پلەی تایبەت و پۆستی معومی زۆربەی وەزارەت و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان ئاشکراکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دەستەی دەسپاکی هەرێم کە وێنەیەکی دەست دواڕۆژ کەوتووە، ئاماژە به و کەموکوڕیانە کراوە کە لە دۆسیەکانی بەڕێوەبەرانی گشتی و ڕاوێژکاران و پلەی تایبەت و پۆستی معومی وەزارەتەکاندا هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، دەستەی دەسپاکی بەپێی یاسا وردبینکراو لە دۆسیەی 64 ڕاوێژکارو 130 بەڕێوەبەری گشتی و 214 پلەی تایبەت و20 پۆستی معومو کەموکوڕییەکانی بەوشێوەیە دەستنیشانکراوە.
لەبارەی هۆکاری وردبینی نەکردن لە دۆسیەی بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەکان و سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، موشیر بەشیر، سەرۆکی لیژنەی یاسایی دەستەی دەسپاکی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند وردبینی بۆ دۆسیەی بەرپرسانی باڵای سەرۆکایەتی و هەرێم و ئەنجومەنی ئاسایش دەکرێت، بەڵام کاتمان پێویستە.
وتیشی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم فەرمانبەرانی زۆرە بۆیە کاتی زۆری پێویستە تاکو وربینی بکرێت، بۆیە بەهۆی وردبینکردنی دۆسیەی وەزارەکانی تر نەتواندراوە وردبینی بۆ دۆسیەکانی دارایی بکرێت، بەڵام بۆ هۆکاری وردبینی نەکردنی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئەوا هەیکەلی کارگێڕی ئه و وەزارەتە لەبەردەستدانییە، بەڵام بەدڵنیایەوە وردبینی بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان دەکرێت.
لەبارەی ڕێککارە یاساییەکان بۆ چاککردنی ئه و کەموکوڕیانە، ئه و بەرپرسەی دەسپاکی دەڵێت وەزارەتەکان ڕادەسپێرین کە ئه و کەموڕیان چارەسەربکەن، وەزارەتەکانیش بەرپرسان ئاگاداردەکەنەوە و دەبێت کەموڕییەکان چاک بکەنەوە، بەڵام ئەگەر نەیانتوانی چاکی بکەن ئه و ڕێککاری یاساییان لەدژی دەگرینەبەر و ناچاریان دەکەین کەموکوڕییەکان چاک بکەن.
ئه و بەرپرسەی دەسپاکی ئاماژە بەوەشدەکات، زۆربەی کارەکان بۆ وردبینی تەواو کراوە و ئەنجومەنی وەزیران و دیوانی چاودێری دارایی ئاگادارکراوەتەوە بۆ ئەوەی ئه و کێشانەی چارەسەربکەن و بەشێکی زۆریان دەتواندرێت چارەسەربکرێن، چونکە ئەوان گەندەڵی نین بەڵکو کەموکوڕین و چارەسەردەبن.
02-08-2017