دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
جێگیری لیژنەی #کاروباری پێشمەرگە و شەهید# و زیندانی سیاسی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایدەکات، هیچ کەسێک لەسەر کەوتنی #شەنگال# و ئاواربوون و شەهید و بێسەروشوێنانی ئێزیدییەکان سزا نەدراوە، داواشکراوە ئه و 300 کەسەی لەلایەن لیژنەکەی سەرۆکایەتی هەرێم بینراو ژمارەیان کەم بکرێتەوە.
دوای داگیرکردنی شەنگال لەلایەن چەکدارانی داعش، مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لەسەر هۆکارەکانی کەوتنی شارەکه و سزادانی ئه و کەسانەی کەمتەرخەم لیژنەیەک لە نوێنەرایەتی دادگای سەربازی و وەزارەتی پێشمەرگه و سەرۆکایەتی هەرێم پێکهێنا، بەڵام دوای سێ ساڵ ئەنجامی لیژنەکە ڕانەگەیەندراوە.
لەوبارەیەوە دلێر ماوەتی، جێگیری لیژنەی کاروباری پێشمەرگه و شەهیدو زیندانی سیاسی پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند دوای دەستبەکاربوونی لیژنەکە، 300 کەس بانگ کراون و بینراون و قسەیان لەگەڵ کراوە، بەڵام کەسیان سزانەدراون.
لەبارەی هۆکارەکانی سزانەدانیان، دلێر ماوەتی وتی یەکێک لە هۆکارەکانی سزانەدراون، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شەڕی داعش تائێستا ماوە، بەڵام جگە لەوە هۆکاری تری سیاسی لە پشت سزانەدانیانەوە هەیە.
جێگری لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکردە بەهۆی زۆری ژمارەی ئەوانەی بینراون، داواکراوە کە ژمارەکەیان کەم بکرێتەوە، بەڵام داواکە جێبەجێ نەکراوە.
لەبارەی سزانەدانی ئەوانەی کەمتەرخەمبوون لە داگیرکردنی شەنگال، وەزارەتی پێشمەرگه و دادگای سەربازی و سەرۆکایەتی هەرێم ئامادەنین ڕوونکردنەوە بدەن.
لە 3ی ئابی 2014، چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر شەنگال و دەوروبەری و کارەساتی خوڵقاند، ژمارەیەکی زۆر لە گەنج و پیاوی کۆمەڵکوژ و ژن و کچ و منداڵانی برد، ئەوان کرانە کویله و کڕین و فرۆشتنیان پێکرا، هەزاران کەسیش ئاوارە بوون.
لە کانوونی یەکەمی 2014، بەشێکی ناوچەکانی دەوروبەری شەنگال لە دەستی داعش دەرهێندران، بەڵام سەنتەری شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری تاوەکو تشرینی دووەمی 2015 هەر لە دەستی داعشدا مابوون.
بەپێی ئامارەکانی سەنتەری هاوکاری ئێزیدییەکان، کە سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانه و بارەگاکەی لە پارێزگای دهۆکە زیاتر لە 10 هەزار ئێزیدی شەهید و بێسەروشوێنن و ئاوارە بوونە.
03-08-2017