بازرگانێکی هاوردەکردنی ئاژەڵ و باڵندەی جوانی دەڵێت لە هەرێمی کوردستان خواستێکی باش لەسەر مەڕی جوانی هەیە، بۆیە بە سەتان مەڕی لە هەشت جۆری نایاب هاوردەی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئەو مەڕانەی تاوەکوو ئێستا بازرگانان هاوردەیان کردوون و لێرە خواستیان لەسەرە بریتین لە مەڕی (Blacknose) ی سویسری، (Suffolk)ی فەرەنسی، (Marino)ی ئوسترالی، (Noordhollander schaap)ی هۆڵەندی، (Cameroon sheep) مەڕی کامیرۆنی و چەند جۆرێکی دیکە. بەشێک لەو مەڕانەی هاوردە کراون لە هەرە بەناوبەنگ و ناسراوەکانی جیهانن بەتایبەت لەسەر ئاستی ئەوروپا، لەوانە مەڕی (Blacknose)ی سویسری کە یەکێکە لە جوانترین مەڕەکانی جیهان.
مەڕی (suffolk) کە لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی بە یەکێک لە ناسراوترین مەڕەکان دادەنرێ، زێدی ڕەسەنی ئەم مەڕە بەریتانیایە، بەڵام زیاتر لە فەرەنسا گرنگی پێدراوە، تایبەتمەندیی ئەم مەڕە لەوەدایە توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ هەموو کەشوهەوایەک هەیە، لە وەچەخستنەوەدا بەهێزە، گەشەی خێرایە، شیرێکی باشی هەیە، شێوەکەی زۆر جوانە.
شیروان محەمەدئەمین، خاوەنی کۆمپانیایەکی هاوردەکردنی ئاژەڵ و باڵندەی جوانی کە لە هۆڵەندا نیشتەجێیە، دەڵێت لە کوردستان و عێراق خواستێکی زۆر لەسەر مەڕی جوانی هەیە، بۆیە هەندێجار لەسەر خواست و هەندێجاریش بۆ خۆم مەڕی جۆراوجۆری جوانی هەڵدەبژێرم و دەینێرمەوە بۆ کوردستان.
شیروان چەند شەریکێکی لە کوردستان هەیە، بۆیە بەر لەوەی ئاژەڵەکان بنێرێ، وێنە و زانیاری لەسەریان بۆ هاوبەشەکانی دەنێرێ، ئەو دەڵێت تاوەکوو ئێستا زیاتر لە هەشت جۆر مەڕم ناردووە، بەڵام زیاتر خواست لەسەر مەڕی mouflonی ی کێوی، مەڕی کامیرۆنی و Suffolkی فەرەنسی هەیە.
بنەماڵەی شیروان پێشتر ئاژەڵدار بوون، خۆشی بەر لەوەی بچێتە ئەوروپا، ئاژەڵی هەبووە، بۆیە شارەزاییەکی باشی لە ئاژەڵدا هەیە، ئەو دەڵێت بێجگە لەلایەنە بازرگانییەکەی، ئامانجم لە هەناردەکردنی ئەم مەڕانە ئەوەیە حەز دەکەم لە هەرێمی کوردستانیش وەک وڵاتان مەڕی جۆراوجۆر و ڕەسەن و نایاب هەبێت، تاوەکو لەداهاتوودا ئاژەڵداران سوودمەندبن لە لایەنە ئابوورییەکەی.
شیروان محەممەد گوتی: پێشتر کە باری ئابووریی خەڵک باش بوو، ئەو مەڕانەی دەمنارد زۆربەی لە کوردستان بەخێودەکران، بەڵام ئێستا 90%ی کڕیارەکانمان بازرگان و دەوڵەمەندەکانی شارەکانی عێراق و ئێرانن، مەڕەکان کەمتر لەکوردستان دەمێننەوە.
جۆرێکی دیکە لەو مەڕانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە مەڕی کامیرۆنییە کە بەقەبارە بچووکە و ڕەنگی قاوەییە و بن سک و قاچەکانی ڕەشە. مەڕەکە زیاتر بۆ جوانی و گۆشت بەخێو دەکرێ.
ئیبراهیم حەداد، ئاژەڵدارێکی پێشکەوتووی شاری هەولێرە، 20 مەڕی کامیرۆنی لە کێڵگەکەیدا هەیە، دەڵێت ئەم مەڕانە هەرچەندە نرخەکانیان گرانە، بەڵام بەهۆی جوانییەکەیان لێرە خواستێکی زۆریان لەسەرە.
بەگوتەی ئیبراهیم حەداد، پێشتر مەڕی کامیرۆنی هاوردە کراون، بەڵام زۆربەیان دووڕەگ بوون، ئەو دەڵێت ئەوانەی من یەکەمجارە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن و لە جۆرە نایەبەکانن و دووڕەگ نین، بۆیە نرخیان کەمێک گرانترە لە بازاڕ، جووتێک لەو مەڕە بە 1500 دۆلارە.
لە کێڵگەکەی ئیبراهیم چوار مەڕی Blacknoseی سویسریش هەن، کە بە یەکێک لە جوانترین مەڕەکانی جیهان ناسراون. ئیبراهیم حەداد دەڵێت پێشتر لە کوردستان تەنیا مەڕی سعودی و ئەفغانی و هەندێ جۆری دیکە هەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو خواستەی لەسەر مەڕی جوانی هەیە، بازرگانان چەندین جۆری مەڕی ئەوروپییان هاوردە کردووە.
لە عێراقدا سێ جۆر مەڕی ناسراو هەن کە بریتین لە (عەواسی، عەرابی و کوردی)، یەکەمیان 60%ی مەڕی عێراق پێکدێنێ و لە ناوەڕاستی عێراق بەخێودەکرێ، دووەم و سێیەمیشیان هەریەکەیان نزیکەی 20%ی مەڕی عێراق پێکدەهێنن. مەڕی عەرابی لە خوارووی عێراق، مەڕی کوردیش لە پارێزگاکانی باشووری کوردستان بەخێودەکرێ.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، 3 ملیۆن و 112 هەزار و 867 سەر مەڕ لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام هەموویان مەڕی کوردی نین.
د.یوسف بەرزنجی کە ماستەر و دکتۆراکەی لەسەر تایبەتمەندییەکانی مەڕی کوردییە، دەڵێت هاوردەکردنی ئەم مەڕانە ئەگەر بەیاسایی بهێنرێت و بەشێوەیەکی زانستیانە کەرەنتین بکرێن و پشکنینیان بۆ بکرێت و نەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، ئاساییە، چونکە دەبنە هۆی زیادبوونی جۆری دیکەی مەڕ لە هەرێمی کوردستان و دروستبوونی جوڵەیەکی بازرگانی و وەڵامدانەوەی ئەو خواستەی لەسەر مەڕی جوانی هەیە.
هەرێمی کوردستان خاوەنی چەند جۆرێک مەڕی نایابە، ئەگەر بەشێوەیەکی زانستیانە لەگەڵ ئەم مەڕانە لێکبدرێن، دەبێتە هۆی دروستبوونی توخمێکی تازە کە هەڵگری تایبەتمەندییە باشەکانی هەردوو جۆری مەڕەکە دەبێت.
دکتۆر مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری هەولێر، دەڵێت بۆ ڕێگەدان بەهاوردەکردنی ئەم مەڕانە دەبێت سەرەتا شوێنی هاوردەکردنیان دیاربێت، ئەو وڵاتەی لێوەی هاوردەکراوە نەخۆشیی تێدا نەبێت، کارتی تەندروستی و مۆڵەتی کەرەنتینی ئەو وڵاتەیان لەگەڵ بێت، دوای گەیشتنیشیان 21 ڕۆژ لەشوێنی تایبەت لەژێر چاودێری دەیانهێڵینەوە و هەندێ کوتانیان بۆ دەکەین کە نەکرابێت، ئەگەر هیچ کێشەیان نەبوو، ئینجا مۆڵەت بە فرۆشتنیان دەدەین.
مەڕی هەرکی و دزەیی لەنێوچوون
بەپێی ڕووپێوییەک کە لە ساڵی 2011 کراوە، حەوت ملیۆن و 722 هەزار و 372 مەڕ لە عێراق هەبووە کە 20%یان مەڕی کوردی بوون. پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.یوسف بەرزنجی، سەرۆکی بەشی سامانی ئاژەڵ لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سەلاحەددین، دەڵێت مەڕی کوردی کە لەعێراق ناوەکەی تەعریب کراوە و بەکەڕادی ناودەبرێت، هەموویان بەیەک جۆر دانراون، بەڵام لە بنەڕەتدا پێنج جۆرن: (کوردی، جافی، حەمدانی، دزەیی و هەرکی)، هەریەکەشیان تایبەتمەندیی خۆی هەیە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی د.یوسف بەرزنجی، هەردوو جۆر مەڕی (دزەیی و هەرکی) لەنێوچوون، بەڵام جۆرەکانی (کوردی، حەمدانی و جافی) بەڕێژەی جیاواز ماون.
ژمارەی مەڕ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی کوردستان
پارێزگا مەڕ
هەولێر 793.000
سلێمانی 1.054.412
دهۆک 776.323
گەرمیان 489.141
کۆی گشتی 3.112.867
06-08-2017