لە بەغدا و ناوچەکانی عێراقەوە کوردە فەیلییەکان دەردەکرێن، بە ناچاری واز لە خانوو و موڵکیان دێنن و ڕوو لە باشووری کوردستان دەکەن.
لە ڕاگەیاندنی ڕۆژی گشتپرسییەوە هەڵمەتی دەرکردنی کوردە فەیلییەکان لە بەغدا فراوانتر بووە و بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێ. بەشێک لەو کەسانەی هەڕەشەیان لێکراوە ڕوویان لە سلێمانی کردووە و دەڵێن بە ڕۆژی ڕووناک بێ منەتانە گروپێکی نەناس چوونەتە سەریان و پێیان گوتوون دەبێ لە بەغدا بڕۆن گەر نا دەکوژرێن.
سەرۆکی ڕێکخراوی کوردە فەیلییەکان بۆ ڕووداو دەڵێ، هەرچەند گوشاری زیاتر بخەنە سەریان کوردە فەیلیەکان سوورتر دەبن لە پشتگیری گشتپرسی و دەنگدان بە بەڵێ لە 25ی 9دا.
یەکێک لەو کەسانەی لە بەغدا دەرکراوە، باسی ئەو هەڕەشانە دەکات کە ئێستا لە بەغدا ڕووبەڕووی کوردە فەیلییەکان بووەتەوە، ئەو ئێستا لە سلێمانی دەژی و دەڵێت: دوای بڕیاری گشتپرسی لە باشووری کوردستان ژیان لە بەغدا بۆ ئێمەی فەیلی گران بووە.
سەڵاح حەسەن، کوردێکی فەیلی هەڵاتوو لە بەغدا و نیشتەجێ لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: ئەڵێن لە بەغدا دامەنیشن دەربچنە دەرەوە بڕۆن بۆ کوردستان تۆ کوردی بۆ لێرە دانیشتوویت، ئێمە دەمێکە لە بەغداین ئیشمان لەوێیە، ئێستا قبوڵ ناکەن لە بەغدا بمێنینەوە، بۆیە هاتووین بۆ کوردستان، غەیری کوردستان بۆ کوێ بڕۆین.
چیرۆکی هەڕەشە و کووشتنی کوردە فەیلییەکان دەیان ساڵە دووبارە دەبێتەوە، نەزیرە تاوەکو ئێستا دووجار لە بەغدا دەرکراوە، ئەو مامۆستای کۆلیژی ئەندازیاری نەوت بوو، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووش کاندیدی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بوو، بەڵام ساڵی 2010 بە نامەیەک ئاگادار دەکرێتەوە ئەگەر بەغدا بەجێ نەهێڵێت پارچە پارچە دەکرێت.
نەزیرە ئیسماعیل، کوردی فەیلی بە ڕووداوی ڕاگەیاند: نامەیەکیان خستە بەردەم دەرگاکەم نوسرابوو ئەگەر لەماوەی 24 سەعات بەغدا بەجێ نەهێڵیت تیکە تیکەت دەکەین، تۆ جاسوسی کوردیت و جاسوسی ئەمریکایت، کاکە من جاسوسی چیم!.
کوردە فەیلیەکان ئێستا لە سلێمانی بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانیان ڕێکخراوێکیان بۆخۆیان دروستکردووە، ڕێکخراوەکە 650 ئەندامی هەیە و دەشڵێن دوو هەزار خێزانی فەیلی لە سلێمانی دەژین سەرباری هەڕەشەکان پشتیان لە هەوڵەکانی سەربەخۆبوونی کوردستان نەکردووە و پشتگیری گشتپرسی دەکەن.
ئیسرا محەممەد، بەرپرسی ڕێکخراوی کوردی فەیلی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: هیچ کوردێک ئەگەر بەڕاست کورد بێت بەرژەوەندی میللەتی کوردی بوێت و نەهامەتی میللەتی کوردی زانیبێت موستەحیلە هەر بە عەقڵدا ناچێت پشتگیری گشتپرسی نەکات، کوردی فەیلیش بەعام کوردە و پشتگیری گشتپرسی دەکات، ئەگەر چی لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان بژی لەوانەیە نەتوانێت بەزمان بڵێت من لەگەڵ گشتپرسیم، بەڵام هەموو کوردێکی فەیلی تا ئەو ڕادەیەی من دەیزانم لەگەڵ گشتپرسییە.
باجی کورد بوون و ناسنامەی نەتەوایەتی ڕەنگە کوردە فەیلییەکانی لەو ژیانە بێزارکردبێت کە ساڵانێکە تێیدان بۆیە بۆ داهاتوو ڕەنگە بیر لە هەنگاوێکی دیکە بکەنەوە.
06-08-2017