ماڵپەری خەندان: 06-08-2017
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی #هەدەپە# لە زیندانی ئەدرنەوە نامەیەک بۆ چالاکوانانی ئێشکگری دادوەری ناردوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات فاشیزمی ئەکەپە و مەهەپە تورکیا بەرەو دابەشبون دەبات.
لە نامەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە لایەن #نادر یلدرم# جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە لە میانی چالاکیی ئێشکگری دادوەری لە شاری ئیستەنبوڵ خوێندرایەوە، دەمیرتاش دەڵێت تورکیا لە قۆناغێکی هەرە ئاڵۆز و قەیراندا دەژی و هاوپەیمانی فاشیستی (ئەکەپە و مەهەپە) بۆ بەرژەوەندی تەسک و ئایدۆلۆژی، تورکیا دەباتە ناو بازنەی ئاگر و ئەم هاوپەیمانێتییە کۆمەڵگای تورکیا زیاتر دابەش دەکات.
لە ژێر دروشمی ناوەستین، بڵێن بوەستە و فاشیزم بوەستێنن پارتی دیموکراتی گەلان لە 25 مانگی ڕابردووەوە دەستی بە چالاکییەکانی کردووەو لەژێر ناونیشانی ئێشکگری دادوەریی و بڕیارە هەتا چواری مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کە یەکەم ساڵیادی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکەکانی و پەرلەمانتارانیانە بەردەوام دەبێت.
دەمیرتاش لە درێژەی نامەیەکیدا دەڵێت لەم ئێستا بەدواوە خەباتی دیموکراسی بەهێز تاکە ڕێگایە کە تورکیا لە مەترسی و هەڕەشە بپارێزێت. دەبێ دەنگدەرانی ئەکەپە و مەهەپە هەڵەی پارتەکەیان ببینن و جێگەی خۆیان لەناو هاوپەیمانی دیموکراسیدا بگرن بۆ ئەوەی دواڕۆژی تورکیا ڕزگار بکەن.
ئەوەی یەکگرتوویی تورکیا بپارێزێت نە کوردبوون و نە تورکبوونی ئێمەیە، نە عەلەویەتی و نە سوننەتی ئێمەیە، نە ڕاستڕەو نە چەپڕەویی ئێمەیە، بەڵکو تەنها دیموکراسی و دادوەری و ئاشتی و ئازادی دەتوانێت ئێمە بە یەکگرتوویی بهێڵێتەوە، ئەوە بەپێی نامەکەی دەمیرتاش.
چالاکییەکانی ئێشکگری دادوەریی لە ئامادەوە دەستی پێکرد و ئێستا لە ئیستەنبوڵە، بڕیارەیشە لە چەند پارێزگایەکی دیکەی تورکیاش چالاکییەکان بەردەوام بن.
هەروەها دەمیرتاش لە نامەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە هەدەپە سەلماندویەتی کە ئەو بەشێکە لە دیموکراسی بەهێز لە تورکیا، بۆیە ئەم هێرشەی سەر هەدەپە تەنها بۆ سەر ئەو حیزبە نییە، بەڵکو دوا ڕۆژی تورکیا دەکەنە ئامانج بەڵام بە بیانوی فاشیزم و هاوپەیمانی فاشیست تێکدەچێت و لایەنگرانی ئاشتی و دیموکراسی وتورکیا سەردەکەوێت.
لە کۆتایی نامەکەشیدا دەمیرتاش دەڵێت لە زیندانی ئەدرنەوە دەڵێم، کاتی ترس نیە، بەڵکو کاتی بوێری و ئازایەتی و ڕابوونە.