ماڵپەڕی ڕۆژنیوز: 06-08-2017
بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی #سلێمانی# 26 ترافیک لایت بۆ پەڕینەوەی پیادە دادەنێت لە شەقامەکاندا، کە زۆرینەیان دەکەونە سەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی-ش دەڵێت: ئەو ترافیک لایتانە کارکردنیان بەدەستی پیادە دەبێت و ڕەچاوی بارودۆخی نابیناو کەمئەندام-یش کراوە تێیاندا.
بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، لە پارەی پەرەپێدانی هاتووچۆ 26 ترافیک لایتی تایبەت بە پیادەی کڕیووەو لە ئێستاشدا سەرقاڵی جێگیرکردنیانە لەسەر شەقامەکان.
کاروان حەمەسدیق، وتەبێژی بەرێوبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، بەڕۆژنیوزی وت:لەبەر ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا قوربانی دووەم لە ڕوداوەکانی هاتووچۆدا پیادە بووە، بۆیە بەڕێوبەرایەتیەکەمان بۆ پاراستنی پیادەکان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی هاتووچۆ 26 ترافیکی کڕیوەو لەسەر شەقامەکان جێگیری دەکەین.
کاروان وتیشی:ترافیکەکان کارکرنیان بەدەستی پیادە دەبێت و ڕەچاوی بارودۆخی کەمئەندام و نابیناش کراوە تێیدا، کە دواتر وردەکاری کارکردنی ئاشکرا دەکەین، هەروەها زۆرینەی ترافیکەکان لەسەر بەشی سەرەوەی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود جێگیر دەکرێن، لەگەڵ ئەو شوێنانەی کەچڕی هاتووچۆی پیادەی تێدایە.
لەشەش مانگی سەرەتای ساڵی 2017 دا 92 کەس بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، کە 47 کەسیان سەرنشین و 36 کەسیان پیادە بووە، نۆ کەسیان شۆفێر بووە.
بودجەی پەرەپێدانی هاتووچۆ، ئەو بودجەیە- یە کە لەداهاتی هاتووچۆی پارێزگاکان بۆ پەرەپێدانی هاتووچۆ، لە ڕووی دانانی ترافیک لایت و هێماو هێڵ و ڕووناکی سەرشەقامەکان و پێداویستیەکانی تری هاتووچۆ تەرخان دەکرێت لەو پارێزگایەدا.