دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بریکاری #وەزارەتی کارەبا#ی هەرێم، ڕەتیدەکاتەوە حکومەتی هەرێم کارەبا بفرۆشێت و دەشڵێت حکومەتی عێراق سوتەمەنی بۆ نزیکەی 20 یەکەی لەکارکەوتووی کارەبای هەرێم دابیندەکات و دەیانخاتەوەگەڕ.
هۆگر شاڵی، بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە بڕی کارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان زیاد بکات، بۆیە لە توانایدا نییە کارەبا بفرۆشرێت.
وتیشی ڕاستی پێدانی کارەبای هەرێم بە شارەکانی تر بەشێوەیەکە کە حکومەتی هەرێم نزیکەی 20 یەکەی کارەبای بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵە لەکارکەوتووە بەوهۆیەوە پارەیەکی زۆر مانگانە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت، لەبەرئەوە کاتێک حکومەتی عێراق داوای دابینکردنی کارەبای موسڵی لە هەرێم کرد، پێمانڕاگەیاندوون کە دەتوانن سوتەمەنی بۆ ئه و یەکە لەکارکەوتووانە دابین بکەن.
بریکاری کارەبای هەرێم، ئاماژە بەوەدەکات کە ئه و یەکانەی کە لەکارکەوتبوون ئێستا بە عێراق دراون بۆ دابینکردنی کارەبای موسڵ، بۆ ئەوەش هیچ ئیلتیزامێکی دارایی ناکەوێتە سەر حکومەتی هەرێم، بەڵام ئەگەر هەرێم توانای دابینکردنی سوتەمەنی هەبووایە ئەو یەکانەی بۆ ناوخۆ بەکاردەهێنا نەک بیدات بە بەغدا.
06-08-2017