ژمارەیەک ڕێکخراوی بیانی لەڕێگەی کردنەوەی چەند ناوەندێک و تیمی تایبەتمەند و پسپۆر هاوکاری پێشەکش بەو ڕزگاربووانە دەکەن کە ماوەیەکی زۆر لەژێر دەستی #داعش#دا ماونەتەوە و کاریگەریی خراپ لەسەر دەروونیان دروست بووە، ڕێکخراوەکان هەوڵی گەڕاندنەوەی ڕزگاربووان بۆ نێو کۆمەڵگە دەدەن.
ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕووداو لە #دهۆک# ڕایگەیاند: هاریکاریی ئەو ڕێکخراوانە بەتایبەت بۆ ئەو ڕزگاربووانەیە کە بەمدواییە لەدەست داعش دەرباز بوون، واتە ماوەیەکی زۆر لەژێر دەسەڵاتی داعش ماونەتەوە، بۆیە چارەسەری ئەوانە زەحمەتترە لەوانەی ماوەیەکی کورت لەژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوەکەدا بوون.
ئەوانەی بەم دواییانە ڕزگارکراون کاریگەرییەکی زۆرتریان بەسەرەوەیە و لە بارێکی دەروونی زۆر خراپدا و لە لێواری مەرگ ڕزگارکراون، بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە، تەنانەت بەشێکیان زمانی خۆشیان لەبیرکردووە و ئایینیشیان گۆڕاوە.
بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەک ڕێکخراوی بیانی چەند سەنتەرێکی تایبەتیان لە پارێزگای دهۆک کردوونەتەوە. هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆکیش هەر لە دەستپێکەوە تاوەکو ئێستا بۆ چارەسەری پێویستی ئەو ڕزگاربووانە سەنتەرێکی کردووەتەوە و تیمێکی 27 کەسی کاری تێدا دەکات.
هەروەها ڕێکخراوی یەزدا سەنتەرێکی بۆ ئەو مەبەستە کردووەتەوە و تیمێکی 12 کەسی هەیە. ڕێکخراوی ژین، ئەویش هەر لە دەستتپێکەوە تاوەکو ئێستا تیمێکی 27 کەسی داناوە و بەردەوام لەنێو ئەو کەسانەدان و چاودێرییان دەکەن.
جگە لەمانە نووسینگەی تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی چەند تیمێکی تایبەتی دەروونییەوە هاریکاری ئەو ڕزگاربووانە دەکات. لەماوەی ڕابردووشدا نزیکەی 7 ڕێکخراوی دیکەی NGO لە پارێزگای دهۆ دەستیان بە پرۆگرامی تایبەت بۆ ئەو کەسانە کردووە.
بەپێی نوێترین ئامار تائێستا ژمارەی ڕزگاربووانی دەستی داعش گەیشتووەتە 3 هەزار و 100 کەس، ئەو ڕزگاربووانەش لە ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێن، هەندێک لە ڕزگابووەکانیش لە خانەوادەیەکی 12 کەسی تەنها خۆیان ماونەتەوە و کەسێک نییە دڵنەواییان بکات.[1]
ماڵپەڕی ڕووداو: 08-08-2017