بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندرووستی #حکومەتی هەرێمی کوردستان#، زیاتر لە 494 کۆمپانیای بیانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی دەست دواڕۆژ کەوتوون، لە هەرێمی کوردستان سێ کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمانی خۆماڵی هەیە، لەگەڵ بوونی زیاتر لە 494 کۆمپانیای بیانی بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، داهاتی ساڵانەی بەڕێوبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمانیش لە وەزارەتی تەندرووستی زیاتر لە 33 ملیار دینارە.
سەبارەت بەشێوازی هاوردەکردنی دەرمان د. ڕێکەوت حەمەرەشید، وەزیری تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند هەر کۆمپانیایەکی بیانی یان خۆماڵی بیەوێت دەرمان و پێداویستی پزیشکی هاوردە بکات، دەبێت مۆڵەتی دامەزراندنی پێدرابێت لەلایەن وەزارەتی تەندرووستی و دواتر بە مەبەستی هاوردەکردنی دەرمان دەبێت کۆمپانیاکە داواکارییەک ئاڕاستەی کۆنترۆڵی جۆری بکات، بۆ ماوەی مانگێک مۆڵەتی ڕێگەپێدانی کاتی پێدەدەن بۆ هاوردەکردنی دەرمان لە ڕێگەی فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکان.
وەزیری تەندرووستی ئاماژەشی بەوەکرد، دوای هاوردەکردنی دەرمان لیژنەیەکی پسپۆڕی تایبەت بەدەرمان سەردانی کۆگای کۆمپانیاکان دەکەن، بۆ ئەوەی چەند نموونەیەک لەدەرمانە هاوردە کراوەکە وەربگرن و لە ماوەی مانگێکدا پشکنینی بایەلۆجی و کیمیایی بۆ بکەن.
ناوبراو، ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر دەرمانەکە لەپشکنینی تاقیگەیی دەرچوو، ئەوا ڕێگەی فرۆشتنی پێدەدەن، بەڵام ئەگەر دەرنەچوو ئەوا دەبێت دەرمانەکە بگەڕێندرێتەوە ئەو شوێنەی لێیەوە هاتووە، یاخود لەناو ببرێت.
ڕێکەوت حەمەرەشید ڕوونیشیکردەوە، ئەوان لە ڕێگەی بەشی چاودێری بازاڕ بەدواداچوون بۆ ئەو دەرمانانە دەکەن بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو خاوەن کۆگا و دەرمانخانانە بکەن، کە دەرمانی ڕێگە پێنەدراو لەبازاڕ دەفرۆشن، ئەگەر پابەند نەبن، ئەوا ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.[1]
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 08-08-2017