سەرۆکی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەرنابەرانی ئێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەڵمانیا مامەڵەی ناردنەوەی 408 هەزار و 147 پەنابەری ئێراقی یەکلایی کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە جێبهێڵن، لەوانەش زیاتر لە 51 هەزاریان کوردن.
#ئاری زرار#، سەرۆکی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەرنابەرانی ئێراق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی پەنابەران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکوو 01-08-2017، ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە و ژمارەیان 101 هەزار و 29 پەرنابەر بووە و لە کۆی ئەم ژمارەیەش 10 هەزار و 44 پەرنابەر دانیشتووی ئێراق بوون کە دەکاتە 9.9% سەرجەمی پەنابەران لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵ.
سەرۆکی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەرنابەرانی ئێراق، وتیشی لەسەرەتای ئەمساڵەوە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا، مامەڵەی 408 هەزار و 147پەنابەری یەکلایی کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن لەوانەش 51 هەزار و 154 پەنابەری ئێراقین و ژمارەیەکی زۆریش لەوانە کوردی باشوورو پارچەکانی تری کوردستانن، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی پارتەکانی ئەڵمانیا بەردەوام داوای پێداچوونەوە بە یاساکانی مافی پەنابەرێتی دەکەن.
ئاری زرار، ئاماژەی بەوەشکرد، بە بیانوی نەمانی داعش لە ئێراق ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەری ئێراقی و بە تایبەت پەنابەری کورد مامەڵەکانیان ڕەتکراوەتەوە و ئەڵمانیاش تا دێت مامەڵەی لەگەڵ پەنابەران توند تر دەبێت بەتایبەت پارتەکەی ئەنجێلا مێرکڵ کە بەهۆی پێشوازی لە پەنابەران زۆرینەی دەنگەکانی لە دەستداوە و ئەم پارتە لە هەوڵی ئەوەدایە پێداچوونەوە بە کارەکانیان بکەنەوە بۆ دووبارە بە دەستهێنانەوەی متمانەی دەنگدەرانی وڵاتەکەیان، چونکە پارتەکانی دژ بە پەنابەران ڕێژەی دەنگەکانیان زیادی کردووە.
ئەو بەرپرسەی پەنابەرانی ئێراقی ڕوونیشیکردەوە، بەهۆی کردەوەی نەشیاو و ئەنجامدانی تاوان و درووستکردنی کێشە کە پەنابەران ئەنجامیانداوە، بیانو دراوەتە دەست بەرپرسانی ئەڵمانیا بۆ ئەوەی کاردانەوەی توندیان بەرانبەر پەنابەران زیاتر بێت، بەڵام بارودۆخ و گوزەرانی پەنابەران لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمێکی تر جیاوازە بە جۆرێک لە هەندێک ناوچەدا پەنابەران ڕووبەڕووی دیاردەی ڕەگەزپەرستی دەبنەوە بەتایبەت لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا و لە هەندێک ناوچەی دیکەش بە باشی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.[1]
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 08-08-2017