وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم ئارەزوومەندان لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان گەر دەیانەوێت ببن بە مامۆستا دەتوانن لە ڕێگەی فۆڕمێکەوە بە گرێبەست دابمەزرێن.
بەپێی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەروەردەی #هەولێر# کە پشتی بە نوسراوێکی وەزارەتی پەروەردە بەستووە و وێنەیەکی تایبەت بۆ دواڕۆژ نێردراوە، تێیدا ئەوەخراوەتەڕوو، بۆ سەرجەم ئارەزوومەندان لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە پسپۆڕیەکانی بیرکاری، زانستەکان، فیزیا، کیمیا، زیندەوەرزانی و زمانی ئینگلیزی، ئەوانەی دەیانەوێت ببن بە مامۆستا دەتوانن بە گرێبەست وەک مامۆستای وانەبێژ دابمەزرێن.
لە نوسراوەکە ئاماژە بەوەکراوە، ئەو دەرچوانەی کە دەیانەوێ بە مامۆستای وانەبێژ دابمەزرێن لە پرۆسەی بە ئینگلیزی کردنی هەردوو بابەتی بیرکاری و زانستەکان دەتوانن فۆڕمێکی تایبەت بە وانەبێژی پڕبکەنەوە بۆ ئەوەی ببنە مامۆستای وانەبێژ بۆ وتنەوەی ئەو دوو بابەتە بە زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانە بنەڕەتیەکان.
لە 11ی تەمموزی2017، وەزارەتی دارایی بە ڕێنمایی ژمارە 19 کە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم کراوە ڕایگەیاند، کرێی وانەبێژی بۆ ئەو مامۆستایانەی کە دانەمەزراون و لە قوتابخانەکانی سیستمی ئینگلیزی بە وانە بێژ دادەمەزرێن بەپێی بڕوانامەکانیان دەبێت بە جۆرێک هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم بۆ هەر کاتژمێرێک بڕی چوار هەزار دینارو بڕوانامەی بەکەلۆریۆس و دبلۆمی باڵای (1)ساڵ بۆ هەر کاتژمێرێک بڕی پێنج هەزار دینار و هەڵگری بڕاوانامەی ماستەر و هاوتاکەی بڕی شەش هەزار دینارو هەڵگری بڕوانامەی دکتۆراو هاوتاکەی بڕی حەوت هەزار دینار دەبێت.[1]
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 08-08-2017