یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی هەردەی زەنگەنەیە، سەربە شارەدێی #قادر کەرەم#ە.
$مێژووی گوندی قیرچە$
بەپێی بەدواچوونەکان ژیان و ئاوەدانی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 12ەم، یاخود دەوترێت سەردەمی ساسانییەکان، بەپێی زانیارەکانی سیروان عەزەدین قیرچەیی دەڵێت: (رەچەڵەکی دانیشتوانەکەی بە 15پشت دەگەنەوە بە میر نەوشیروان کە دەکاتە باوکی میر سمایلی زەنگەنە میری میرنشینی زەنگەنە و نەتەوەی کورد). هەروەها مامۆستا عەدالەت عەبدولقادر دەڵێت: (رەچەڵەکی گوندی قیرچە بە (12) پشت دەگەڕێتەوە بۆ عومەر بەگی بابەکر بەگی گەورە کە یەکێک بووە لە کوڕەکانی نەوشیروان بەگ میری هۆزی زەنگەنە.
مامۆستا عەدالەت عەبدولقادر پسپۆڕی بواری مێژوو دەڵێت: (مێژووی درووستبوونی گوندەکە دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی هۆزی زەنگەنە لە خۆرهەڵاتی کوردستان بۆ باشووری کوردستان و جێگیربوونیان لە ناوچەی گەرمیان بە سەرۆکایەتی میر نەوشیروان کە میرنشینی زەنگەنەی بووە لە گوندی #قەیتول#.
ناوی قیرچە لە چییەوە هاتووە؟
دانیشتوانی گوندەکە دەڵێن نزیکترین بۆچوون بۆ ناوی قیرچە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە بەو پێیەی قیرچە لە پێشتردا لە بناری شاخی زەنور بووە، واتە سنووری گوندەکە گەیشتووەتە قیرەکەی سەرووی گوندی #عەینکە# قیر و جەوی زۆر لە بناری شاخەوە هاتۆتە دەرەوە، بۆیە ناونراوە قیرچە.
$جوگرافیای گوندی قیرچە$
گوندی قیرچە بە نزیکی(32)کلیۆمەتر دەکەوێتە خۆرهەڵاتی باکووری قادرکەرەمەوە، لەرووی کاروباریکارگێرییەوە سەربە ئیدارەی شارەدێی قادرکەرەم و شارۆچکەی #خورماتوو# و پارێزگای #کەرکووکە#.
گوندی قیرچە کەرتی کشتوکاڵی ژمارە (80)یە، ئەم گوندە(617) مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، هەروەها دەکەوێتە هێڵی درێژی (45.05) لەگەڵ هێڵی پانی (31.4) کەمەری زەوی، ئەم گوندە هاوسنوورە لەگەڵ ئەم گوندانە: لە باکووری گوندی #گۆلباخی سەروو# لە باشوورییەوە گوندی #تەپە عارەب# و عەینکەیە لە خۆرهەڵاتی ئاوایی #سەرقەڵا# و #قادرئاوا# لە خۆراوای گوندی #مشکی بان#و هەرمۆڵەیە، ئاوایی قیرچە خاوەنی قشڵاخێکە پێی دەوترێت (قشڵاخ کۆن) لەلایەن دانیشتوانی قشڵاخەکە پێی دەوترا کانی سوور کە لەکۆندا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیان بووە. کانی و ئاوەکانی قیرچە بریتین لە کانی سەرکەل و کانی چالاو و کانی خازە و کانی زۆراب و کانی بزان و کانی ڕیقنە، لە گۆمە گەورە، گۆمەکانش بریتی بوون لە گۆمەگایەل، گۆمە ماسی.
لەسەر ئەرکی خۆیان بەنداوی ئاویان درووستکردووە، بژێوی ژیانی گوندنشینان بریتی بووە لە ئاژەڵداری لە جۆری مەڕو بزن لەگەڵ گەنم و جۆ، ساڵانە زیاتر لە دەیان تۆن بەرهەمیان هەبووە، ئەشکەوتەکانیشی پێکهاتووە لە (ئەشکەوتی وڵە شێر، ئەشکەوتی پێشمەرگەکان، سێ کونا…هتد، دەشتاییەکانی گوندی قیرچە بریتین لە ناو تاوێر، جەژنە هەوار، قەڵا چوغە، کەلهار، ئاوڕەزا، تاوێرە سوور، تەپە بۆر، دێبنە، بەرزیخ، گرد لارە، چاڵاو کەچەڵ …هتد.
$کەلتوری گوندی قیرچە$
بەپێی دیکۆمێنتی تیمەکانی شوێنەوارناسی ئێڕاق لە ساڵیی(1950)ی زاینی، سەردانی بناری شاخی #زەنوور#یان کردووە، شوێنەوارەکەیان تۆمارکردووە بەناوی(رەش تەپە)، بەپێی زانیارییەکان قەڵای ئێستای قیرچە دەکات، هەروەها لە گوندی گۆڵباخیش شوێنەوارێک هەیە بەناوی خەرابە (تل) مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 12، بەڵگەش ڕۆژنامەی ئێڕاقی ژمارە (2907) لە ساڵی21 / 11 / 1950 بڵاوکراوەتەوە بە ژمارەی ئیزبارە(689) کۆنترین شوێنەوارە لە بناری شاخی زەنوور، لەگەڵ ئەوەشدا قشڵاخێکی دیکەش هەیە بەناوی قشڵاخی کانی زەرد، هەر کاتی خۆی لە سنووری قیرچە بووە، قیرچە بە هۆکاری ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە چەند جارێک چۆڵکراوە و ئاوەدانکراوەتەوە، مامۆستا عەدالەت عەبدولقادر ئاماژە بە ساڵانی دەربەدەرییان دەکاتەوە) لە ساڵی (1900) لە سەردەمی حوکمی عوسمانییەکاندا لەلایەن هۆزی جافەوە هێرش کراوەتە سەری و داگیرکراوە، دانیشتوانەکەی ڕوویان لە سنووری بناری گل کردووە بەتایبەتی گوندەکانی (شێخ حەمید و کانی قادر و تازە شار) پاشان هەندێکیان لە گوندی (لەک هیدایەت) بوون، دواجار لە ساڵی(1931) یان (1925) یەکێک لە بنەماڵەکانی قیرچە کە ناوی (ئەحمەد ساڵح مستەفا عەبدوڵڵا) بووە، لەڕێی چەند کەسایەتییەکی ئەوکاتەی زەنگەنەوە توانیوێتی زۆربەی بنەماڵەکانی قیرچە کۆبکاتەوە و بگەڕێنەوە بۆ قیرچە.
سیروان عیززەدین قیرچەیی دەڵێت: (بنەماڵەکانی قیرچە هەموویان دەگەڕێنەوە بۆسەر یەکێک لەو 15 پشتەی بەناوی(خزر) لەگەڵ ئەوەشدا چەند بنەماڵەیەک لە قیرچە دانیشتوون بەڵام لە قیرچە دەرچوون و لەهەمان پشتی قیرچن لەوانە بنەماڵەی (چەفتە سوار و حەمید شەریف ئێستا لە گوندی هەڕێنە نیشتەجێن و بنەماڵەی هیدایەت ڕەشید ئەمین حەسەن بە بنەماڵەی (ئەمینە سە) ناسراون و بنەماڵەی شۆڕە و بنەماڵەی سەفەر. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بنەماڵەی تری ئەم گوندە بە زۆربەی ناوچە و شوێنەکانی کوردستاندا بڵاوبوونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی چەندین کەس لە گوند و شوێنەکانی ترەوە هاتوون لە قیرچە دانیشتوون.
قیرچە لە کۆندا خاوەنی چەندین کەسایەتی بووە لەوانە: (حاجی ناسر، حاجی ئەحمەد، هاپۆ مەجید، حسێن ئاغا، ڕەشید قادر هەمزە، محەمەد شەریف عوزێر، ساڵح کاکەخاس، ئەمین سەعید ناسراو بە ئەمین سیاو، مەجید ئەحمەد ئاڵتون، حاجی محەمەد، بابایی حاجی ڕەشید، محەمەد سەعید کوێخا عەوڵڵا، ڕەشید تالیب، حەمە فاتە...هتد.
دانیشتوانەکەی دەڵێن مێژووی درووستبوونی مزگەوت لە قیرچە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی(1945)ز، چەندین مامۆستای ئایینی خزمەتیانکردووە لەوانە: (مەلا مەحمود، مەلا حسێن، مەلا عوسمان، دواین مامۆستای ئایینی #مەلا عومەر ڕەشید محەمەد# بووە لە ساڵی1988 بەر شاڵاوی ئەنفال کەوت. مامۆستا مەلا عوسمان) لە ساڵی1966 بەدواوە لەرێگای وانەی ئایینی و حوجرە ڕۆڵی گەورەی بینیووە لە خزمەتکردن بەدانیشتوانەکەی، چەندین فەقێ و خوێندەواری تێداهەڵکەوتووە. سیروان عیزەدین قیرچەیی ئاماژە بۆ کردنەوەی مێژووی خوێندنگە لە گوندەکە بەم شێوە دەکات: (مێژووی درووستبوونی قوتابخانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ساڵی1970، واتە سەردەمی نوری سەعید. مێژووی خوێندنگە بە ڕەسمی لە گوندەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی(1979-1980) یەکەم مامۆستا هاتۆتە قیرچە بەناوی مامۆستا (فەرمان کەمەر) دانیشتووی شاری کەرکووک بووە، هەروەها چەندین مامۆستای دیکە ڕۆڵیان لە پەروەردەکردنی منداڵانیدا بنیووە لەوانە مامۆستا غەفور عەلی حەکیم و مامۆستا نەجات و مامۆستا ڕەحمان ئەم مامۆستایانە مامۆستای شۆڕش بوون، بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکە کاروان سەرا یان بازرگانی بچووکیان کردووە، لەوانە بۆ #قەرەداغ# و #هەورامان# و کەرکووکی کوردستان، لەوانە بەشێکیان بۆ مێژوو دەنووسم (رەشید تالیب، ساڵح کاکەخاس، ساڵح حاجی وادی، عیزەدین مام ئەمین، قادر حاجی محەمەد، حسێن مەجید) ئەمانە لە ناوچەکانی قەرەداغ و ژوورتر میوژ و ترش و جەوتیان بە کاروانی هێناوە بۆ گوندەکە و بەپێچەوانەشەوە گەنم و جۆیان بردووە بۆ فرۆشتن.
قیرچە بەپێی هەلومەرجی سەردەمەکان لە پێشکەوتن و تەکنۆلۆجیا دوانەکەوتووە لەوانە بۆ یەکەمجار تراکتۆر لەلایەن (محەمەد ئەحمەد قادر) هێنراوە بۆ قیرچە، یەکەم دوکاندار (رەشید محەمەد سەعید) بووە لەساڵانی حەفتاکان.
مۆلیدەی کارەباییش یەکەمجار لە ساڵی1981 لەلایەن (جاسم حسێن ئاغا و مستەفا ئەحمەد وادی) هێنراوە، لەدوای ئەوان بە ساڵێک واتە 1982 (مام فاتیح ئەمین) هێناوێتی بۆ قیرچە. تەلەڤزیۆنیش یەکەمجار لە ساڵی1981 لەلایەن مامۆستا فەرمان هێنراوەتە گوندەکە و لە ماڵی (حاجی ئەحمەد) بەپاتری ئیشیان پێکردووە هەروەها لەپێش ئەنفالدا ژمارەی ماڵەکان نزیکی(65) بۆ(70) ماڵ بووە.
$گوندی قیرچە لە پێشوازیی #مام جەلال#-دا$
بە هۆکاری سیاسی و سەفەرکردن لەرۆژی #15-04-1964# مام جەلال لەگەڵ هەڤاڵان #کەمال موفتی# و پێروت ئاغا وەکو ڕێگای گەشتە سیاسییەکەیان دێن بۆ قیرچە، ئەو ڕۆژە تا خۆراوابوون لە ماڵی حاجی ئەحمەد کاکە ئەمین دەمێننەوە، پێش خۆراوابوون بەپیادە و بە پارێزگاری ڕۆڵەکانی هۆزی زەنگەنە لەوانە (محەمەد نامیق مشکیبان) بەرێکران بۆ ماڵی ڕۆستەم ئاغای زەنگەنە لەخان، دواتر مام و هەڤاڵەکانی دەچن بۆ ڕووباری سیروان و پاشانیش شاری #هەمەدان#ی ڕۆرهەڵاتی کوردستان، بەلای دانیشتوانی قرچەوە سەردانی مام جەلال و هاوڕێیانی مێژووی بووە.
$قیرچە لە بەشداریی خەبات و ڕوبەڕوبوونەوەی جینۆسایددا$
هۆزی مەزنی زەنگەنە ڕۆڵی بەرچاویان لە هەموو شۆڕش و جووڵانەوە سیاسییەکاندا بینیووە، ڕۆڵەکانی قیرچە لە ڕیزی پێشەوە دێن، دانیشتووانی قیرچە لە ساڵانی(1961 تا 1974) بە هەشت پێشمەرگە لە شۆڕشی ئەیلولدا بەشداربوون لەوانە(تۆفیق ساڵح کاکەخاس) لە شۆڕش شەهید بووە. مامۆستا عەدالەت عەبدولقادر وتی: لە ساڵی1964 لە قیرچە ئاهەنگێکی گەورە بۆ نەورۆز سازکرا، هەموو بەرپرسانی سیاسی و فەرماندەکان و پێشمەرگە و دانیشتووانی ناوچەکە بەشداربوون، ئەم ئاهەنگە دەنگدانەوەی زۆر باشی هەبوو. لە ساڵی 1977 لە گوندی #ژاڵەی مەملەحە# جانتا بەدەستێک لەلایەن ڕژێمی ئێڕاقەوە دەگەڕێت لە مێژوودا بە جانتاڕەش ناسراوە، ناوی چەندین کەسی ڕێکخستن و پێشمەرگەی تێدا دەبێت، لەو جانتاڕەشەدا ناوی سێ کادر و پێشمەرگەی تێدا دەبێت، بەو هۆیەوە هێزێکی حکومەتی ئێڕاق بە فڕۆکە لە قیرچە دادەبەزن، ئەو سێ کەسە بە ناوەکانی (عەلی حاجی ڕەشید، ساڵح حاجی ناسر، تاهیر فەریق) دەستبەسەر دەکەن. بەشێک لەو پێشمەرگانەی کە لە شۆڕشی کوردستاندا بەشداربوون بریتیبوون لە (حەمە نوری ساڵح ناسراوبە (نوری گوڵناز) ڕەشە پەسە، خوڕەشید نەخش، محەمەد حەمە نوری حاجی وادی، حسێن نامیق ئەحمەد، ڕەزا عەبدولکەریم و عەبدولقادر حاجی ئەحمەد)، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەیامی شۆڕشی نوێ لە قیرچە ڕێکخستن درووست دەبێت، چەند کەسێک دەبن بە کادر و پێشمەرگە لەوانە دکتۆر ئیبراهیم خوڕەشید قیرچەیی، دکتۆر مەهداو کە دکتۆری شۆڕش بوو، کاتێکیش شۆڕش بڕیاری درووستبوونی ئەنجومەنی گوندەکان دەدات (مام فاتیح ئەمین سەعید) دەکرێتە ئەنجومەنی گوندەکە، تا ئەنفال، کاتێکیش لە ساڵی1984 هێزی پشتگیریی بۆ قیرچە دانرا، مام فاتیح ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە ئاوایی لەگەڵ نزیکەی (35) کەسی دیکە بوون بە هێزی پشتگیریی. بەپێی دواهەمین ئاماری پێش تاوانی ئەنفال، ژمارەی خانووەکانیان بریتیبووە لە(70)خانوو، ژمارەی خێزانەکانیشی بریتی بوون لە(90)خێزان. کۆی گشتی دانیشتووانی(450) کەس بووە، لە تاوانی ئەنفالیشدا لە قۆناغی سێیەمدا، قیرچە بەر پەلاماری سەربازیی بەعس دەکەوێتەوە و (57) کەسیان لێ بێسەرو شوێن دەکرێت، لەگەڵ (5)کەسی تر کە بۆ میوانی چووبوونە گوندەکە ئەوانیش ئەنفالکران.
نزیکەی 15 شەهیدی سەنگەری هەیە، پێشمەرگە پارتیزانەکانی یەکێتی هەر لەو ساتەدا بە سەرکردایەتی #سەید جەوهەر# و هاوڕێیانی بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە بڕیاری مانەوەیان بەشێوەی پارتیزانی دا و ڕووبەڕووی بەعس و تاوانی ئەنفال بوونەوە. لە قیرچە ئەشکەوتێک هەڵدەبژێرن بۆ مانەوەیان دواتر لە خۆشەویستیان بۆ سەید جەوهەر و هاوڕێ پارتیزانەکانی ئەو ئەشکەوتە دەناسرێت بە ئەشکەوتی پێشمەرگە.
لە دوای ڕاپەرینی ساڵی (1991) دووبارە لەلایەن دانیشتووانی گوندەکەوە بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوەدان کرایەوە و یەکەم خانوو لەلایەن شەهید ڕەحمان کۆپتەر درووست کرا.
لە قیرچە کۆمەڵێک پڕۆژە جێبەجێ کراوە لەوانە کارەبای نشتیمانی لە ساڵی(2018)، ئێستا گرنگترین داواکارییان بریتییە لە قیرتاوکردنی ڕێگەی گوندی قەیتول_#حەسەن کەنۆشە# کە نزیکەی (10) گوند لێی سوومەند دەبێت.[1]